کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری شۆرای رۆحانیەتی شاری سنە بۆسەر مامۆستایانی ئایینی سوننە مەزهەب لە جێژنی رەمەزاندا

18:35 - 9 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: شۆرای رۆحانیەتی شاری سنە گوشاریان بۆ مامۆستایانی ئایینیی ئەو شارە هێناوە و پێیان راگەیاندوون کە دەبێ لە رۆژی دیاریکراوی ویلایەتی فەقیهـدا جێژنی رەمەزان بگرن.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێژیم بە بانگهێشت کردنی مامۆستایانی ئایینی و ناردنی کورتەنامەی هەڕەشە ئامێز، لە هەوڵی بەڕێوەبردنی جێژنی رەمەزان لە رۆژی دیاریکراوی ویلایەتی فەقیهـدا بوو کە لەگەڵ بەرەنگاری گشتیی خەڵک بەرەوڕوو بووەوە.

لە وەڵامی هەوڵەکانی رێژیم لەمەڕ بەڕێوەبردنی ئامانجە سیاسییەکانی خۆی لە دیاریکردنی بۆنەکان، مامۆستایان و هاووڵاتییان رایانگەیاندووە کە رۆژی جێژن لەگەڵ شاری سلێمانی دەگرن.

دژایەتیی مامۆستایان و هاووڵاتییان، پچڕانی ئاوی زۆربەی گەڕەکەکانی شاری سنەی لە رۆژی دووشەممە و لە ئەنجامدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی لە بەر دەم فەرمانداریی شاری سنەدا لێ کەوتەوە.

لەم پێوەندییەدا رێژیمی ئیسلامیی ئێران رۆژێک پێشتر راگەیاندبوو، لە ئەگەری بەڕێوەچوونی رۆژی جێژنی رەمەزان لەگەڵ موسڵمانانی وڵاتانی ناوچەکە، مامۆستایانی ئایینی دەسبەسەر و زیندانی دەکات.

هەروەها هاووڵاتییان پێڕەوی مەزهەبی سوننە کە رۆژی دووشەممەیان وەکوو رۆژی جێژنی رەمەزان دیاری کردبوو کرانە ئامانجی هێرشی هێزەکانی رێژیم و هەروەها شەڕ و تێلکهەڵچوون لە نێوان هێزی ئینتزامی و سەلەفییەکانی مزگەوتی \'\'کانی‌کووزەڵە\'\' لە شاری سنە کە بۆ بەڕێوەبردنی نوێژی جێژن کۆ ببوونەوە، رووی دا.