کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ک. کۆمەڵایەتی: هەموو رۆژی ساڵ، رۆژی وەفاداری دەربڕین و ئەمەگناسی بەرانبەر بە شەهیدانە

21:18 - 10 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و لە پەیامەدا هاتووە هەموو شوێنی کوردستان شوێنی شەهیدانە و هەموو رۆژی ساڵ و ساڵەکان ڕۆژی وەفاداری دەربڕین و ئەمەگناسی بەرانبەر بە شەهیدان و پێراگەیشتن و رێزگرتن لە بنەماڵەکانیانە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
رۆڵەکانی نەتەوەی کورد!
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان!
ئەمڕۆ ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستانە. رۆژی یادکردنەوە لەو رۆڵە بوێر و فیداکارانەیە کە بیری ئازادیخوازی و نیشتمان‌پەروەری رێگای خەبات و خۆڕاگری پێشاندان. رۆژی رێزگرتن و ئەمەگناسی دەربڕین بەرانبەر بەو گیان‌بەخشانەیە کە بۆ ئاسوودەیی و بەختەوەری و بە ئازادی ژیانی نەتەوەکەیان و بۆ بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردستان، ژیانی ئاسایی خۆیان وەلانا و خۆبەختکەریی و گیانفیداییان گەیاندە لوتکەی بەرزی خۆی و بە بەخشینی گیان و خوێن و ژیانی خۆیان لە پێناو ئاوات و ئامانجەکانی کورددا سەریان نایەوە و بوونە رەمزی خەبات و خۆڕاگری و بە خوێنی خۆیان بەڵگەی نەتەوەیی بوون و رەوایی مافەکانی کوردیان مۆر کرد. بۆیە رۆڵەکانی نەتەوەی کوردیش وەک وەفاداری بە ئاوات و ئامانجەکانیان لە بەرانبەر ئەو بەخشینە گەورەیەداسەری رێزو نەوازش بۆ گیانی پاکیان دادەنوێنن.

خەباتی نەتەوەی کورد بە بەرینی خاکی کوردستانە و بست بە بستی ئەو خاکەش شوێنی لە ئامێز گرتنی شەهیدێکە. بۆیە هەموو شوێنی کوردستان شوێنی شەهیدانە و هەموو رۆژی ساڵ و ساڵەکان ڕۆژی وەفاداری دەربڕین و ئەمەگناسی بەرانبەر بە شەهیدان و پێراگەیشتن و رێزگرتن لە بنەماڵەکانیانە.

بەم حاڵەش بۆ ئەوەی رۆژێک لە ساڵدا وەک رۆژی شەهیدان دیاری بکرێ و لەو رۆژەدا یادی شەهیدان بەسەریەکەوە بکرێتەوە و ئەمەگناسی رۆڵەکانی کورد بە شێوەیەکی تێکڕایی بۆ شەهیدان دووپات بێتەوە، رۆژی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی لە سێدارەدرانی پێشەوای کورد قازی محەممەد، دامەزرێنەری حیزبی دێموکرات و یەکەم سەرکۆماری، کۆماری کوردستان و هاوڕێیانی لە ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاویدا وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان دیاری کراوە.

هەر بۆیە ئەمساڵیش لەو موناسبەتەدا بە لێک کۆبوونەوە یا بە شێوەی جۆراوجۆری دیکە یادی شەهیدان دەکەینەوە و سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی گشت شەهیدانی رێگای ئازادی و مافی نەتەوایەتی لە کوردستان و بەڵێنیان لەگەڵ نوێ دەکەینەوە کە درێژەدەری رێبازی پیرۆزی بە ئاوات گەیشتنیان بین و بە ئامانجەکانیان وەفادار بمێنینەوە و رێز لە بنەماڵەی بەڕێزیان وەک یادگاری ئەو شەهیدانە بگرین. هەر لەو موناسبەتەدا ئامۆژگارییەکانی پێشەوا قازی محەممەد بۆ رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە بیر و مێشکمان دا تاوتوێ بکەینەوە و بەرگری کردنی پێشەوا لە دادگا فەرمایشییەکەی رێژیمی شادا وەک بەڵگەیەکی مێژوویی بەهێز لە سەلماندنی رێبازی بە حەقی کورد و پێشەوا و رەوایی مافی نەتەوایەتی کورد و ئازادی و بەها مرۆڤییەکانی ئەو نەتەوەیە بخەینە بەرچاو و بیکەینە رەمزی بەردەوامی لە خەبات و پێداگری لەسەر مافەکانمان.
شانازییە بۆ خەڵک و رێبەرانی کوردستانی رۆژهەڵات کە هیچ کام لە رێبەرانی بە مەرگی سروشتی کۆچی دواییان نەکردووە، بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران پیلانی کوشتنیان بۆ دانراوە و بە شێوەیەکی ناجوامێرانە شەهید کراون.
ئەو راستیە باش دەزانین کە پێشەوای مەزن، لە کاتی گیرانیدا پێویستی بە پارێزەر نەبوو، لە دوا دیفاعی خۆیدا بە راشکاوی وتوویەتی: وا تێ مەگەن کە من لە یاساکانی ئێوە ئاگادار نیم، بە تەواوی دەمزانی بەر لەوەی ئەرتەش مەهاباد داگیر بکاتەوە پێش‌بینیم کردبوو کە لە سێدارە دەدرێم، هەر کات و ساتێکیش ویستبام دەمتوانی هەڵێم و خۆم رزگار بکەم. بەڵام بزانن من کەسێ نەبووم کە لە وەختی مەترسی دا هەڵێم. بۆ کوێ چووبام؟ ئێرە سەرزەمینی کوردستانە، نیشتمانی پیرۆزمە و گۆڕی هەشت پشت لە باب و باپیرانم دەناسم.

