کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤ کرێکاری کوردستانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان بوونە قوربانی

15:26 - 21 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: ٣ کرێکاری کوردستانی ئێران بەهۆی هەڵمژینی گازی دی ئۆکسیدی کەربۆن، گیانیان لە دەست دا و یەکێکی دیکەش هەر بەو هۆیەوە بریندار بوو.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ٣ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ناوچەی سەڵماس بەناوکانی \'\'یووسف عەلی جلی باقۆ\'\' تەمەن ٥٠ ساڵ خێزاندار خەڵکی گوندی \'\'ئەستوون رەش\'\'ی ناوچەی شپیران، \'\'محەممەد جلی باقۆ\'\' کوڕی یووسف تەمەن ١٥ ساڵ و \'\'مەنسوور جلی باقۆ\'\' تەمەن ١٧ ساڵ و برازای یووسف، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی بەهۆی هەڵمژینی گازی دی ئۆکسیدی کەربۆن، گیانیان لە دەست دا.
هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\' لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند: ئەو سێ کرێکارە بەهۆی دابین نەکردنی ئامێری گەرمکەرەوە لەلایەن کۆمپانیای دەشتی بەهەشتەوە بە ناچاری لە خەڵووز کەڵکیان وەرگرتووە و لە ئەنجامدا بەهۆی هەڵمژینی گازی دی ئۆسیدی کەربۆن لە کاتی خەودا گیانیان لە دەست داوە.
هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\' لە درێژەدا وتی: کرێکارێکی دیکەش لەو رووداوەدا بەناوی \'\'ئومێد جلی باقۆ\'\' برای مەنسوور جلی باقۆ کە هەر دووکیان ئەندامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون، بە توند بریندار بووە و هەنووکە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر لەژێر چاودێریی پزیشکی دایە.
ناستانداردیی و نەبوونی ئیمکاناتی ئیمەنی و رەچاو نەکردنی یاساکانی کار لە هەرێمی کوردستان بۆ کرێکاران و بەتایبەت ئەو کرێکارانەی کەلە کوردستانی ئێرانەوە بۆ دابینکردنی بژیویی ژیانیان روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیان لەدەست دانی کرێکاران لەو هەرێمە دایە.
ماوەیەک پێش ئیستاش دوو هاووڵاتیی دیکەی کوردستانی ئێران بەناوەکانی \'\'سەلاح و عەلی\'\' لە هەولێر بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لە دەست دا.
بەپێی ئاماری کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا ٨ کرێکاری کوردی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی باشوور، بوونەتە قوربانی.