کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٠٠ کەس لە دانیشتوانی گوندێکی سووریه لە یەک شەودا کوژراو و بریندار بوون

19:36 - 22 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: گوندی عەقرەب لە دەورووبەری شاری حەما لە سووریه، شەوی رابردوو شاهیدی هۆڤانەترین کۆمکوژیی رێژیمی ئەو وڵاتە بووە و زیاتر لە ٢٠٠ دانیشتووی ئەو گوندە کوژراون، یان بریندار کران.
زۆربەی قوربانییانی ئەو گوندە، عەلەوییەکان پێکی دەهێنن و لەهەمان کاتیشدا تۆڕی مافی مرۆڤی سووریه لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە کە رۆژی رابردوو ١٤٧ کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتە لە سووریه و حەلەب بەهۆی گوللەبارانەکانی رێژیمی سووریەوە کوژراون.
لەلایەکی دیکەشەوە سەلیم ئیدریس بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای نیزامیی دژبەرانی رێژیمی بەشار ئەسەد لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ ئەلعەرەبییە، گوتی: دەوڵەتی داهاتووی سووریه دەوڵتێکی غەیرە نیزامییە و هێزە نیزامییەکانی لەو دەوڵەتەدا بۆ گەیشتن بە دەسەڵات هەوڵ نادەن.
ناوبراو پەڕژاوەتە سەر ئەوەش کە نیزامییان لە دەوڵەتی داهاتووی سووریه‌دا ئەرتشی نیشتمانیی سووریه دروست دەکەن و دەستێوەردان لە کاروباری سیاسیدا ناکەن.
دژبەران هیوادارن بتوانن بە پێکهێنانی دەوڵەتی کاتی، چەکوچۆڵی پێویستی خۆیان لە وڵاتانی دیکە هاوردە بکەن.
ئەم بەرپرسە نیزامییە گوتی: ئێمە دەبێ ئیزنی کڕینی چەکوچۆڵی پێشکەوتوو و بەهێز مووشەکیمان هەبێ کە ئەوەش لە رێگەی پێکهێنانی دەوڵەتێکی کارییەوە ئەنجام دەدرێت.