کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران و درێژەی سزای پێشێلکارانی ئەو گەمارۆیانە لەلایەن ئامریکاوە

20:42 - 6 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: کۆمێرتس بانک کە دووهەمین بانکی گەورەی ئاڵمانە، بە تۆمەتی پێشێلکردنی گەمارۆ پەسندکراوەکانی دژی ئێران، دادگایی دەکرێت.

هەواڵدەریی دویچە وێلە بڵاوی کردەوە دادگای مەنهەتنی نیویورک بەدواداچوون بە تۆمەتی کۆمێرتس بانک، دووهەمین بانکی گەورەی ئاڵمانی دەست پێ دەکات.

ئەم بانکە ئاڵمانییە بە پووڵشوویی، نەدانی مالیات و پێشێلکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی ئێران و سووریە تاوانبار کراوە.

پێشتر بەرپرسی کۆمێرتس بانک کە لەلایەن ئامریکا بە تۆمەتی یارمەتیدان بەبازرگانی ئێران و مامەڵەکردن بۆهێڵی کەشتیڕانی رێژیمی ئێران ٦٥٠ ملوێن دۆلارسزای نەختی کراوە، رایانگەیاندبوو کە بە مەبەستی پێشگیری لە درێژەدانی ڵێکۆڵینەوەکانی ئامریکا لە پێوەندی لەگەڵ پێشێلکرانی گەمارۆ ئابوورییەکانی رێژیمی ئێران، ئەو بڕە پارەیەی کە دیاری کراوە دەدات.

لە ساڵی ٢٠٠٩ی زایینیەوە کە گەمارۆ ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە دژی رێژیمی ئێران پەسند کراون، ژمارەیەکی زۆر کەس، شیرکەت و دامەزراوە کە لە هەوڵی یارمەتیدان بە رێژیمی ئێران و دەورلێدانی گەمارۆکان بوون، لەلایەن ئامریکاوە سزا دراون.

زۆربەی ئەو کەس و دامەزراوانە لەلایەن ئامریکاوە خراونەتە ناو لیستەی گەمارۆکان و هەندێکیش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە سزای نەختی مەحکووم کراون.