کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی شەپۆلی سێدارەکاندا، سزای سێدارەدانی لاوێکی خەڵکی ئێسفەهان بە ناوی ''ئیحسان ئەفرشتە''ی جێبەجێ کرد.
ئیحسان ئەفرشتە کە تەمەنی ٣٣ ساڵ و دەرچووی کارناسی باڵای ئەندازیاری بووە، بە تۆمەتی ''سیخوڕی بۆ مووساد'' بەرەبەیانیی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕ لە سێدارە درا.
دەزگای بەناو قەزایی ڕێژیم وتوویەتی کە ناوبراو وەک کارناسی سایبێری لە شیرکەتێکی سەر بە دامەزراوە نیزامییەکان، زانیاریی هەستیاری گواستووەتەوە.
ئەم سزایە لە کاتێکدا جێبەجێ کرا کە هیچ زانیارییەک لەسەر پرۆسەی دادگاییکردنی ناوبراو بڵاو نەکراوەتەوە و ناوەندە مافی مرۆییەکان جەخت دەکەنەوە کە تۆمەتەکان تەنیا لەسەر بنەمای ''دانپێدانانی زۆرەملێ'' بووە.
بەپێی ئامارەکان، ڕێژیم لە ساڵی ٢٠٢٥دا زیاتر لە ١٦٠٠ کەسی لە سێدارە داوە، کە ئەمە بەرزترین ڕێژەی سێدارە لە ماوەی ٣٦ ساڵی ڕابردوودایە و وەک ئامرازێک بۆ تۆقاندنی کۆمەڵگە دوای شکستە سەربازییەکانی بەکاری دەهێنێت.