کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنێکی رێژیمی ئێران لەگەڵ گرووپی ١+٥ بەهۆی بەرەوپێش‌نەچوونی دانووستانەکان هەڵوەشێندرایەوە

16:29 - 5 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی فەڕانسە لەگەڵ هاوتاکانی خۆی لە کۆبوونەوەی دۆینێ‌دا کە بڕیار بوو لەگەڵ رێژیمی ئێران بەڕێوەبچێت بەشداریی نەکرد.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی فەڕانسە، لۆران فابیۆس رۆژی هەینی رێکەوتی ٤ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی لە کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەتا ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاومان لە دانووستانە ناوکییەکاندا نەبووە.

هەڵوەشاندنەوەی چاوپێکەوتنی رۆژی هەینی لە نێوان نوێنەرانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و گرووپی ١+٥ لە کاتێکدا بووە کە دیپلۆماتەکان پێشتر رایانگەیاندبوو کە ئەو چاوپێکەوتنە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

هەوڵوەشاندنەوەی ئەو چاوپێکەوتنە لە کاتێکدایە کە تەنیا دوو مانگ بۆ کۆتایی کاتی دیاریکراو بۆ رێکەوتنێک لەگەڵ رێژیمی ئیسلامیی ئێران ماوەتەوە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی فەڕانسە مەبەست لەو دانووستانە لەگەڵ رێژیمی ئێرانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە متمانەی تەواو پەیدا بکەن کە رێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ناگات و نیگەرانی خۆی لەمەڕ بە ئەنجام نەگەیشتن لە دانووستانەکان دەربڕی.

پێنج ئەندامی هەمیشەیی شۆرای ئاسایش و دەوڵەتی ئاڵمان گەیشتن بە ئەنجام و رێکەوتنێک لە خولی دانووستانەکانی دیکە دوور لە چاوەڕوانی دەزانن.