ئەم ووتە زێڕینانە، لە دەمی رێبەرێک هاتوونەدەر کە لە رۆژی هەڵبژاردنی بۆ سەرکۆماریدا بە قورئانی پیرۆز و ئاڵای کوردستان و شەڕەفی خۆی سوێندی خوارد کە تا دوا هەناسەی ژیانی گەلەکەی بەجێ نەهێڵێ و بە گیان و ماڵ پێشمەرگەی فیداکاری کوردو کوردستان بێ.

١٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لە حاڵێکدا یادی شەهیدان بەڕێزەوە دەکەینەوە و ئەمەگناسیمان بەرانبەر فیداکاریەکانیان دەردەبرینەوە کە کوردستان و نەتەوەی کورد لە زۆربەی بەشەکانی کوردستان لە بێ مافیدا ڕاگیراون و سەرکوت و ئەشکەنجە و لە سێدارەدانی رۆڵەکانی نەتەوەی کورد بە تاوانی ماف‌خوازی لەلایەن رێژیمەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا بە تایبەتی دەسەڵاتی جەهەننەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەر کوردستانی رۆژهەڵاتدا درێژەی هەیە، دیاردەی دزێوی تێرۆریزمیش کە هەرگیز بەرۆکی کوردی بەرنەداوە و رێبەرانی وەک دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و سەدان رۆڵەی دیکەی لە هەموو بەشەکانی کوردستان لە باوەشی کورد دەرهێناوە، تێرۆریزمی داعشیش بەرۆکی بە کورد لە کوردستانی باشوور و رۆژئاوا بە شێوەیەکی ئاشکراتر و بەرینێکی بەرچاوتر گرتووە، تیرۆریزمی دەوڵەتی جیانەکراوە لە ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامیش لە شێوەی جۆراوجۆردا، داعش ئاسا لە جیگای خۆیەتی و بە گشتی نەتەوەی کوردیان لە هەلومەرجێکی دژوارتردا داناوە. بەڵام بە خۆشیەوە ئامۆژگارییەکانی پێشەوای نەمر قازی محەممەد یانی یەکگرتوویی کورد بۆ پاراستنی خاکی کوردستان و دەربازبوون لە هەلومەرجی دژورا بە شێوەیەکی شیاو رەچاو دەکرێ و رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە خەبات دژی ئەم تێرۆریزمەدا بە جۆرێک سەرکەوتووبوون کە دەنگدانەوەیەکی جیهانی هەبووە، هەرچەند کاروانی شەهیدانی کوردی زیاتر و بە ئەژمارتر کردووە.

بۆیە لەو موناسبەتەدا رێز دەگرین لە خۆڕاگری رۆڵەکانی کورد لە شەڕی دژی تێرۆریستان و سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدانەی کە خۆیان فیدای پاراستنی خاکی کوردستان و نەتەوەی کورد کردووە.
بەشدارانی بەڕێزی رێوڕەسمی ١٠ی خاکەلێوە، رۆژی شەهیدانی کوردستان!
ئەرکی هەموو کوردێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرە، کە لەم رۆژەدا بە سەردان لە بنەماڵەی شەهیدان بە دانانی چەپکە گوڵ لەسەر مەزاری شەهیدان بە پێکهێنانی رێوڕەسمی یادکردنەوە و ئەمەگناسی دەربرین بەرانبەر بە شەهیدان هەستی گەل دۆستی و کوردپەروەرانەی خۆیان بە جۆرێک نیشان بدەن کە شیاوی ئازیزانی لە دەست چوومان بن. هەر بەو رۆژەشی بەرتەسک نەکەینەوە و لە هەموو رۆژانی ساڵدا، پێڕاگەیشتن و پێ گەیاندنی یادگارەکانی شەهیدان، یانی رۆڵەکانی ئەو شەهیدانە بە ئەرکی خۆمان بزانین و رێگا نەدەین رەوتی ژیانیان لە بێ نازیدا تێپەڕ بکەن.

پێشەوای کوردان، دەردی کۆمەڵانی گەلی کورد دەست نیشان دەکا و کلیلی دەرگای بەختەوەریان پێ دەدا و دەفەرمووێ: خوێندن و مەدرەسە دروست کردن، زاناو شارەزا و پسپۆر پەروەردە کردن، نەخۆشی لەش و دەروون لابردن، برینی دووبەرەکی ئاکاری خراپە ساڕێژ کردن و یەکیەتیی و برایەتی و کوردایەتی رەچاو کردن. لە دەرسەکانی سەرکۆماری شەهیدمانن.

لەو رۆژەدا جارێکی دیکە سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان بۆ گیانی پاکی پێشەوای نەمر قازی محەممەد سەرقافڵەی شەهیدان و هاورێیانی سەیفی قازی و سەدری قازی.

وەدیبێ ئاوات و ئامانجەکانی شەهیدان.
سەرکەوتوو بێ خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی، مافی نەتەوایەتی و دادپەروەری و یەکسانی.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی
١٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی