کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٠٠ گوندی پارێزگای سنە لەگەڵ کێشەی کەمی ئاو بەرەوڕوون

23:21 - 29 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: زیاتر لەسەدا ٣٦ی گوندەکانی پارێزگای سنە لەگەڵ کێشەی کەمیی ئاو و بەتایبەت ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوو بوونەتەوە.


هەواڵدەرییەکانی پارێزگای سنە لە زاری بەرپرسی بەرێوبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی ئەو پارێزگایە بڵاویان کردەوە، ئێستا زیاتر لە ٦٠٠ گوندی پارێزگای سنە واتە لەسەدا ٣٦ی گوندەکان لەگەڵ گرفتی کەمیی ئاو بەرەوڕوو بوونەتەوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ٦٠٠ گوندی سەربە پارێزگای سنە رۆژانە کەمتر لە دوو کاتژمێر ئاویان هەیە.

کێشەی کەمی و نەبوونی ئاو لە گوندەکانی پارێزگای سنە لە حاڵێک دایە کە نیوەی ئەو گوندانە خزمەتگوزاری ئاو و ئاوەڕۆیان بۆ کراوە.

ژمارەیەکی بەرچاو لە گوندەکانی پارێزگای سنە ئاوی خواردنەوەیان لە رێگەی تانکێرە ئاو هەڵگرەکانەوە دابین دەکەن.

لە چەند ساڵی رابردوودا کەمی ئاو بووتە گرفتی زۆربەی دانیشتوانی گوندەکانی پارێزگاکانی سنە، ئورمیە، ئیلام و کرماشان.

کێشەی کەمیی ئاو لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران لە حاڵێک دایە کە زیاترین سەرچاوە ئاوییەکان لەو ناوچانە دان، بەڵام بەهۆی سازکردنی بەنداو لەلایەن رێژیمی ئێران و گواستنەوەی بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران، کەمیی ئاو و تەنانەت کەمیی ئاوی خواردنەوەی لە کوردستاندا لێ کەوتووەتەوە.