کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی چەندین جارەی کرێکارانی کارخانەی فولادی زاگرۆس لەبەردەم وەزارەتی کاری رێژیم

12:51 - 27 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: زیاتر لە ١٥٠ کرێکاری کارخانەی فوولادی زاگرۆسی کوردستان لەمەڕ وەدواکەوتنی مووچەی ٨ مانگەیان لەبەردەم وەزارەتی تەعاون، کار و رەفاهی کۆمەڵایەتی کۆبوونەوە.
هەواڵدەریی ئیلنا بڵاوی کردەوە، زیاتر لە ١٥٠ کەس لە ٢٧٤ کرێکاری کارخانەی فوولادی زاگرۆسی کوردستان زیاتر لە ٨ مانگە مووچەیان پێ نەدراوە و لەمەڕ وەدواکەوتنی مووچەی مانگانەیان و پێشێلکرانی مافەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد.
بەپێی راپۆرتەکان لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ هەتا ئێستا مووچەی مانگانەی ئەو کرێکارانە نەدراوە و هەروەها بیمەی تەئمین ئیجتماعی مانگەکانی پووشپەڕ، گەلاوێژ،سەرماوەز و بەفرانبار نەخراوەتە حیسابی ئەو کرێکارانە.
کارخانەی فوولادی زاگرۆس لە رێکەوتی ١٨ی مانگی پووشپەڕ بەهۆی کەمیی داهات و زیان بەخش بوونی بەرهەمەکانی داخرا و کرێکارانی ئەو کارخانەی لەسەر کارەکانیان دەرکران.
لەو کاتەوە ئێستا بەردەوام کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەلایەن کرێکارانی ئەو کارخانەیە بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگانەیان رێکخراوە و سەرەڕای بڕیاری ئیدارەی کار و رفاهی شارستانی قوڕوە هەتا ئێستاش ئەو کارخانەیە دەست بەکار نەبۆتەوە و هیچ یەک لە کرێکارانی ئەو کارخانەیە وەڵامی داخوازییەکانیان وەرنەگرتۆتەوە.
لەو پێوەندییەدا رۆژانی شەممە و یەکشەممە ئەم حەوتوویە فەرمانبەرانی پێتڕۆشیمیی ئیلام لەمەڕ نەدانی مووچەی مانگانەیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان رێکخست.