کوردستان میدیا

پێنجشەممه 29ی خاکەلێوه 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەیوان دروودی: دەبێ کورد لەپێشدا ئەوە بۆ خۆی یەکلایی بکاتەوە کە لەم کایە چۆن یارگیری دەکات

18:17 - 21 خاکەلێوه 2719

ڕێکەوتی ١٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە بڕیارێکدا ڕێکخراوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند لەم بارەوە ماڵپەڕی کوردستان میدیا وتووێژێکی لەگەڵ "کەیوان دروودی"چالاکی سیاسی پێک هێناوە.

ئامانجی ئامریکا لە بە تێرۆریست ناساندنی سپا چییە؟

ئەم بڕیارە لە دووتۆی گەڵاڵەی "ئەوپەڕی گوشار دژی ئێران"ی کۆشکی سپی لێک ئەدرێتەوە. وەک دەزانین ئەمە یەکەم کارت نییە کە بۆ سنووردارکردنی فراوانخوازییەکانی سوپای پاسدارن دەخرێتەوە کایەوە و هیچ تەزمینێکیش نییە کە دوایین کارت بێ. پێشبینیی یەکلایی بۆ کۆتایی ململانێیەک وەکوو کەیسی ئامریکا و ڕێژیمی ئێران، تۆزێک دوورە لە ئاوەزمەندی، لەبەر ئەوە لە درێژخایەندا دەکەویتە ژێر فاکتۆری جۆراوجۆری سیاسی و وێنای ئەو فاکتۆرگەلە زۆر سەختە. ئەوەی دیارە، ئەوەیە کە ئامریکا گۆڕینی ڕەفتاری دەوێ، بەڵام ئەو گۆڕانەی کە بەدوایدایە، لە پۆتانسییەلی ڕێژیمی ئێراندا نییە. بۆ نموونە کشانەوە بۆ ناو سنوورە جوغرافیاییەکانی ئێران و وازهێنان لە دەستێوەردانی ناوچەیی، گشتایەتیی کانسێپتی سیاسەتی کۆنترۆڵی ئەمنییەتیی ڕێژیم هەڵدەتەکێنێ. ئێران ئەگەر لە ئەفغانستان دەستێوەردان نەکات، ئەو وڵاتە سەقامگیر دەبێ و چیتر ناتوانێ لە بەرامبەر پیدانی کارتی پێناس پەنابەری ئەفغانستانی بۆ سووریە بنێرێ، ناتوانێ هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاراستە بکات و تەنانەت ناتوانێ هەرێمی کوردستان بخاتە تەنگەژەوە. لە کیسچوونی ئەم پوانانە زەرفییەتی خولقاندن و گواستنەوەی قەیرانی کز دەکات و هێژمۆنیی دەرەکی و ئۆتۆریتەی ناوخۆیی لاواز دەکات و ئەمەش بۆ ڕێژیمێک کە پشتی بە هیزی پەتی و دەستێوەردان بەستووە؛ کارەساتێکی مەزنە.

بە گشتی ئەوە ئامریکایە کە ڕێساکانی ئەم کایە دیاری دەکات بەڵام ناکرێ وای دابنین کە دەستی بەتەواوەتی ئاوەڵایە، بۆ نموونە لە ئێستە، بەردەست‌نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکی گشتگیر کە پێگەی کۆمەڵایەتیی باش و دیاریکراوی هەبێت؛ گونجاوترین بژاردەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان لەبار بردووە و لە حاڵەتێکی هەڵسپێردراو هێشتوویەتەوە. ئەوەی ڕوونە، ئەوەیە کە ئامریکا لە ڕێگەی ئەوپەڕی گوشارهێنان بەدوای کەمترین تێچوویە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی و لە بەرامبەردا ڕێژیمی ئێران لە توانستی بەرگێڕەوە (بازدارندە)ی بۆ پێدانی کەمترین ئیمتیاز و دانانی زۆرترین تێچوو لەسەر دەستی ئامریکا کەڵک وردەگرێ. بەڵام گرینگترین فاکتەر متمانەیە کە هیچ لایەک بەویتری نییە، خامنەیی دەیان جار وتوویە کە ئەگەر ئێمە تەنانەت بکشێینەوە ناو سنوورەکان و پێملی یاساکانی ئامریکا بین، هێشتا کەیسی مافی مرۆڤ لە دەستیاندایە بۆ ئەوەی درێژە بە سیاسەتەکانیان بدەن. بۆیە ئامانجەکانیش لەبەر ناڕوونیی داهاتوو؛ هێشتا تەواوی ڕوون نییەن.

