کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری رێژیم بۆسەر خەڵکی گوندێکی سەردەشت و بەتایبەت بنەماڵەی شەهیدان

14:27 - 9 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە رێگای جۆراوجۆرەوە گوشاری بۆسەر خەڵکی ئاوایی بێژوێ و بەتایبەت بنەماڵەی شەهیدانی ئەو ئاوایی‌یە هێناوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران رێکەوتی ٥ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی چوونەتە گوندی \'\'بێژوێ\'\' سەربە شارستانی سەردەشت داواین لە خەڵکی ئاوایی کردووە، چەک هەڵبگرن، بەڵام ئەو داواکارییەی هێزەکانی رێژیم لەلایەن خەڵکەوە رەت کرایەوە و هیچ بایەخ و گرینگییەکی لەلایەن خەڵکەوە پێ نەدرا.
بەپێی ئەم راپۆرتە هێزەکانی سپای پاسداران پاش ئەوەی کە هیچ کەس ئامادە نابێت چەک هەڵبگرێت، داوای دابینکردنی شوێنێکی تایبەت دەکەن بۆ دانانی پێگەی نیزامی، کە ئەو داوایەش لەلایەن خەڵکەوە رەت دەکرێتەوە و هیچ کەس ئامادە نابێت هاوکارییان بکات.
هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی بێژوێ بە \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: خەڵکی ئاوایی لەهەمبەر داوا ناڕەواکانی هێزەکانی سپای پاسداران یەک دەنگ و یەکگرتوو بوون کە ئەمەش نیگەرانیی هێزەکانی سپای پاسدارانی لێکەوتووەتەوە.
هەر بۆیە رۆژی دواتر واتە رێکەوتی ٦ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی، کۆمەڵێک پاسدار دیسانەوە دەچنەوە ئاوایی بێژوێ و بەشێوەیەکی ئامانجدار سەردانی بنەماڵەی شەهیدانیان کردووە.
ئەو هێزانەی سپای پاسداران، شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستانیان لە لای بنەماڵەکانیان بە فریوخواردوو لە قەڵەم داوە.
ئەو هاووڵاتییە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ، وتی: هێزەکانی رێژیم قەوڵ و بەڵێنی بە بنەماڵەی شەهیدان دەدەن کە ناوی کوڕەکانیان لە ئیدارەی بونیادی شەهید دەنووسن وهەروەها داوای وێنە و موشەخەساتی ئەو شەهیدانەشیان کردووە.
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ئاوایی بێژاوێ، ئەو داواکاریی و فریوکارییانەی هێزەکانی سپای پاسدارانیان لەمەڕ ناونووسینی شەهیدان لە ئیدارەی بونیادی بەناوی شەهید رەت کردووەتەوە.