کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمام جومعەی پاوە جارێکی‌تر حیزبی دێموکراتی دایە بەر پلار و سووکایەتیی پێ کرد

18:40 - 4 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: مەلا قادر قادری ئیمام جومعەی پاوە، لە یەکەمین هەینیی ساڵی تازەدا، هێزشی کردە سەر حیزبە کوردییەکان و بەتایبەت حیزبی دێموکرات و تەلەفزیۆنی تیشک و سووکایەتیی پێکردن.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە یەکەمین وتاری هەینیی ساڵی نوێی ١٣٩٣ی هەتاویدا، پلارخستن و سووکایەتییەکانی ئیمام جومعەی شاری پاوە بۆ سەر حیزبی دێموکرات دەستی پێکرد.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: مەلا قادر نوێنەری خامنەیی لە پاوە، ساڵی ٩٢ی بەهۆی رووماڵ‌کردنی بەردەوامی پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکان لە تەلەفزیۆنە کوردییەکان، بە ساڵێکی ناخۆش و دڵتەزێن وەسف کردووە.
ئەم سەرچاوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، وتی: ئیمام جەماعەتی شاری پاوە پێگەی خۆی بە مەزڵوومانە لە قەڵەم داوە و لە هەمبەردا تەلەفزیۆنە کوردییەکانی بە زاڵم و ستەمکار وەسف کردووە.
مەلا قادر قادری لە وتارەکەی خۆیدا بە کەڵک وەرگرتن لە فێڵ و تەڵەکە هەمیشەیی‌یەکانی و خۆی بە کەسێکی مەزڵووم و ستەملێ کراو نیشان دا و لە بەرانبەردا حیزبە کوردییەکان بەهۆی پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی بیانی، بە زاڵم و زۆرکار و ستەمکار وەسف کردووە.
ئیمام جومعەی دەست نیشانکراوی بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان و پاوە، سەرسوڕمانی خۆی لە هاوهەڵوێستی و هاوپێوەندیی خەڵکی پاوەی لەگەڵ حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکە دەربڕیوە.