کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کامیاران/ پێشوازی نەکردنی هاووڵاتییان لە گەڵاڵەی وەرگرتنی رسیڤێری دیجیتاڵیی رێژیم

16:09 - 1 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: پێشوازی نەکردنی هاووڵاتیانی شاری کامیاران لە گەڵاڵەی رادەستکردنەوەی ماهوارەکانیان بە رێژیم و وەرگرتنی رسیڤێری دیجیتاڵی بووە هۆکاری ئەوەیکە هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم بە هێرش بردنەسەر ماڵی هاووڵاتییان ماهوارەی هاووڵاتییان کۆ بکەنەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری کامیاران دوای ئەوەیکە هاووڵاتییان پێشوازیان لە گەڵاڵەی رێژیم لەمەڕ رادەست کردنەوەی ماهوارەکانیان بە رێژیم نەکرد و لەبەرانبەردا رسیڤێری دیجیتاڵی رێژیم وەربگرن، ماهوارەی هاووڵاتییانی کۆ کردەوە.

هێزە ئینتیزامییەکانی رێژیمی ئێران بە هێرش‌بردنە سەر گەڕەکەکانی جاددەی کەمەربەندی و دەرووبەری پارکی مەلەوی کورد بە شێوەیەکی بەرین ماهوارەی هاووڵاتییانیان کۆ کردەوە.

چەند رۆژ لەمەوبەر لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن سپا و ئیتلاعاتی رێژیمەوە لە شارستانی کامیاران‌بڵاو کرابووەوە، لە هاووڵاتییانی ئەو شارە داوا کرابوو کە ماهوارەکانیان رادەستی رێژیم بکەن و بە جێگای ماهوارەکانیان رێسیڤێری دیجیتاڵیی رێژیم وەربگرن.

هاووڵاتییەکی کامیارانی سەبارەت بە گەڵاڵەکەی رێژیم بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند که هاووڵاتییان پێشوازیان لەو گەڵاڵەی رێژیم نەکردووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە رێژیم بە هێڕش بردنەسەر ماڵی هاووڵاتییان ماهوارەکان کۆ بکاتەوە.