هەوراز کاویان
کوردستان لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا هەرگیز هەر هەرێمێک نەبووە. کوردستان ناوی واقعێکی سیاسی، مێژوویی و کۆمەڵایەتییە کە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا پەیوەندییەکەی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا، بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی سەرکوت، نکۆڵی، پەراوێزخستن و ئەمنییەتیکردنەوە پێناسە کراوە. هەر بۆیە، هەر شیکارییەک بیەوێت پرسی کورد هەتا ئاستی ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان، پەرەنەسەندوویی یان گرژییە کاتییەکان دابەزێنێت، لە ڕاستیدا لە تێگەیشتنی پێکهاتەی سەرەکیی پرسەکە دەستەوستان دەمێنیت.
ئەوەی لە کوردستاندا ڕووی داوە و ڕوو دەدات، تەنیا ململانێیەک لەسەر سەرچاوەکان یان بەڕێوەبردنی نێوخۆیی نییە؛ پرسەکە بریتییە لە بەفەرمیناسین یان نکۆڵیکردن لە «سووژەیەکی سیاسی و مێژوویی». لە قۆناغە جیاوازەکاندا، چ لە سەردەمی پاشایەتیی ڕووخاوی پەهلەویدا و چ لەنێو پێکهاتەی دەسەڵاتی ئایدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامیدا، مامەڵە و ڕووبەڕووبوونەوەی ناوەند لەگەڵ کوردستان لەسەر بنەمای لۆژیکێکی هاوبەش بووە: هەر کاتێک کوردستان وەک کۆمەڵگەیەکی خاوەن ئیرادە، خاوەن کۆیادی مێژوویی و داخوازیی سیاسی دەرکەوتووە، وەڵامی زاڵی ڕێژیمەکان نەک گفتوگۆ و نەویکیشان، بەڵکوو کۆنترۆڵ، سەرکوت و سەپاندنی هەژەمۆنیی ئەمنییەتی بووە. لەم چوارچێوەیەشدا، گرتن، ڕەشبگیر، سەرکوت، دۆسیە بۆ دروستکردن، دژایەتیی دامەزراوە سەربەخۆکان و هەوڵدان بۆ وەدەرنانیان لە گۆڕەپانی هەڵسووڕان، گوشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی و بەرهەمهێنانی گێڕانەوەی پڕسووکایەتی و بەکەمگرتن، هەموویان بەشێک بوون لە سیاسەتێکی یەکپارچە. سیاسەتێک کە هەوڵ دەدات پرسی کورد نەک وەک پرسێکی سیاسی، ڕەوا و دێموکراتیک، بەڵکوو وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر قەوارەی تاران وێنا بکات.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە نابێ سەرکوتی کوردستان تەنیا لە ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی نیزامی یان ئەمنییەتیدا کورت بکرێتەوە. ئەم سەرکوتە ڕەهەندێکی سیمبولیک و گوتاریشی هەیە. کوردستان لە درێژەی ئەم ساڵانەدا، نەک هەر لە مافە سیاسی، فەرهەنگی و نەتەوەییەکانی بێبەش کراوە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا لە ڕەهەندەکانی شێواندنی واقعە سیاسی و مێژووییەکان، بەراوەژووپێشاندنی ڕاستییەکان و بچووککردنەوەشدا بەئامانج گیراوە. لە گێڕانەوەی فەرمیی حکوومەتی ناوەندی و هەروەها لە خوێندنەوەی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەراشدا، کورد زۆرجار نەک وەک کارەکتەرێکی سیاسیی خاوەن ماف، بەڵکوو وەک پەراوێزێک، کێشەیەکی بێزارکەر، یان گرووپێک کە دەبێ لەنێو نەزمی لەپێشدا پێناسەکراوی "ئێرانی یەکپارچە"دا بتوێتەوە، پێشان دراوە. ئەم جۆرە نیشاندانە، هەر زارەکی و زمانی یان هەر بەڕێکەوت یان نییە، بەڵکوو بەشێکە لە میکانیزمی سەرەکیی دەسەڵات.
