کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەک لە چالاکانی عەرەبی ئەهوازی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کران

17:27 - 14 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران به هێرش بردنەسەر یەکێک لە ناوچە سوننەنشینەکانی ئەهواز، چەند هاووڵاتییەکی عەرەبیان دەستبەسەر کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەری کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٧ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران ‌هێرشیان کردووەتەسەر ناوچەی کوت عەبدوڵڵای ئەهواز و ژمارەیەک لە چالاکانی عەرەبی ئەهوازییان دەستبەسەر کردووە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون، لە چالاکانی سیاسی و مەزهەبی دانیشتووی کوڵانەکانی شکارەی ١ و٢، کوڵانی دەرویشیە، کوڵانی کانتکس و کوڵانی نەسری ناوچەی کوت عەبدوڵڵای شاری ئەهواز بوونە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون.

شوناسی هەندێک لەو کەسانە دەستبەسەر کراوان مەهدی مەجدەم، تورکی ئالبۆخنفر، ئەمین زەبیدی و عەلی زەهیری راگەیەندراوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە دەستبەسەرکرانی چالاکانی ئەهوازی سەرەڕۆیانە و بەشێوەی دڕندانە و بە بێ مۆلەتی یاسایی ئەنجام دراوە و مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات لەسەر درگا و دیوارەوە چوونەتە ماڵی ئەو هاووڵاتییانە و دەستبەسەریان کردوون.