کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگاکانی سنە و کرماشان زیاترین نرخی بێکارییان لە ئێراندا هەیە

15:04 - 15 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: پاش پارێزگای لوڕستان بە ١٨.٩% نرخی بێکاری، دوو پارێزگای سنە و کرماشان بە نرخی ١٦.١% و ١٥.٩%، بە ریز پلەی دووهەم و سێیەمی نرخی بێکارییان لە ئێراندا هەیە.
ناوەندی ئاماری رێژیمی ئێران لە راپۆرتێکدا نرخی بێکاریی لە ئێران و پارێزگاکانی ئێران بە جیاجیا بڵاو کردووەتەوە، کە پارێزگا کوردنشینەکان زیاترین پشکی بێکارییان لە پاییزی ئەمساڵ بەر کەوتووە.
بەپێی ئەم ئامارە نرخی بێکاری لە سێ پارێزگای کوردستانی ئێران (کرماشان، سنە و ئورمیە) لە پاییزی ئەمساڵی ١٣٩٢ لەهەمبەر هاوینی ئەو ساڵە بەرێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەپێی ئەم ئامارە کە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە، نرخی بیکاری لە پارێزگای سنە لە ١٣.٤%ـەوە لە هاوینی ئەمساڵ بۆ ١٦.١% لە پاییزی ئەمساڵ زیادی کردووە.
نرخی بێکاریی پارێزگای کرماشان لە هاوینی ئەمساڵ ١٠.٥% بووە کە لە وەرزی پاییزدا بۆ ١٥.٩% زیاد بوونی بەخۆوە بینی و هەروەها نرخی بێکاری لە پارێزگای ئورمیەش ٤.٨% زیاد بوونی بە خۆوە بینیوە.
رێژەی نێونجیی نرخی بێکاریی پارێزگاکانی کوردستانی ئێران لە وەرزی پاییزی ئەمساڵەدا ١٣.٦%ـە کە لەهەمبەر نرخی ١٠.٣%یی نرخی بێکاری لە ئێران ٣.٣%ی زێدەترە.
بەپێی ناوەندی ئاماری رێژیمی ئێران، ١٠.٣%ی خەڵکی کارا و چالاکی ئێران واتە ٢ میلیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس بێکارن کە ئەو رێژەیە بە نیسبەت رێژەی نێونجیی نرخی بێکاریی پارێزگاکانی کوردستانی ئێران ٣.٣% کەمترە.
پارێزگای لوڕستانیش بە ١٨.٩%، زیاترین نرخی بێکاریی لە نێو هەموو پارێزگاکانی ئێراندا هەیە کە ئەو نرخە لەهەمبەر هاوینی ئەمساڵ ٤.٢% زیادی کردووە.
بەپێی ئەم ئامارانە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران بەگشتی، بە پێچەوانەی زۆربەی پارێزگاکانی ئێران وەکوو تاران و ئەسفەهان، رێژەی نرخی بێکاری زیادی کردووە و ئەمەش نیگەرانیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.
ئاماری نرخی بێکاری کە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بڵاو دەبێتەوە، بەهۆی سەربەخۆ نەبوونی ئەو ناوەندە و نەبوونی دەزگایەکی ئامارگیریی سەربەخۆ، ئەو نرخە دەشێ لەو رێژەیە زێدەتر بێت.