کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردانی دانیشتووی ئەمریکا پشتیوانیی خۆیان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەربڕی

17:19 - 28 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: لە خۆپیشاندانێکدا لە بەردەم کۆشکی سپی رەوەندی کوردی لە ئەمریکا سپاسی یارمەتییەکانی دەوڵەتی ئەو وڵاتەی کرد و پشتیوانیی خۆیان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان راگەیاند.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رەوەندی کوردی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە خەڵکی هەرێمی کوردستان بەگشتی و کوردانی ئێزدی بە تایبەتی، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێپێوانێکی جەماوەرییان لە بەردەم کۆشکی سپی ساز کرد.

لەو رێپێوانەدا کە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشدار بوون، خۆپیشاندەران وێڕای سپاس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ گورز وەشاندن لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، داوایان لە ئەمریکا کرد کەلە پشتیوانی کردنی دۆزی کورد و یارمەتی گەیاندن بە پێشمەرگە بەردەوام بێت.

لە لایەکی دیکەوە خۆپیشاندەران وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ کوردە ئێزدییەکان، خوازیاری یەکگرتنی کوردەکان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسییەکانی تیرۆر لە کوردستاندا بوون.

بەپێی ئەم راپۆرتە ماوەی زیاتر لە دوو حەفتەیە کە کوردانی دانیشتووی ئەمریکا بە مەبەستی داکۆکی و پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لەمەڕ بەرەوڕووبوونەوەی داعش و تیرۆریستان لە بەردەم کۆشکی سپی رێپێوان ساز دەکەن.

ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بانگەوازی کۆمیتەی حیزب بە شێوەیەکی بەرین و چالاک لەم خۆنیشاندانانەدا بەشدارییان کرد.