کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرگرتنی پارە، گوندەکانی ناوچەی مەریوانیشی گرتەوە

13:54 - 9 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: داوای پارە لە قوتابییانی دوو قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندیی گوندی \'\'ولەژێر\'\' لەلایەن بەرپرسانی قوتابخانەوە کراوە.


بەپێێ راپۆرتی کوردستان میدیا، قوتابییانی ئەو دوو قوتابخانەیە بە شێوەی دوو شیفتی لە یەک بینادا دەخوێنن کە بە هۆی خراپی و ناستانداری، پێویستیی بە نۆژەنکردنەوە هەیە و بەرپرسانی رێژیمی ئێران لەمەڕ نۆژەنکردنەوەی بینای قوتابخانەکە داوای پارەیان لە قوتابییان کردووە.
٣ میلیۆن تمەن بڕە پارەیەکە کە بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەی \'\'ولەژێر\'\' دیاری کراوە، بەڵام بەهۆی تەرخان نەکردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن دەوڵەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و بەتایبەت ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو رێژیمەوە، بەرپرسانی قوتابخانە بە زۆرەملێ ئەو بڕە پارەیە لە قوتابییان وەردەگرن.
ئەمە لە کاتێک دایە کە قوتابییانی ئەو گوندە پارەی فەڕاش و سەرایەتداری قوتابخانەکەش بۆ خۆیان دابینی دەکەن.
ساڵی رابردووش بەرپرسانی دوو قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندیی گوندی \'\'ولەژێر\'\' بە بیانووی کڕینی شۆڤاژ پارەیان لە قوتابییان وەرگرتبوو.
پێشتریش کوردستان میدیا هەواڵی وەرگرتنی بە زۆرەملێی پارەی لە قوتابییانی گوندی \'\'گردکشانە\'\'ی پیرانشار و قوتابییانی قوتابخانەی شەوانەڕۆژیی \'\'قشڵاخی پرد\'\'ی لە ناوچەی سەقز بڵاو کردبووەوە.
گوشاری ئابووری و کەمیی داهات و دەست کورتیی زۆربەی بنەماڵەکان لەمەڕ دابینکردنی ئەو بڕە پارەیە و لە ئەنجامدا وازهێنان لە خوێندن، سیاسەتێکە کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران چەندین ساڵە لە کوردستانی ئێراندا گرتوویەتە بەر و بە شێوەیە دەیهەوێ ئاستی خوێندەواریی نەتەوەی کورد کەم بکاتەوە.
بەپێی بەندی یەکی ماددەی ٢٦ی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ بۆ پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر و گشتگیر، هەموو کەسێک مافی پەروەردە و فێربوونی هەیە و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لانیکەم دەبێ پەروەردەی سەرەتایی و بنەڕەتیی بێ بەرانبەر بۆ هاووڵاتییان تەرخان بکات.
بەشی \'\'ئەلف\'\' لە بەندی ٢ی ماددەی ١٣ی جاڕنامەی جیهانیی مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و پەروەردەی بێ بەرانبەر، کە ئێران ساڵی ١٣٥٤ ناوەڕۆکی ئەو جاڕنامەیەی پەسند کردووە، دەڵێت: پەروەردە و بارهێنانی سەرەتایی دەبێ ئیجباری و بەبێ بەرانبەر بێت و تێکڕای کۆمەڵگا بە ئاسانی بتوانن لێی بەهرەمەند بن.
هەروەها له بەندی دووهەمی ئەسڵی سێیەمی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە: دەوڵەت ئەرکدارە تێکڕای ئیمکاناتی پەروەردە و بارهێنان بۆ هەموو ئاست و قۆناغەکانی خوێندن دابین بکات و هەروەها لە ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە، دەوڵەت ئەرکدارە پێداویستییەکانی پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر بۆ هەموو خەڵک هەتا کۆتایی قۆناغی دواناوەندی دابین بکات و خوێندنی باڵاش هەتا ئاستی خۆبژیویی وڵات بە شێوی بێ بەرانبەر پەرە پێ بدات.