کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان لە کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەکانی شنگال بەردەوامە

00:30 - 26 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: زۆربەی هاووڵاتییانی شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بە وەڕێخستنی کەمپەین بە مەبەستی کۆکردنەوەی یارمەتییە مرۆیی‌یەکانیان بۆ خەڵکی شنگاڵ، سەرەڕای هەناردنی یارمەتییەکانیان خۆیان لە خەم و دەردی ئەوان بەشریک و بەشدار دەزانن.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دوای هێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆسەر هەرێمی کوردستان و ئاوارەبوونی کوردەکانی شنگال و پەنابردنیان بۆ چیای شنگال ژمارەیەکی بەرچاو لە وڵاتانی جیهان و هەروەها شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات ئامادەبوونی خۆیان بۆ یارمەتیدان بەم ئاوارانە راگەیاند.

بەپێی ئەو هەواڵانە کە بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\' گەیشتووە، لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات وەکوو سـنە، مەریوان، دیواندەرە، سەوڵاوا،سەقز، بانە، بۆکان، سەردەشت، کەنگاوەر، سەحنە، سەلاس باوەجانی، کرماشان، پاوە، نودشە، سەڵماس، جوانڕۆ، روانسەر و چەند شاری دیکە، هاووڵاتییان لە کردەوەیەکی خۆڕسکدا چەندین کەمپەینیان بۆ یارمەتیدان بە کوردە ئاوارەکانی شنگاڵ ساز کردووە.

هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لە رێگای ئەو کەمپیەنانە یارمەتییەکانی خۆیانیان بە شێوەی نەختی و پێداویستی بۆ ئەو ئاوارانە کۆ کردەوە.

هاووڵاتییەکی گوندی ئەڵک سەربە شاری کامیاران لەو پێوندییەدا بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی ئەڵک بە کۆکردنەوەی یارمەتی لەلایەن خەڵکی ئەو گوندە هاودەردیی خۆیان لەگەڵ ئاورەکانی شنگاڵ نیشان دا.

بەرپرسانی کەمپەین لە شاری سەردەشت لەبارەی یارمەتییە نەختییەکان بە هاووڵاتییانی ئەو شارەیان راگەیاندووە کە رێژیم ژمارە حیسابی ئەو کەمپەینەی بەستووە.

راپۆرتەکان لە نۆدشە باس لەو دەکەن کە بەرپرسانی کەمپەینی کۆکردنەوەی یارمەتییەکان رایانگەیاندووە کە بڕی پارەیەکی نەختی و یارمەتییەکانی خەڵک رادەستی رێژیم ناکەن و راستەوخۆ بۆ کوردە ئاوارەکانی شنگاڵی دەنێرن.

دوای رووداوی کارەساتی مرۆیی شنگاڵ و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کوردی ئێزدیی دانیشتووی ئەو شارە، شەپۆلی کۆکردنەوەی یارمەتییە مرۆیی‌یەکانی خەڵک لە کوردستانی رۆژهەڵات چەندین کەمپیەینێان بۆ یارمەتیدان بەو ئاوارەکانی شنگاڵ لە جوانڕۆ وەڕێخست.

هەروەها بەپێی تازەترین راپۆرتەکان چەندین تازە بووک و زاوا لەکاتی هاوسەرگیری و یەکەمین رۆژی ژیانی هاوبەشیان لە شارەکانی سـنە، روانسەر و سەردەشت، لەو کەمپەینانە یارمەتی خۆیان پێشکەش بە ئاوارەکانی شنگاڵ کردووە.

لەو پێوەندییەدا بوک و زاوایه‌کی سنه‌یی ته‌واوی زێڕه‌کانی پێشکەش بە ئاوارەکانی شنگاڵ کرد و هەروەها کچێکی منداڵ لە هەنگاوێکی سمبولیکدا گوارەکانی خۆی لە پێش چاوی کامێراکان پێشکەش بە ئاوارەکان کرد.