کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆمیتەكانی حیزبی دێمۆكرات و پارتی دێمۆكراتی كوردستان ـ دانمارك كۆبوونەوە

23:15 - 19 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: كۆمیتەكانی حیزبی دێمۆكرات و پارتی دێمۆكراتی كوردستان بە مەبەستی شرۆڤەكردنی رەوشی ئێستای كوردستان و گرژییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی عێراق، كۆبوونەوەیەكیان لە شاری كۆپێنهاگ پێكهێنا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا بەڕێز مووسا بەرپرسی گشتیی لێژنەی پارتی لە دانمارك وتی: پارتی و حیزبی دێمۆكراتی وەك دوو هێزی كوردستانی بەردەوام پێكەوە پێوەندییان هەبووە و وتیشی، ئێمە هێچ جیاوازییەك لە نێوان خۆمان و حیزبی دێمۆكرات دا نابینین، بۆیە پێویستە رۆژ بە رۆژ پەیوەندییەكانمان قووڵتر و بەرینتر بكەینەوە.
بەڕێز مووسا لە بەشێكیتری قسەكانی دا باسی پێوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی عێراقی كرد.
هەر لەو پێوەندییەدا سلێمان كەڵەشی بەرپرسی كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێمۆكرات لە دانمارك باسێكی لەسەر رەوشی ئێستای هەرچوار پارچەی كوردستان كرد و رووداوەكانی ئەم ماوەیەی بە دڵخۆشكەر لەقەڵەم دا و ئاماژەی بە سیاسەتەكانی حیزبەكەی لە دوای كۆنگرەی پانزدەهەم و نزیكایەتی نێوان لایەنەكانی كوردستانی رۆژهەڵات دا.
بەڕێز كەڵەشی باسی پێكهاتنی رێكکەوتنی نێوان حیزبی دێمۆكرات و كۆمەڵەی كرد و وتی: حیزبی دێمۆكرات تەواوی هەوڵی دەخاتەگەڕ هەتا بتوانێ‌ لایەنەكانی دیكەش بێنێتە ناو ئەو رێككەوتنە.
بەرپرسی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكرات لە دانمارك لە بەشێكی تری قسەكانیدا باسی پێوەندییە مێژووییەكانی نێوان پارتی و حیزبی دێمۆكراتی كرد.

4344.jpg

لەلایەكی دیكەوە شاندی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكرات ـ دانمارك بەشداریی لە یادی٣٧ مین ساڵەی ئەنفالكردنی كوردە فەیلییەكاندا كرد.
شاندی كۆمیتەی دانمارك پێكهاتوو لە سلێمان كەلەشی بەرپرسی كۆمیتەی گشتیی و سەعید سۆلتانپوور و دیار مەولایی ئەندامانی كۆمیتەی دانمارك، لەو كۆڕ یادەدا بەشدار بوون و بەو بۆنەوە پەیامێكیان پێشكەشی بەڕێوەبەرانی كۆڕ یادەكە كرد.

شاندی كۆمیتەی حیزب لەسەر بانگهێشتی فەرمیی كۆمەڵەی كوردە فەیلییەكانی دانمارك بەشداریی ئەو كۆڕ یادە بوون.