کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرگەڕانی مینی‌بووسی کرێکارانی بۆکانی ١٦ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

22:12 - 29 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: لە رووداوێکی هاتوچۆدا، دوو کرێکاری کورد بەهۆی وەرگەڕانی ماشێنێکی جۆری مینی‌بووس کە بەرەو میاندواو لەرێگادابوو، گیانیان لە دەستدا.

بەپێی راپۆتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مینی‌بووسی گوندی قرووچای خوارووی سەربە شاری بۆکان لە نزیکی مەلەکان وەرگەڕایەوە.

راپۆرتەکان باس لەو دەکەن کە ١٦ کەس لە مسافیرانی مینی‌بووسی گوندی قرووچای خواروو کە کرێکارانی کوردی سێوڕن بوونە بەهۆی ئەو رووداوە کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو، بەهۆی ئەو رووداوەوە رەحمان قوڵقوڵە و ژنێکی خەڵکی میرئاوای بۆکان کە شوناسی ناڕوونە گیانیان لەدەست داوە و ١٤ کەسی دیکەشیان بریندار بوونە کە دۆخی جەستەییان نالەبار راگەیندراوە.

لەم پێوەندییەدا لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵیشدا، زیاتر لە ٢٠ کەس لە کرێکارانی خەڵکی گوندی دەرەدرێژ(شارەکی مەهدیە)ی کرماشان کە بۆ کاروباری کشتوکاڵ بەرەو مەزراکانی بەشی کوزەران دەڕۆییشتن، تووشی رووداوی هاتوچۆ بوون و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٢٠ کەسیان گیانیان لە دەستدا.

ساڵانە نیوان ٢٠ هەتا ٣٠ هەزار کەس لە ئێران بەهۆی رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە، بەڵام بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران هیچ هەوڵێکیان بۆ ستاندارد کردنی جاددەکان نەداوە.