ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی پیشاندانی هێز و ترساندنی هاووڵاتییان، دەستیان بە ئەنجامدانی مانۆڕی شەوانە لە شارەکانی کوردستان کردووە و قوتابییانیش ناچار بە بەشداریکردن دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، لە شاری سەقز شەوانە لە کاتژمێر ٩ تا ١١، هێزە چەکدارەکان و بەکرگیراوانی ڕێژیم لە مەیدانی «هەڵۆ» کۆ دەبنەوە و بە داخستنی شەقامەکان و مانۆڕدان بە ماشین بەرەو پادگانی ئەرتەش، کەشێکی سەربازی دەخوڵقێنن. ئامانج لەم کارە پیشاندانی دەسەڵات و وەک خۆیان دەڵێن سەرکەوتنە لەم بارودۆخە سیاسییەدا.
هەروەها باس لەوە دەکرێت کە بەرپرسانی ڕێژیم پەنایان بۆ قوتابخانەکان بردووە و قوتابییان ناچار دەکەن لەم مەراسیمانەدا ئامادە بن، ئەگەر بەشدار نەبن هەڕەشەی بڕینی نمرەی وانەکانیان لێ دەکرێت.