کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژاوەرۆی سنە/ بەردەوامی داخرانی قوتابخانەکان و بەرزبوونەوەی رێژەی وازهێنان لە خوێندن

22:59 - 29 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: لە درێژەی داخرانی قوتابخانەکان لە گوندەکانی کوردستان، قوتابخانەکانی دواناوەندیی گوندی گەلێنی سەربە شاری سـنە داخروان و زۆربەی قوتابییانی ئەو قوتابخانانە بە ناچاری وازیان لە خوێندن هێناوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، قوتابخانەکانی قۆناغی دواناوەندیی کچانە و کوڕانەی گوندی گەلێن داخراون و تەنیا لە پۆلی یەکەمی دواناوەندیدا قوتابی ناونووسی دەکەن.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی گەلێن سەرەڕای پشت‌راست کردنەوەی ئەم هەواڵە، بە هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: قوتابخانەکانی دوا ناوەندیی کچانە وکوڕانە بۆ پۆلی دووهەم و سێیەمی دواناوەندیی بۆ ساڵی تازەی خوێندن هیچ قوتابییەک ناونووسی ناکەن.

ئەو هاووڵاتییە هەروەها رایگەیاند: بەهۆی کۆکردنەوەی قوتابخانەکانی قۆناغی دواناوەندیی گوندی گەلێن زۆربەی قوتابیانی ئەو گوندە بەتایبەت کچان وازیان لە خوێندن هێناوە.

ئەو هاووڵاتییە لە درێژەدا وتی: بەهۆی نەبوونی داهات، دانیشتوانی ئەو گوندە توانای ئەوەیان نییە منداڵەکانیان بۆ شارەکان بنێرن تا درێژە بە خوێندن بدەن.

بەپێی راپۆرتەکان سەرەڕای کەمیی داهات، ناستانداردبوونی رێگەوبانی گوندی گەلێن یەکێکی دیکە لە کێشە سەرەکییەکانی دانیشتوانی گوندی گەلێنە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو هاووڵاتییانە لەبەر مەترسیی گیانی کوڕ و کچەکانی خۆیان بۆ درێژەدان بە خوێندن لە قوتابخانەکانی شاری سنەدا ناونووسی بکەن.

لەو پیوەندییەدا و بەپێی راپۆرتەکان، قوتابخانەکانی قۆناغە جیاوازەکانی خوێندن لە زۆربەی گوندەکانی ناوچەی ژاوەرۆی سـنە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا داخراون و ئەوەش بەرزبوونەوەی رێژەی نەخوێندەواری و واز هێنانی قوتابیان لە خوێندن لەو گوندانەی لێکەوتووەتەوە.

هەروەها لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا زۆربەی قوتابیانی کچی گوندەکانی دەرەکی و دەمەیۆی سەربە شارستانی مەریوان و گوندی کڵاش هۆش سەربە ناوچەی جوانڕۆ و زۆربەی گوندەکانی کوردستان لە شارەکانی پیرانشار، بانە، سەوڵاوا، شنۆ و چەندین شاری دیکە لە کوردستانی رۆژهەڵات بەهۆی نەبوونی قوتابخانە و ئیمکاناتی پەروەردە و فێرکردن وازیان لە خوێندن هێناوە.

سیاسەتی رێژیمی ئێران لەو پێوەندییەدا، بە دابین نەکردنی خزمەتگوزاریی پەروەردەیی و قوتابخانە لە گوندەکان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە چوارچێوەی وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ لە قوتابییان خۆی نیشان داوەو رێژیمی ئێران بەو جۆرە دەیهەوێ کە قوتابیان واز لە خوێندن بێنن و رێژەی خوێندەواری لە ناوچە کوردنشینەکان کەم بکاتەوە.

بەپێی بەندی یەکی ماددەی ٢٦ی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ لە پێوەندی لەگەڵ پەروەردە و فێرکردنی بەخۆڕایی و گشتیی، هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا مافیان هەیە لە پەروەردە و فێرکردنی خۆڕایی کەڵک وەرگرن و ئیدارەی پەروەردە و فێرکردن لانیکەم دەبێت فێرکردنی سەرەتایی بۆ هاووڵاتییان دابین بکات.

لە بەشی ئەلفی بەندی دووهەمی ماددەی ١٣ی جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافی ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و پەروەردە و فێرکردنی خۆڕایی کە ئێران ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی ئەو جاڕنامەیەی واژۆ کردووە هاتووە: پەروەردە و فێرکردن دەبێ ئیجباریی و بەخۆڕایی بێت و کۆمەڵگا دەبێ بە ئاسانی بتوانێت کەڵکی لێوەربگڕیت.

هەروەها لە بەندی دووی ئەسڵی سێیەمی یاسای بنەڕەتی رێژیمی ئێرانیشدا هاتووە که ئەرکی سەر شانی دەوڵەتە تەواوی ئیمکاناتی پەروەردە و فێرکردن لە هەموو ئاست و قۆناغەکانی خوێندن دابین بکات و هەروەها لە ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتی‌دا هاتووە که دەوڵەت ئەرکی سەر شانیە پێداویستییەکانی پەروەردە و فێرکردنی بەخۆرایی بۆ هەموو خەڵک هەتا کۆتایی قۆناغی دواناوەندیی دابین بکات و لە خوێندنی باڵاش هەتا ئاستی خۆبژیوی وڵات دەبێت بەخۆڕایی بێت.