چ کاریگەرییەکی لەسەر خەباتی کورد دەبێت؟

با سەرەتا وەک تێبینی ئەوە بێژم کە کورد لە دوورگەدا ناژی، ئەوێی کوردی لێیە جوغرفیایەکی پانوبەرینە کە ژینگەیەکی سیاسیی هەیە، ئەم ژینگە کایەی سیاسیی تیایە و یاریزانەکانیشی دیارن. ئێمە لە کۆمارەوە تا ئیستە هەم پرەنسیبە دێموکراتیکەکانمان پاراستووە و هەم وەکوو گەورەترین کۆسپی بەردەم دیکتاتوری و کولتوری ئیستبدادی ئێرانی دەورمان گێڕاوە. بەڵام لە کۆتاییدا لەبەر هۆکاری جۆراوجۆر تەنیا ماوینەتەوە. دەبێ کورد لەپێشدا ئەوە بۆ خۆی یەکلایی بکاتەوە کە لەم کایە چۆن یارگیری دەکات. بەرامبەرەکەی کێیە و هاوتیمییەکانی کێن. ئەم دەورگێرانە لە پێشدا گرێدراوی باوەڕ بەخۆبوونی کورد و تەبایی نێوخۆیەتی، ئەوجار کە کورد وەکوو قەوارەیەکی هاوچەشن و یەکدەست چووە نێو کایەوە دەتوانێ هێزی [بالقوە]ی لە حاڵەتی [بالفعل] دەربخات. بەم هێزە دەکرێ گەورەترین وڵاتان پەلکێش بکرێ و ڕوویان بەرەو کوردستان وئێران وەربگێڕدرێت. گرینگترین مەسئەلە ئەوەیە کە ئێمە هاوتەریبییەک لەنێوان ڕێڕەوی خۆمان و هاوپەیمانەکانمان (نەتەوەکان و هێزە دێموکراتیکەکان) و هاوکێشەکان ڕێک بخەین. دانانی سپای پاسداران لە لیستی تیرۆر، ڕەواییەکی باشە بۆ چل ساڵ خەباتی بزووتنەوەی کورد دژی سپای تێرۆریستی پاسداران، بەڵام جارێ ئەمە بڕیاری ئامریکایە و لانیکەم لەسەر کاغەز دەرهاویشتەی کۆبەندێکی جیهانی و ناوچەیی نییە. ئەم لیستەی ڕەشە کۆمەڵێک لێکەوتەی بۆ ڕێژیمی ئێران بەدواوە دەبێت بەڵام ئاخۆ لە کۆتاییدا بە کوێ دەگات بەشێوەی یەکلایی دیاری ناکرێ. گرینگ ئەوەیە ئێمە خاوەن قورسایی خۆمان لەم یارییە بین و هەر گۆڕانکارییەک بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانمان بگوازینەوە.

هەڵوێستەکان لە داهاتوودا چۆن دەبێت؟

هەڵوێستەکان بەپێی بڕگە و بارودۆخەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت. بڕیاری دانانی سپای پاسدارن لە لیستی تێرۆر سووربوونی ئامریکا بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی ڕێژیمی ئێران دەردەخات. ئەگەر لە دوورەدیمەندا ڕێژیم هەر ڕێگەی هەنووکە درێژە بدات، پێدەچێ کۆشکی سپی هەنگاو بە هەنگاو ڕێگەی دەرباز بوونی ڕێژیم تەنگتر بکات، بەڵام بەو پێیە ئێمە زانیارییەکی وامان نییە لەسەر ئەو ڕێوشوێنانەی پێشوەختە بۆ ئەگەر و سێناریۆکانی دیاری کراون، دەبێ چاوەڕیی تێپەڕبوونی کات بکەین. توانای واشینگتۆن بۆ مۆبیلیزەکردنی کۆمەڵگەی جیهانی ئەوەندە هەیە کە بتوانێ ڕێژیم و سپای پاسداران تەریک بخات و بەرەیەکی جیهانی بە ئورووپاشەوە لە بەرامبەری پێک بێنێت. ئەگەر ئەو سێناریۆیەی باس کرا ڕاست دەربچێ ئەوە بزووتنەوەی کورد وەک پێگەدارترین بەشی ئۆپۆزیسیۆن پێکهاتەشکێن، ئەکتەرێکی حاشاهەڵنەگر و پارتنێرێکی ئیستراتیژیک دەبێ بۆ ئەو هاوپەیمانیەتییە.