لە مانگەکانی ڕابردوودا و ئێستاش، هەندێک هەڵوێست و دەربڕینی پڕسووکایەتی لەلایەن تەوژمە پاشایەتیخوازەکان و کەسایەتییە نزیکەکان لە ڕاستی توندڕەو هەر لەم ڕوانگەیەوە لێک دەدرێنەوە. واتە مەسەلەکە تەنیا چەند وشەیەک یان هەڵەیەکی سیاسی لەلایەن ئەوانەوەنییە، بەڵکوو ئەوەی هەستیارییە دروست دەکات و پەرە بە نیگەرانییەکان دەداتەوە؛ هەمدیسان بەرهەمهێنانەوەی هەمان ڕوانگە کۆن و سواوەیە کە کورد نەک وەک هاوبەش لایەنێکی یەکسان لە داهاتووی سیاسیی ئێراندا، بەڵکوو وەک توخمێکی لاوەکی و لاپرەسەن دەبینێت. هەر کەسێک و لە هەر شوێنێکدا کە کوردستان لە پێگەی سوژەیەکی مێژوویی و سیاسییەوە بۆ ئاستی هۆز و عەشیرەت یان پاشکۆ دابەزێنێت، لە ڕاستیدا هەڵگری هەمان نەریتی نکۆڵیکردنە کە ئەمجارەیان نەک تەنیا لەلایەن «مێزەرەبەسەر»ەکانی دەسەڵاتدار، بەڵکوو لەلایەن «کراوات-لەملەکانی" بەناو ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵاتەوە بەرهەم دەهێندرێتەوە.
گرنگیی ئەم بابەتە لەوەدایە کە زمانی سووکایەتی زۆرجار دەبێتە بەرایی سیاسەتی سووکایەتی و؛ لەو سۆنگەیەوە کۆمەڵگەی کورد هەر کاردانەوەی لەهەمبەر وشەکان نابێت؛ بەڵکوو بەرامبەر بەو یادەوەرییە مێژووییەی لەنێو وشەکاندایە هەڵوێست دەگرێت. ئەزموونی سەدەی ڕابردوو نیشانی داوە کە نکۆڵیکردن لە زماندا، زۆرجار بۆ نکۆڵیکردن لە سیاسەت و سڕینەوە لە کردەوەدا درێژ کراوەتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە ئەدەبیاتی پڕسووکایەتی و بەکەمگرتن، بەشێکە لە بەرگریکردن لە کەرامەتی سیاسی و مێژوویی کورد و کوردستان، نەک هەر بەتەنیا کاردانەوەیەکی هەستیەکی یان تەنیا ناسنامەیی.
لە تەنیشت ئەم پرسەدا، لە فەزای سیاسیی مانگەکانی ڕابردوودا، زۆرجار هەوڵ بۆ دروستکردنی ڕێکخراو و حیزبی کارتۆنی یان پڕۆژەی تا ڕادەیەکی زۆر کەمبایەخ بە ڕواڵەتی نیشتمانپەروەری-شاخوازانە بۆ دروستکردنی درز لە نێوان کوردەکاندا دراوە. بەدەر لە وردەکاریی ناسنامەیی و پێشینەی ئەو کەسانەی لەم بەناو حیزبانەدان، ئەسڵی ئەم نیگەرانییە تەواو جێی تێگەیشتنە؛ چونکە ئەزموونی مێژوویی نیشانی دەدات یەکێک لە ئامرازە هەمیشەییەکانی ناوەند لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەوروبەرە سیاسییە سەرپێچیکارەکان، تەنیا سەرکوتی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکوو بەرهەمهێنانی هێزی نێوەندگیر - بەبێ تێگەیشتنی سیاسی – کەمکاریگەر و هەروەها پاشکۆیە بۆ لاوازکردنی یەکگرتوویی هێزە سەربەخۆ و ڕەسەنەکان. ئەم سیاسەتە، ئەگەرچی ڕەنگە لە کورتمەودادا هەندێک باس و کەلێنی لێ بکەوێتەوە، بەڵام لە درێژخایەندا زیاتر لە هەر شتێک نیشانەی دەستەوستانیی تەوژمی ناوەندگەرایە لە قبوڵکردنی گفتوگۆی یەکسان لەگەڵ هێزە ڕاستەقینە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کوردستاندا.
