کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوشتنی گوماناوی هاووڵاتییانی کورد درێژەی هەیە/ کوژرانی هاووڵاتییەکی کورد لە سایین‌قەڵا

19:52 - 8 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: وەرزێڕێکی کوردی خەڵکی گوندی عەبڵائاوای سەربە شارستانی سایین‌قەڵا بە شێوەێەکی گوماناوی کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رەحمان جیویدی تەمەن سی ساڵە، ناسنامەی سێهەمین هاووڵاتیی کوردە کە لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا بە هۆکارێکی ناڕوون لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا.

رەحمان جیویدی، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٦ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی کاتژمێر ١٢، لە باخێک کوژراوە و تەرمەکەی لەسەر کانیاوێک بووە.

هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە هۆکاری کوشتن و بکوژانی ئەم هاووڵاتییە کوردە، بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا رانەگەیەندراوە.

هەر لەم رۆژەدا، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی نێچەلانی ناوچەی برادۆستی سەربە شاری ئورمیە لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە کوژراوە.

هەروەها ئیبرایم مەجیدئابادی خەڵکی گوندی ئاساوڵەی سەربە شارستانی کامیاران، رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی ٣ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، لە کەوێڵی باخەکەی خۆیدا لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە گیانی لێ ئەستێندرابوو.  

بە پێی راپۆڕتە بڵاوکراوەکان، لە ماوەی پێنج رۆژدا سێ هاووڵاتیی کورد بە شێوەێکی گوماناوی لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژراون و ئەمەش لەحاڵێکدایە کە تاکوو ئێستا لە هۆکاری کوژران و بکوژانی ئەو هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەک لەبەردەست‌دا نییە و سەرنجنەدانی رێژیم بەو بابەتە و گرینگی‌نەدان بە کوژرانی هاووڵاتییانی کورد، نیگەرانیی دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکانی لێ کەوتووەتەوە.