کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەی بریندارەکانی بوومەلەرزەی پارێزگای ئیلام لە ٢٥٠ کەس تێپەڕی

16:48 - 28 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: بوومەلەرزیەک بە گوژمی ٦،١ بە پێوەری ریشتەر لە پاریزگای ئیلام زیاتر لە ٢٥٠ برینداری لێ کەوتەوە.

هەواڵدەرییە نێوخۆیی‌یەکان بڵاویان کردەوە، سەر لە بەیانیی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، بوومەلەرزەیەک بە گوژمی ٦،١ بە پێوەری ریشتەر لە سێ کیلۆمیتریی بەخشی موورمووری، هەڵکەوتوو لە ٣٦ کیلۆمیتریی مووسیان و ٤١ کیلۆمیتریی شاری دێهلۆران لە پارێزگای ئیلام رووی دا.

ئەو بوومەلەرزەیە لە پارێزگاکانی ئیلام، لوڕستان، ئەهواز و کرماشان لە رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای ئێران هەست پێ کراوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، بوومەلەرزەی رۆژی دووشەممە کەلە پارێزگای ئیلام رووی داوە، زیاتر لە ٢٥٠ کەس برینداری لێکەوتووەتەوە.

پچڕانی ئاو و بەرق و داخرانی رێگەوبان لە زیانەکانی دیکەی ئەو بوومەلەرزەیە راگەیەنراوە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە گوندەکانی پارێزگای ئیلام زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە و هەتا ئێستا هیچ ئامارێک لە ژمارەی قوربانییانی گوندەکانی ئەو پارێزگایە بڵاو نەکراوەتەوە.