هاوکات، لە ڕەفتاری کۆماری ئیسلامیدا سیاسەتی دووفاقێتی و یەکتربڕییەکی پتر دەبیندرێ. لە لایەکەوە، لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا باس لە گفتوگۆ، ئاگربەستی کاتی و ئیدارەکردنی قەیران دەکرێت، بەڵام لە لایەکی ترەوە، گوشار بۆ سەر کوردەکان لە نێوخۆی ئێراندا بە هۆی گرتن، لێپرسینەوە، هەڕەشە و دۆسیە بۆ دروستکردن و موشەکباران و بۆردوومانکردنی کەمپە مەدەنییەکانی سەر بە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێم، بەشێکی سەرەکین لە بەرنامەیەکی بەردەوام و ئامرازی ئەم سیاسەتەن.
ئەم جۆرە ڕەفتارە زیاتر لەوەی نیشانەی هێز بێت، دەربڕی ترسێکی پێکهاتەییە لە کۆمەڵگەیەک کە قەت بێدەنگ نەبووە و هەموو کاتێک توانای ڕێکخراوەیی و دەرخستنی ناڕەزایەتی و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی بەرگریی لە خۆیدا پاراستووە.
یەکێک لە هەڵە باوەکان لە تێڕوانینی ناوەند (تاران)دا ئەوە بووە کە کوردستان تەنیا وەک گۆڕەپانی قەیران! سەیر کراوە، یان وەک قوربانییەکی هەمیشەیی. لە کاتێکدا کوردستان لە تەنیشت هەموو ئەزموونە تاڵەکانی خۆی، یەکێک لە زیندووترین گۆڕەپانەکانی خۆڕاگریی سیاسی و کۆمەڵایەتی بووە لە ئێرانی هاوچەرخدا. کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی کەنەفت و بێدەنگ نییە، بەڵکوو کۆمەڵگەیەکی بزێو، بەرگریکار و خاوەن یادەوەریی بەکۆمەڵە. ژنان، لاوان، چالاکانی مەدەنی، بنەماڵە دادخوازەکان، زیندانییانی سیاسی، ڕووناکبیران و هێزەکانی بەرگری، هەر کامەیان پشکی دیار و بەرچاویان لە بەرهەمهێنانەوەی ئەم ژیانە سیاسییەدا هەبووە.
لەم نێوەشدا دەبێ بە ڕوونی سەیری پێگەی «پێشمەرگە» لە یادەوەریی سیاسیی کوردستاندا بکەین. پێشمەرگە تەنیا هێزێکی سەربازی نییە، بەڵکوو لە یادەوەریی بەکۆمەڵیی کوردستاندا هێمای خۆبەدەستەوەنەدان و سیمبولی بەرگری لە کەرامەتی مرۆڤی کوردە. نابێ هەرگیز لەبیر بکرێت کە لە کوردستاندا، شار و شاخ دوو ژینگەی لێکجیاواز نین، ئەمانە دوو ڕووی ئەزموونێکی مێژوویی و تەواوکەری یەکترین. یەکیان لە مەیدانی چالاکیی مەدەنی، ناڕەزایەتی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیدا و ئەوی تریان نیشانەیەکە بۆ بەردەوامیی بەرگری و ملنەدان بۆ نسکۆ و سڕینەوە.
