کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک کەمپەین لەمەڕ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەکانی شنگال لە کوردستانی ئێران رێک خران

17:57 - 22 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: پاڵپشتی لە کوردانی شنگال و کووبانی لە شارەکانی کوردستانی ئێران بە رێکخستنی کەمپەین و کۆکردنەوەی هاریکاریی مرۆیی بەردەوامە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، پاش هێرشی تیرۆریستانی خەلافەتی ئیسلامی بۆسەر شاری شنگال و ئاوارەبوونی هاووڵاتییە ئێزدییەکانی ئەو شارە و هەروەها هانابردنیان بۆ کوێستانەکانی شنگال، کۆمەڵێک کەمپەین لە راستای پشتیوانی کردنی ئەو ئاوارە کوردانە لە شارەکانی کوردستانی ئێران رێک خران.

لە چەند رۆژی رابردوودا کەمپەینێک لەژێر ناوی \'\'شنگال بە تەنیا نییە\'\' و \'\'شنگال بە تەنیا بەجێ مەهێڵن\'\' بە مەبەستی کۆکردنەوەی هاریکاریی ئاوارە کوردەکانی شنگال، لە جوانڕۆ دامەزرا کە هەنووکەش چالاکییەکانی ئەو کەمپەینە بەردەوامە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەو هەوڵە مرۆڤ دۆستانەیە بە شێوەیەکی خۆڕسک و لەلایەن ژمارەیەک هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆوە رێک خراوە.

هەروەها لە راستای هاریکارییە مرۆیی‌یەکاندا بە کوردە ئاوارەکانی کوێستانەکانی شنگال، کەمپەینیک لە مەریوان لە هەوڵی کۆکردنەوەی یارمەتییەکانی خەڵک دایە.

هاووڵاتییانی کوردی کوردستانی ئێران لەم رێگایەوە پشتیوانیی و پاڵپشتیی خۆیان لە کوردانی ئەو دوو بەشەی کوردستان راگەیاندووە کە بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە لێیان قەوماوە.

لەم پێوەندییەدا هاووڵاتییانی خەڵکی شاری \'\'سەردەشت\'\'یش بە نیشانەی هاودەردی لەگەڵ کوردەکانی کووبانی و شنگال، شۆرای ئەو شارەیان لەمەڕ راگەیاندنی کەمپەینێک بۆ ناردنی هاریکاری ئەرکدار کردووە.

هاووڵاتییانی شاری \'\'پاوە\'\'ش بە نووسینی نامەیەک بۆ فەرمانداریی ئەو شارە رایانگەیاندووە کە رێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژ لە بەرانبەر فەرمانداریی پاوە کۆبوونەویەک بە نیشانەی پشتیوانی لە کوردانی شنگال رێک دەخەن.