کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چیای شەمشی لەلایەن پاسگایەكی سەر بە نەوسوودەوە ئاگری تێپەردرا

15:50 - 10 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: هێزەكانی سەر بە پاسگای رلە ئاگریان لە دارستان و لێرەوارەكانی چیای شەمشی لەناوچەی نەوسوود بەردا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی كوردستان میدیا، پاسگای (رلە) لە بەرزاییەكانی شاری نەوسوود ئاگریان لە شاخی (شەمشی) بەردا و رووبەرێكی زۆری ناوچەكە لە ئاگردا سووتا.

ئەو ئاگرە لەلایەن لاوانی شاری نەوسوود بە هاوكاری ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای شاری مەریوان كۆنترۆڵ كراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا موختار خەندانی یەكێك لەچالاكانی ژینگە پارێزی بە هۆی دووكەڵ و تینی لەرادەبەدەری ئاورەكە باری تەندروستی تێكچووبوو و رەوانەی نەخۆشخانە كرابوو.

ماوەیەكە ئاگركەوتنەوە و زۆرجاریش سووتاندنی بە ئەنقەستی دارستانەكانی كوردستان رووی لەزیاد بوون كردووە و ئەوەش مەترسییەكەی گەورەیە بۆ سەر ژینگەی كوردستان.

ناوچەكانی مەریوانیش لەو ئاگركەوتنانە بێبەری نەبووە و دوایین حاڵەتی سووتاندنی ژینگە و سروشتی مەریوان دەگەڕێتەوە بۆ چەند رۆژ لەمەوبەر كە زیاتر لە ٣٠٠ هێكتار لە دارستان و لەوەڕگەكانی چیای فەیلەقووسی گوندی دارسێران بەدەستی كەسێكی سەربە رێژیمی ئێرانەوە لە ئاگردا سووتا.

لەو پێوەندییەدا ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە ئامارێكدا بڵاوی كردۆتەوە لە ماوەی ٥ مانگی رابردووە هەتا ئێستا لەشاری مەریوان و سەوڵاوا، نزیك بە ٩٠ حاڵەتی ئاگركەوتنەوە رووی داوە.