کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوە کرێکارییەکان: حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی مەحکووم دەکەین

10:34 - 17 پووشپەڕ 2724

لە درێژەی مەحکوومکردنی حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی چالاکی کرێکاریی بەندکراو، ژمارەیەک لە ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاری لە ئێران بە بڵاوکردنەوەی  بەیاننامەیەک دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدییان شەرمەزار کرد و خوازیاری ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی ناوبراو بوون.

ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندووە کە دادوەری لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕەشت چاوی لە هەموو ڕاستییەکان بەستووە و ئەوەی بۆ ئەو جۆرە دادوەرانە گرینگە، هەستی تۆڵەسەندنەوە لە ئازادیخوازان و چالاکانی کرێکاری و کۆمەڵایەتییە".

سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە، گرووپی ئیتحادی خانەنشینان، کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ یارمەتیدانی دامەزراندنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و کرێکارانی خانەنشینکراوی خووزستان لەم بەیاننامەیەدا حوکمی لەسێدارەدانی شەریف محەممەدییان بە دڕندانە ناو برد و نووسیویانە: لقی یەکەمی دادگای ئینقلاب بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە ئەو حوکمە ناڕەوایەی دەرکردووە، درۆیە و هیچ بنەمایەکی یاسایییان نییە. هەر کەسێک ئەلفوبێی خەباتی مافخوازنەی فێر بووبێت لە دەرکردنی حوکمێکی لەو شێوەیە سەری سووڕ دەمێنێت.

شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری کە ٧ مانگ پێشتر دەسبەسەر کرابوو و ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ڕەشت دەسبەسەرە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری و خەڵکی ڕەشت لەم دواییانەدا لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ڕەشتەوە بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای ئەندامبوون لە لێژنەی هاواهەنگی بەمەبەستی پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و نزیکبوونی ئەو ڕێکخراوە لە حیزبی کۆمەڵە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.