کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیتلاعاتی شاری بۆكان پێشی بە بەشداری كردنی زیندانییەكی سیاسیی لەتاقیكاری كۆنكووردا گرت

14:41 - 8 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: زیندانییەكی سیاسیی كورد لە گرتووخانەی شاری مەهاباد، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانی شاری بۆكانەوە ئیزنی پێنەدرا لە تاقیكارییەكانی كۆنكووردا بەشداریی بكات.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، قاسم رەحیمی ئازەر زیندانیی سیاسیی دەسبەسەركراو بە مەبەستی بەشداریی لەتاقیكارییەكانی كۆنكوور لە رشتەی علوم تجربیدا خۆی ئامادە كردبوو، بەڵام لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانی رێژیمەوە پێشی پێگیرا.
ماوەیەك لەمەوبەریش ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆكان دژایەتی لەگەڵ راگواستنی قاسم رەحیمی ئازەر و جەلال ناسری دوو زیندانیی سیاسیی كورد لەگرتووخانەی شاری مەهابادەوە بۆ زیندانی بۆكان كردبوو.
قاسم رەحیمی ئازەر و جەلال ناسری مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی شاری بۆكانەوە بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ حیزبێكی سیاسیی دژبەری رێژیمی ئێران دەسبەسەر كران.

ئەو هاووڵاتیانە دوای ٧٥ رۆژ راگرتنیان لەگرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا هەر كام بە وەسیقەی ٧٠ میلۆن تمەن ئازاد كران و رێكەوتی ١٩ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٠سەرجەم بە ١٣ساڵ زیندانی حوكم دران و دواتر ئەو حوكمەیان كرا ٤ ساڵ زیندانی بۆ هەر كامەیان.
لەلایەكی دیكەوە ماوەیەك لەمەوبەریش ناوەندە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئێران ئیزنیان بە بەشداریی كردنی جەماڵ قادر نژاد و جەلال ناسری دوو زیندانی سیاسیی كورد لەتاقیكارییەكانی زانكۆی پەیام نوور و پێش دانیشگاهیدا نەدابوو.