کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار هاووڵاتیی عەرەبی ئەهواز، سزای زیندانیان بەسەردا سەپا

18:28 - 23 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: دادگای ئینقلابی رێژیم حوکمی زیندانی هەتاهەتایی و سزای ٢٠ ساڵ زیندانی پاش دوو ساڵ و ٧ مانگ دەسبەسەرکران، بەسەر چوار چالاکی عەرەبی ئەهوازدا داسەپاند.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان میدیا، حەسەن عیبیات تەمەن ٣٦ ساڵ، خالید عوبەیداوی تەمەن ٢٩ ساڵ، عەیدان بەیت سەییاح تەمەن ٣٧ ساڵ و جاسم ساعیدی تەمەن ٣٠ ساڵ، ناوی ئەو ٤ چالاکەیە کە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ئەهوازەوە بە تۆمەتی \'\'دژایەتیی خوا و پێغەمەر و تاوان لەسەر گۆی زەوی، پێکهێنانی دامەزراوەی دژبەری رێژیمی ئیسلامی، پێوەندی لەگەڵ دەرەوەی وڵات و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\'\' سزای زیندانییان بەسەردا سەپاوە.

ئەو چوار چالاکە عەرەبە خەڵکی شاری حەمیدیەی ئەهوازن کە مانگی ژانوویەی ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمەوە دەسبەسەر کران.

حەسەن عیبیات زیندانی هەتاهەتایی، عەیدان بەیت سەیاح ١٠ ساڵ زیندان، جاسم ساعیدی و خالید عوبەیداوی هەر کام بە ٥ سال زیندان سزا دراون.

ئەو چوار چالاکە ماوەی زیاتر لە ١١ یانزە مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم لەژێر دژوارترین ئەشکەنجەکاندا بوون.

چالاکانی عەرەبی ئەهوازی دەڵێن: ئەو چوار چالاکە فەرهەنگییە لە سیناریۆیەکی وەزارەتی ئیتلاعاتدا کە ساڵی ٢٠١٢ لە تەلەفزیۆنی رێژیمدا بڵاو بووەوە، ناچار کران دان بە تۆمەتی دروستکراودا دابنێن.

تۆمەتی ئەو چوار چالاکە عەرەبە \'\'تیرۆر و بریندارکردنی دوو ئەندامی بەسیج\'\' راگەیەنرا کەلە دادگایی کردنەکەیاندا ئەو تۆمەتانەیان رەت کردەوە.