کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوەیت ٢٤ کەسی بە سیخوڕی بۆ رێژیمی ئێران تاوانبار کرد

17:27 - 11 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: دەوڵەتی کوەیت ٢٤ کەس کە پێوەندیان لەگەڵ رێژیمی ئێران و حیزبوڵڵادا هەبووە و هەوڵی ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستییان لەو وڵاتەدا داوە، دەستبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دادستانی وڵاتی کوەیت رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٠ی خەرمانانی ١٣٩٤، ٢٤ کەس لەوانە هاووڵاتییەکی ئێرانی بە تاوانی هەوڵی تیرۆریستی لەو وڵاتەدا تاوانبار کرد.

دادستانی ئەو وڵاتە ئەو کەسانەی بە سیخوڕی بۆ رێژیمی ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵا کە هەوڵی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستیان دژی کوەیت هەبووە و هەروەها مەوادی تەقینەوە و چەک‌وچۆڵیان بۆ ئەو وڵاتە قاچاغ کردبوو تاوانبار کرد.

ئەو وتانەی دادستانی وڵاتی کوەیت لەکاتێک دایە کە مانگی رابردوو لەنزیک سنووری عێراق لەوڵاتی کوەیت بارێکی چەک‌وچۆڵ لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە دەستی بەسەر داگیرا کە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بۆ حیزبوڵڵا نێردابوو.

لەو پێوەندییەدا حەمەد ئەلهەرشانی سەرۆکی کۆمیسۆنی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارلمانی ئەو وڵاتە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٨ی خەرمانانی ١٣٩٤ لە بیانییەیەکدا رایگەیاند: بۆ هەمووی ئێمە روونە کە رێژیمی ئێران دوژمنێکە بۆ لەناوبردنی وڵاتان و سەرچاوەکانی ئێمە و دوژمنی راستەقینەی ناوچەکەیە.

ئەلهرشانی هەروەها وتوویەتی: تەقینەوەی رۆژی هەینی بەحرەین نموونەی بەرچاوی توندوتیژی رێژیمی ئێرانە.

دەستیێوەردانەکانی رێژیمی ئێران بەردەوام ناکۆکی و نیگەرانی وڵاتانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە و بەردەوام هۆشداریان بەو رێژیمەو داوە کە دەستێوەردان لەکاروباری ئەو وڵاتانەدا نەکات بەڵام ئەوە لەکاتێک دایە کە خامنەیی رێبەری رێژیمی ئێران رایگەیاندووە: ئێمە بەردەوام پشتیوانی لەخەڵکی ئەو وڵاتانە، یەک لەوانە بەحرەین دەکەین کە ئەوەش ناڕەزایەتیی توندی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی لێکەوتووەتەوە.

لەو ماوەیەدا بۆ چەندمین جارە کە وڵاتی کوەیت رێژیمی ئێرانی بە پیلانی جۆراوجۆر لەو وڵاتەدا تاوانبار کردووە.

محەممەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کاروباری رێژیمی ئیران لەسەفەری خۆی بۆ وڵاتی کوەیت رایگەیاندووە، پێوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە باش و روو بە گەشەیە.

زەریف لەسەفەری خۆیدا بۆ وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە تاوتویکردنی پرسی ناوچەکە رایگەیاندووە کە رێکەوتنی ناوکی هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ نییە ئەو لێدوانە ناوبراو لەکاتێک دایە کە عەرەبستانی سعوودی رێژیمی ئێران بە دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت عێراق، لوبنان، سووریە، بەحرەین و یەمەن تاوانبار دەکات و رێککەوتنی ناوکی دەرفەتێکە بۆ دەستێوەردانی هەرچی زیاتری رێژیمی ئێران لە کاروباری ناوچەکەدا.

وڵاتانی عەرەبی لەدەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران ترس و دڵەراوکەیان هەیە و ئەوش پرسیکە کە هەنووکە ئەو وڵاتانە بە ئێران هەراسی ناوی دێنن.

ئەو لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی کاروباری رێژیم لەکاتێک دایە کە خامنەیی و بەرپرسە باڵاکانی رێژیمی ئێران بەردەوام پشتیوانی خۆیان لەرێژیمی بەشار ئەسەد لەسووریە دەربڕیووە کە چەند روژ لەمەوبەر راوێژکاری کاروباری نێودەوڵەتیی رێبەری رێژیمی ئێران دووپاتی کردەوە کە پشتیوانی لەبەشار ئەسەد دەکەین و تا کۆتایی لەگەڵ ئەو رێژیمە داین.

سەرەڕای یارمەتی ماڵی و چەک‌وچۆڵ بە رێژیمی ئەسەد، هێزی سپای قودسی پاسداران لەوڵاتی سووریەدا شەڕ دەکات و هەتا ئێستا چەندین فەرماندە و ئەندامی ئەو سپایە لەو وڵاتەدا کوژراون.