کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنەبرینی ٢٧ ساڵەی سەردەشت، کۆمەڵکوژییەک دژی نەتەوەی کورد

16:59 - 7 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: ٢٧ ساڵ پێش ئێستا دوانیوەڕۆی ٧ی پووشپەڕی ١٣٦٦ی هەتاوی کاتژمێر ٤:٣٠ خولەک، شاری سەردەشت و دەوروبەری کرایە ئامانجی فڕۆکەکانی رێژیمی بەعسی عێراق و لە ئەنجامدا زیاتر لە ١١٠ هاووڵاتیی کورد شەهید بوون.
٧ی پووشپەڕ، یان ٢٨ی ژووەنی ١٩٨٧ بۆ خەڵکی شاری سەردەشت و کوردستان، وەبیرهێنەرەوەی رۆژێکی تاڵ و کۆمکوژی و ژینۆسایدێکی دیکەیە کە دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا دژی ئەو نەتەوەیە خولقاندوویانە و هەنووکە پاش ٢٧ ساڵ ئاسەوارە زیانبارەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە کە بە چەکی کیمیایی ئەنجام درا، لەگەڵ ژیانی ٨ هەزار کەسی بەرکەوتووی ئەو چەکە ماوەتەوە.

لە کاتی کیمیایی بارانی شاری سەردەشتدا حەشیمەتی ئەو شارە ١٢٠ هەزار کەس بووە کە ٨ هەزار کەسیان بە شێوەی راستەوخۆ چەکی کیمیاییان بەرکەوت و زیاتر لە ١١٠ کەسیش شەهید بوون.

8772.jpg


رێژیمی بەعسی عێراق گازی خەردەڵی بەسەر شاری سەردەشتدا رژاند و کۆمەڵکوژییەکی دیکەی دژی کورد خولقاند و رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیش وەکوو دەستخۆشانە، لەم ٢٧ ساڵەدا، سەرەڕای بڵاوکردنەوەی ئاماری هەڵە و ناڕاست لە ژمارەی قوربانییان، لە هەوڵی پاککردنەوەی ئەو کارەساتە تاڵە دایە و خزمەتگوزارییەکانی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی سەردەشت لە چوارچێوەی گرتنی کۆبوونەوە و بەڵینیدان قەتیس کردووەتەوە.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەهەمبەر کۆمەڵێک بەڵێنیی زریقە و بریقەدار، ژمارەیەک لە بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی سەردەشتی بە پێداهەڵگوتن بە \'\'کۆماری ئیسلامی\'\' و \'\'خامنەیی\'\' ناچار کردووە و لە ماڵپەڕ و میدیاکانی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە و بەو شێوەیە ئەوپەڕی کەڵکاوەژووی خۆی لە هاووڵاتییان و تەنانەت نەخۆشان و کەمەندامانیشدا وەر دەگرێت.

لە ٢٧ ساڵی رابردوودا کە خەڵکی سەردەشت لە ئازاری چەکی کیمیایی دەناڵێنن، ئاسەوارە زیانبارەکانی گازی خەردەڵ و چەکی کیمیایی بەرۆکی ئەو خەڵکە بەر نادات و جیا لە بەرکەوتوان، جیلەکانی دیکەشی بە شیوەی جۆراوجۆر گرتووەتەوە.

رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیش لە جیاتیی دابینکردنی خزمەتگوزاری و بە هاناوەچوونی بەرکەوتوان و برینداران ــ هەرچەندە هەوڵێکی ئەوتۆ لەو رێژیمە ناوەشێتەوە ــ پڕوپاگەندەی میدیایی پێ رێخستووە و بە نیشانەی \'\'حەقانییەتی نیزامی ئیسلامی\'\'ی لە قەڵەم دەدات.

لە کۆی گشتیی ٨ هەزار بەرکەوتووی چەکی کیمیایی سەردەشت هەتا ئێستا لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە یەک هەزار و ٤٠٠ کەسیان ناویان وەکوو بەرکەوتوو و برینداری چەکی کیمیایی تۆمار کراوە کە ئەوانیش کەمترین خزمەتگزارییان بۆ دەکرێ.

له کۆمەڵکوژیی هاووڵاتییانی سڤیلی شاری سەردەشت لە ٧ی پووشپەڕی ١٣٦٦ی هەتاوی، ٧ بۆمبی هەڵگری چەکی کیمیایی بەکار هاتن کە ٤ بۆمبیان لەنێو شاری سەردەشت و ٣ بۆمبی دیکەش بەسەر گوندەکانی دەوروبەردا دادران.

8773.jpg


لەم دوایی‌یانەدا بۆمبێکی دیکەی نەتەقیو له شاری سەردەشت دۆزرایەوە و لەلایەن مەئموورانی رێژیمی ئێرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا و هەتا ئێستاش هیچ پاش دوو ساڵ لێدوانێکیان لەسەر ئەم بۆمبە نەداوە. بە دۆزرانەوەی ئەو بۆمبە نیگەرانی لەلای هاووڵاتییان دروست بوو کە هێشتا مەترسیی جیدی لەسەریان هەیە و مادام بۆمبێک دۆزراوەتەوە ئەگەری دۆزینەوەی بۆمبی دیکەش لە ئارا دایە و لە ئەگەری تەقینەوەی ئەو بۆمبە روون نەبوو چ چارەنووسیان چاوەڕێیان دەکرد؟

شاری سەردەشت یەکەمین شاری جیهانە کە بە چەکی کیمیایی هێرشی کرایە سەر. هەنووکە پاش ٢٧ ساڵ برینەکانی ئەم شارە ساڕێژ نەبوون وئێش و مەینەت و ئازارەکانی خەڵک، هیچ فریادرەسێکیان نییە.

راپۆرت/ رامان نەسری