کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کامیاران/ پێدانی رێسیڤێری دیجیتاڵی بەرهەم‌هێنراوی رێژیم بە هاووڵاتیان لەبەرانبەر وەرگرتنی ماهوارەکانیان

20:42 - 31 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن سپا و ئیتلاعاتی رێژیمەوە لە شارستانی کامیاران‌بڵاو کراوەتەوە، لە هاووڵاتیانی ئەو شارە داوا کراوە کە ماهوارەکانیان رادەستی رێژیم بکەن و بە جێگای ماهوارەکانیان رێسیڤێری دیجیتاڵی رێژیم وەربگرن.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەو راگەیندراوەدا کە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی بڵاو کراوەتە رێژیمی ئێران لە هاووڵاتیانی شاری کامیاران داوای کردووە کە بە زووترین کات دەزگای وەرگری ماهوارەکانی خۆیان رادەستی بنکەکانی پێوەندیداری رێژیم بکەن.

بەپێی ئەو راگەیندراوە، دەزگا دیجیتاڵییەکانی رێژیم، کاناڵە ماهوارەییەکانی سەر بە رێژیم و پارێزگاکانی ئێران بڵاو دەکەنەوە.

دوای چەند ساڵ کە پرۆژەی کۆکردنەوەی ماهوارە بە هیچ دەرئەنجامێک نەگەییشت، رێژیمی ئێران بە هاوکاریی رێکخراوی دەنگ و رەنگ لە هەوڵی ئەوە دایە که بە پیلانێکی نوێ لە دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتیان بە هەواڵ و زانیاریی میدیا جیهانییەکان پێش بگرێت.

پێدانی بەخۆڕایی رێسیڤێری دیجیتاڵی بە هاووڵاتیان لە کاتێک دایە کە رێژیمی ئێران بۆ فرۆشتنی ئەو دەزگایانە؛ پڕۆپاگەندایەکی بەرینی بۆ ماوەیەکی دریژخایەن لە دەنگ و رەنگ بەڕێوە برد کە دواتر بەهۆی پێشوازی نەکردنی هاووڵاتیان لەو بەرنامەیە، رێژیمی ئێران چووە ژێر باری تێچوویەکی زۆری و دواتر رووی کردووەتە ئەوەی که ئەو دەزگایانە بەخۆڕایی بداتە بە خەڵک.

لەو پێوەندییەدا، بڵاوکردنەوەی بە خۆڕایی رێسیڤێری دیجیتاڵی هاوکات بووە لەگەڵ پەرەپێدان و گەشەپێدانی هەواڵدەرییە نێوخۆیی‌یەکان، وەرگرتنی مافی کڕین و بڵاو کردنەوەی فیلمە سینەمایی‌و سڕیاڵە تەلەفزیۆنییەکان لە کاناڵی پارێزگاکان و کاناڵە نێوخۆیی‌یەكانی رێژیم کە هەوڵێکە بۆ سنووردار کردنی دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتیان بە میدیا نێودەوڵەتییەکان.