کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگای سنە/ مردن و بریندار بوونی زیاتر لە ٢ هەزار و ٣٠٠ هاووڵاتیی بە هۆی رووداوی هاتوچۆ

13:54 - 3 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆ لە ماوەی ٥ مانگی سەرەتایی ئەمساڵدا، نزیک بە ٢ هەزار و ٢٠٠ هاووڵاتیی بریندار و ١٥٠ کەسی دیکەش گیانیان لە دەست‌داوە.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و پشت بەستن بە ئاماری پزیشکی یاسایی پارێزگای سنە، بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆ لە پارێزگای سـنە لە ٥ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٢ هەزار و١٨٦هاووڵاتیی بریندار بوون.

ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٣٣ هاووڵاتیی بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆ لە جاددەکانی پارێزگای سنە گیانیان لە دەست‌داوە.

بەپێی ئامارەکان، لە مانگی خاکەلێوە، بانەمەڕ، جۆزەردان و پووشپەڕدا بەریز ٢٥، ٢٧، ٥٣ و ٢٨هاووڵاتیی بە هۆی رووداوەکانی هاتوچۆو گیانیان لە دەست‌داوە.

لە زۆربەی مەسیر وجاددەکانی ئێران، بە تایبەت ناوچە کوردنشینەکان، رێگەوبانی ناستانداراد ونەبوونی تابلۆکانی ئاگادارکردنەوە لە جاددەکان دەبێتە هۆکاری روودانی رووداوی هاتوچۆ، ئەوەش لە کاتێک دایە کە بەرپرسانی پێوەندیدار بە بیانووی نەبوونی بوودجە هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری ئەو کێشانە هەڵناگرن.

لە حاڵێکدا کە رۆژانە هەواڵی رووداوەکانی هاتوچۆ لە جاددەی شارە کوردنشینەکانی ئێران بڵاو دەبێتەوە، بەڵام بەرپرسانی رێژیمی ئێران لەو بارەیەوە بۆ نۆژەنکردنەوەی جاددەکان هیچ هەنگاوێک هەڵناگرن.

هاتوچووی ماشێنە بارهەڵگر و تانکەرە نەوتییەکان لە جاددەکانی مەریوان، سـنە، کامیاران و کرماشان بووەتە هۆی ئەوە کە دۆخی ئەم رێگا و بانانە مەترسیدار بێت ولە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا هەتا ئێستا نۆژەن نەکراوەتەوە و ئەم مەسەلەیە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر روودانی رووداوە پێوەندیدارەکان بە هاتوچۆوە هەیە.