کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پزیشکیان: ئەگەر خامنەیی نەبوایە ناوم لە سندووق نەدەهاتە دەرەوە

10:52 - 17 پووشپەڕ 2724

مەسعوود پزیشکیان لە یەکەم وتارەکەیدا وەک براوەی ١٤ـەهەمین شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئێران ڕایگەیاند کە ئەگەر ڕێبەری کۆماری ئیسلامی نەبوایە "پێم وانییە ناوی ئێمە ئەوەندە بە ئاسانی لە سندوقەکە هاتبەیە دەر".

پاش بەڕێوەچوونی دوو شانۆی هەڵبژاردن لە ژێر سیبەری بایکۆتی بێوێنەی خەڵکدا، مەسعوود پزشکیان وەک بژاردەی خامنەیی بە ١٦ میلیۆن و ٣٨٤ هەزار و ٤٠٣ دەنگ نەفەری یەکەم بوو بە نۆیەمین سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.

لە خولی یەکەمدا تەنیا ٤٠ لەسەد لە کۆی ٦١ میلیۆن کەس کە مافی دەنگدانیان هەبوو، بەشدارییان لە ١٤ـەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێراندا کرد و ئەمەش لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ـەوە کەمترین ڕێژەی بەشداریکردن لە هەر هەڵبژاردنێکی سەرۆککۆماریدا بوو.

کۆماری ئیسلامیی ئێران چ لە ئاستی نێوخۆیی و چ لە ئاستی دەرەکیدا چەندین ساڵە قەیران بە قەیران تێپەڕ دەکا و دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران بە تایبەت خامنەیی بۆ دەربازبوون لەو دۆخە ناچار بوونە لە ڕێفۆرمخوزەکان کەڵکیان وەرگرن.

بە وتەی کارناسانی سیاسی هێنانی پزشکیان وەکوو بەربژێری ڕێفورمخوازەکان لە هەردوو باری نێوخۆیی و دەرەکیدا کەڵکی بۆ ڕێژیم دەبێت.