کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی نەتەوەیی کورد: داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان دەکەین

15:11 - 20 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد سەبارەت بە دواکەوتنی بەڕێوەچوونی ئەو کۆنگرەیە لە وادەی دیاریکراودا، راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە


دەقی ئەو راگەیەنراوە کە نوسخەیەکی بە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\' گەیشتووە، بەم چەشنەیە:

ئەمڕۆ ١٠/١١/٢٠١٣ی زایینی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە شاری هەولێر کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا. پاش گفتوگۆیەکی راشکاوانە سەبارەت بە تەواونەبوونی پێویستییەکانی بەستنی کۆنگرە کە بڕیار بوو لە ٢٥ی ئەم مانگەدا ببەسترێت، کە بەهۆی هەندێ گرفتی سیاسی و تەواونەبوونی ئامادەکارییەکان ناتوانین کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ببەستین، بۆیە دەمانهەوێ بە هەموو لەیەکی رابگەیەنین بەناوی گشت ئەندامانی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەوە کە نوێنەرایەتیی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی گشت پارچەکانی کوردستان دەکەن، داوای لێبوردن لە گەلی کوردستان دەکەین.
لە لەیەکی دیکەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە وەکوو لیژنەی ئامادەکار بەردەوام دەبین کە کارەکانمان بۆ تەواوکردنی پێوەندتییەکانی بەستنی کۆنگرە لە کاتێکی گونجاودا، ئومیدیش دەکەین کە گیروگرفتە سیاسییەکان بە دیالۆگ و بە هەند وەرگرتنی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی چارەسەر بکرێن کە ئەوەش بەستێن بۆ بەستنی کۆنگرە خۆشتر دەکات.
هەروەها دووپاتی دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە کۆبوونەوەکانمان بۆ تەواوکردنی کاری تەکنیکی و بەدواداچوون بۆ چارەسەریی هەر گرفتێک کە بیتە پێش بەستینی کۆنگرەی نەتەویی کورد.
لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد
١٠/١١/٢٠١٣ی زایینی
هەولێر ــ کوردستان