کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی نوێنەری حیزبی دێموکرات و شاندی پەیوەندییەکانی حیزبی کرێکارانی نوروێژ

20:04 - 20 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: عەزیم ئەلیاسی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێڕان لە وڵاتی نوروێژ لەگەل شاندی پەیوەندییەکانی حیزبی کرێکارانی نوروێژ چاوپێکەوتنی کرد.

بەپێی راپۆرتی مالپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٧ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، عەزیم ئەلیاسی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێڕان لەگەل شاندی پەیوەندییەکانی حیزبی کرێکارانی نوروێژ، چاوپێکەوتنیان کرد.

لەو چاوپێکەوتنەدا، باس لەسەر بۆچوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و رۆڵی مەترسیداری ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە عێراق و سووریە و تواناکانی حیزبی دیمۆکرات لە بواری تەشکیلاتی و نیزامیی و داهاتووی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێران و بەردەوامی پەیوەندییەکانی هەر دوو حیزب کرا.

بە بڕوای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نەبوونی دێموکراسی و ئازادی لە وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها یارمەتیدانی زۆرێک لەم وڵاتانە بە گروپە توندڕەوەکان، دەرفەتی بۆ ناکۆکی و هەڵگیرسانی شەڕ پێکهێناوە و رێزنەگرتن لە پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبییەکان لەلایەن نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکە بەشێکی گرینگی ئەو هۆکارانەن کە بوونەتە رێخۆشکەر بۆ ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە وەک پەراوێز خستنی نەتەوەکانی کورد، بەلوچ، ئازەری، عەرەب و تورکەمەن لە ئێران. تۆڵەکردنەوەی لایەنی شیعە لە سوننەکانی عێراق، زوڵم و زۆری لە رادەبەدەری بەشار ئەسەد لە پێکهاتەی کورد و سوننەی سوریە و هەروەها بێ مافیی نەتەوەی کورد لە تورکیە.

لە پەیوەندی لەگەڵ رۆڵی رێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە، باس لەوە کرا کە ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێک دەستێوەردانی ئەم وڵاتە لە وڵاتانی عێراق و سووریە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبیندرێت.
رێژیمی ئێران لە لایەکی دیکەوە هەرچەند وا دەنوێنێ کە دۆستی هەریمی کوردستانە، بەڵام بە کردەوە کار بۆ لاوازی یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان و هەروەها دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەکات.

شاندی نوروێژی زۆریان پێ باش بوو کە ئەم جۆرە پەیوەندی و دیدارانە بەردەوام بن و بەڵێنی ئەوەیان دا کە لەسەر جموجوڵەکانی رێژیمی ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان چ وەک حیزب و چ لە ئاستی هاوپەیمانەکاندا کاری لە سەر بکەن و بەڵێنی ئەوەشیان دا کە کۆبوونەوەیەک بۆ لقی نوروێژی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە ئاستی پارلەماندا رێک بخەن.

ژوان. ک