ڕاپەڕینی «ژن، ژیان، ئازادی» جارێکی تر ئەم یەکپارچەیی و یەکانگیرییەی ئاشکرا کرد. ئەم دروشمەی دوای کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی لە کوردستانەوە بەرز بۆوە، زۆر زوو بوو بە زمانێکی جیهانی و توانی لە هەمان کاتدا چەندین ئاست لە جۆرەکانی سەردەستی بخاتە ژێر پرسیارەوە، وەک: باڵادەستیی پیاوسالارانە، دیکتاتۆریی سیاسی، هەڵاواردنی نەتەوەیی و توندوتیژیی پێکهاتەیی. گرنگیی ئەم ڕاپەڕینە بۆ کوردستان تەنیا لەوەدا نەبوو کە لەنێو جوگرافیای کوردستانەوە دەستی پێکرد، بەڵکوو لەوەدا بوو کە نیشانی دا کوردستان هێشتا توانای بەرهەمهێنانی مانا، زمان و ئاسۆی سیاسیی بۆ هەموو ئێران و تەنانەت لەوەش زیاتر هەیە. سەرکوتی ڕاپەڕینەکەش جارێکی تر نیشانی دا کۆماری ئیسلامی هێشتا دەستەوسانە لە وەڵامی سیاسی بۆ داخوازییەکانی کۆمەڵگە و لە ساتەکانی قەیراندا، جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ سەر هەمان مۆدێلی ناسراو، واتە توندوتیژی، ڕەشبگیر، سەرکوتی ئامانجدار و کوشتوکوشتار. بەڵام لە بەرامبەر ئەم سەرکوتەدا، ئەوەی لە کوردستان بیندرا تەنیا ئازار نەبوو، بەڵکوو جۆرێک لە خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی و مێژوویی بوو کە نیشانی دا ئەم کۆمەڵگەیە هەر دەم و ساتێک توانای بەرگری و ڕاوەستانی هەیە و لە ساتە مێژووییەکاندا خاوەنی ئایدیای بونیادنانەوەی خۆیەتی.
بۆیە ناکرێ کوردستان بە سیاسەتی حاشا یان بەکەمگرتن بێدەنگ بکرێت، بە سەرکوتی سەرشەقام پەراوێز بخرێت یان ئەوەی بە موشەک لە هاوکێشە سیاسییەکان داببڕیت. پرسی کوردستان نە بە سەرکوت چارەسەر بووە و نە بە گێڕانەوە بێمانا و چەواشەکارییەکان کان تێدا چووە. بەپێچەوانە، هەر جارێک کە ناوەند هەوڵی حاشا و سڕینەوەی ئەو دۆزەی داوە، کوردستان بە فۆڕمێکی نوێ گەڕاوەتەوە و لە هەمبەر ناوەنددا وەستاوەتەوە. ئەم گەڕانەوەیە تەنیا ئەنجامی کاردانەوە بەرامبەر بە سەرکوت نییە، بەڵکوو بەرهەمی هەبوونی یادەوەرییەکی مێژوویی زیندوو و ئیرادەیەکی بەکۆمەڵی بەردەوامە بۆ داخوازییەکی سیاسی کە دانی پێدا نەنراوە.
هەر پڕۆژەیەکی سیاسی کە لە ئێراندا بیەوێت باس لە دێموکراسی، دادپەروەری و داهاتوویەکی هاوبەش بکات، ناچارە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ کوردستان ڕوون بکاتەوە. بەبێ داننان بە ناسنامەی سیاسیی کورد لە ئێران و بەبێ تێپەڕین لە لۆژیکی سووکایەتی، حاشا و سیاسەتی بەئەمنییەتیکردن، هیچ بانگەشەیەک لەسەر داهاتوویەکی ئازاد و یەکسان مانا و متمانەی نابێت؛ دەسەڵاتداران و نەتەوەکانی نێو جۆگرافیای ئێران ناچار دەبن مێژوو دووبارە بکەنەوە و هەر جارێکیش بە شێوەیەکی کارەساتبارتر لە ڕابردوو.