ڕای خۆتان چییە؟

ڕێژیمی ئێران بوونێک نییە کە لە دەرەوەی سپای تیرۆریستیی پاسداران پێناسە بکرێ. ئەم بڕیارە نزیکە لەوەی کە ڕێژیمی ئێران بەگشتی وەکوو تیرۆریست لەقەڵەم درابێ. هەربۆیە ڕێژیم بژاردەی زۆری لەبەردەستدا نییە. یان دەبێ درێژە بەم ڕەوتە بدا کە تا ئێستە بڕیویە یان ناچارە کاردانەوەیەکی هەبێت کە بە هەردوو دیوەکەیدا ئیتر ناتوانێ ببێتەوە ئەوەی لە ڕابردوو بووە. شەخسی خامنەیی وەکوو کەسی یەکەمی ڕێژیم و سپای پاسداران سەرەتا وتی ئێمە سوورین لەسەر بەرنامەی ئەتومی و ئەم بابەتە جێی مشتومڕ نییە، دواتر ناچار بوو و دانیشت. لە پێش بەرجام هەڕەشەی دەکرد کە ناچنە ناو ڕێکەوتنێکەوە کە ئامریکا لە پشتییەوە بێ بەڵام دیسان ئیدیعاکەی بە درۆ دەرچوو. پێش لە هاتنە دەرەوەی ئامریکا لە بەرجام وتی ئەگەر لە بەرجام بچنە دەرەوە، ئێمە ڕێکەوتنەکە دەسووتێنین و فڕەی دەدەین، بەڵام بینیمان کە ئەو کارەی نەکرد لە حاڵێکدا ئورووپاش ڕێوشوێنێکی ئەوتۆی بۆ ڕزگارکردنی بەرجام نەگرتە پێش، بە کردەوە گەمارۆکانی ئامریکا یەک بە یەک جێبەجێ بوون. ئیسە ئورووپا کۆنڤانسیۆنی پالەرمۆی لەبەردەم ڕێژیم هێشتووەتەوە کە ئەویش خۆی لێکەوتەی تایبەتی خۆی بە دواوە دەبێت. لە ناوچە کۆمەڵێک جموجۆڵ دروست بووە کە ئاماژەیە بە گۆڕانی ئاراستەی "هەڵکردن"ی ڕابردوو بۆ "ڕووبەڕووبوونەوە"ی ڕێژیم لە داهاتوو. ناڕەزایەتیی لە ناوخۆ گەیشتووەتە ئاستی تەقینەوەیەکی جەماوەری گەورە. داهاتوو هی ڕێژیمی ئێران نییە و بەگشتی بەپێی بەراوردەکان، دەبێ گەشبین بین.

لە کۆتاییدا، ڕێگەم بدەن پیرۆزبایی بکەم لە گەورە بنەماڵەی بزووتنەوەی میللی _ دێموکراتیکی کورد، بزووتنەوەیەک کە زۆرترین فرمێسک و خوێنی بۆ پێوانی ڕێگەی یەکسانی و دادپەروەری داوە و لەناو بەرداشی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی و کۆلۆنیالیزمی جیهانی بریندار بووە، بەڵام هیچکات وازی لە نۆرم و بایەخە مرۆیی و دێموکراتیکەکان نەهێناوە. دۆزی کورد ڕەوایە و هەر بڕیارێک کە بۆ تێکشاندنی دێوەزمەی ئیستبداد دەربکرێ، ڕاستەوخۆ لەخۆیدا ڕێخۆشکەر دەبێ بۆ گەیشتن بەو بەها مرۆیی و بایەخە بەرزانەی کە هەمیشە ئامانجی بزووتنەوەی کوردستان بووە. ئەم بڕیارەش یەکێک لەو دەگمەن بڕیارانەی زلهێزەکانە کە دادپەروەرنە دەرچوو و جێی خۆیەتی پێشوازیی لێ بکرێ.