کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، بڕیارنامەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی لە ئێراندا پەسند کرد

14:35 - 30 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: کۆمیتەی سێیەمی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ٦٨ـەمین کۆبوونەوەی خۆیدا، بە زۆرینەی دەنگ، بڕیارنامەی پێشێلکاری مافی مرۆڤی لە ئێراندا پەسند کرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو بڕیارنامەیە رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە نیۆیۆرک پەسند کرا و پرسی لە سێدارەدان، سیاسەتی هەڵاواردن دژی نەتەوەکانی ئێران، تەوەری سەرەکیی ئەو بڕیارنامەنەی پێکهێنابوو.
پێشتر کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، رێکخراوی \'\'ئەمنیستی ئینترناسیۆنال\'\'، \'\'دیدەبانی مافی مرۆڤ\'\' و ٢٢ رێكخراوی دیکەی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، لە نامەیەکی هاوبەشدا، داوایان کردبوو لە وڵاتانی ئەندامی کۆمەلەی گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک بڕیارنەمەیەک پەسەند بکەن لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران.
وەک لە خشتەی دەنگدانەکاندا دەبینن، وڵاتانی پاکستان، چین، قەتەر، کووبا، کورەی باکوور، ئەفغانستان، میسر، سۆمالی و رووسیە و هەندێ وڵاتی دیکە دژی ئەم بڕیارنامەیە دەنگیان داوە.

7329.jpg

پەسند کردنی ئەم بڕیارنامەیە لەم کاتە هەستیارەدا کە رێژیمی ئێران لەسەر پرسی چەکی ناوکی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا لە دانووساندن دایە، بایەخێکی تایبەتیی هەیە.
بڕیارنامەکە لە سەرەتای مانگی دسامبردا لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ جاری دووهەم دەخرێتە بەردەنگدان و بە پێی تەجروبە، کۆی وڵاتانی پشتیوانی ئەم بڕیارنامەیە دووبارە دەنگی پێ دەدەن.