کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێبوارانی ڕێبازی شەهیدان سەردانی شوێنی حەماسەی قەرەسەقەڵیان کرد

18:03 - 5 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: پۆلێک لە ئەویندارانی رێبازی پڕسەروەری شەهیدان و ڕێبواری ڕێبازیان بۆ پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدانی قەرەسەقەڵ سەردانی گوندی قەرەسەقەڵیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند ڕۆژ لەمەو پێش پۆلێک لە تێکۆشەرانی دێموکرات و ڕێبوارانی ڕێبازی پڕسەروەری شەهیدان، سەردانی شوێنی حەماسەخوڵقێنی قارەمانانی دێموکرات لە گوندی قەرەسەقەڵی شنۆیان کرد.

لەم سەردانەدا وێڕای دانەواندنی سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی قەرەسەقەڵ، پەیمان و بەڵێن بە ڕێبازی پڕسەروەری شەهیدان و بەتایبەت شەهیدانی قەرەسەقەڵ دووپات و نوێ کرایەوە.

لە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی دەستەیەک لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکی سیاسی و تەشکیلاتی لە ناوچەی شنۆ بوون، بۆ پشوودان ڕوویان کردە گوندەکانی قەرەسەقەڵ و سەرگیز کە کەوتنە بەر پەلاماری هێزەکانی ڕێژیم و ناچار بە بەرگری لە خۆیان بوون و لە ئاکامدا شەڕ و تێکهەڵچوونێکی قورس و خوێناوی ڕووی دا کە بۆ ماوەی ١٠ کاتژمێری خایاند. لەو تێکهەڵچوونەدا چەند پێشمەرگەی گیان لەسەر دەستی حیزب پاش شەڕێکی قارەمانانە شەهید بوون و بە دەیان کەس لە فەرماندە و جاش و پاسداری ڕێژیم کوژران و بریندار بوون. هێزەکانی ڕێژیم بە دڕندانەترین شێوە کەوتنە وێرانکردنی ماڵ و موڵکی خەڵک لە گوندی قەرەسەقەڵ و زیانێکی زۆریان بە موڵک و ماڵی خەڵک گەیاند.