کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ژنانی دێموکرات بەبۆنەی ٢٥مین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو پیشانگایەکی کردەوە

17:08 - 8 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پیشانگای تایبەتیی یەکیەتیی ژنان کە بەبۆنەی ٢٥مین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو پێکهاتبوو، بەشداریی کرد.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوکاریی کۆمیتەی \'\'یایان\'\'ی ئەم رێکخراوەیە، رۆژی شەممە رێکەوتی ٧ی پووشپەری ١٣٩٣ی هەتاوی، بە بۆنەی ٢٥مین ساڵیادی تیرۆری د.عبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی، پیشانگایەکی لەژێر ناوی سیمای ژنی کورد و لەژێر دروشمی ژنی کورد، ئامانجی بەهێزترکردنی تواناکانییەتی کردەوە.

ئەو پیشانگایە لەلایەن \'\'حەسەن شەرەفی\'\'، جێگری سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی یەکیەتیی ژنان و کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات کرایەوە.

یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو سمینارە ئامانج لە کردنەوەی ئەم پیشانگایەی بەم جۆرە بە کوردستان میدیا راگەیاند: ئامانجی ئێمە وێڕای رێزگرتن لە ٢٥مین ساڵیادی رێبەری نەتەوەیی و یەکسانیخوازی گەلی کورد شەهید د. قاسملوو، نیشاندانی سیمای ژنی کورد لەژێر دەسەڵاتی دژە ژنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو کە لە ماوەی دەسەڵاتی ٣٥ ساڵەی سیستەمی سەرەڕۆی ئەم رێژیمەدا ژنانی کوردستان بەهۆی پرسی نەتەوەیی و یەکسانیخوازیی زیاتر لە هەرچین و توێژێکی دیکەی کۆمەڵگا بەرەوڕووی گرتن، ئەشکەنجە و سەرکوتی بێ بەزەیی‌یانە بوونەتەوە، بە جۆرێک دەبینین بەهۆی زاڵبوونی یاساکانی دژ بە ژنی رێژیمی ئیسلامی، ژنانی ئێران بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی بەدەستی دەیان قەیرانی سیاسی، ئابووری، کولتوری و کۆمەڵایەتی دەناڵێن و رۆژانە شاهیدی ئەو توندوتیژیانەین کەلە هەموو ئەم بوارانەدا بەژنان رەوا دەبیندرێ‌.

لە هەمانکاتدا ئامانجی دیکە لە کردنەوەی ئەم پیشانگایە ئەوە بوو کە سەرەڕای هەموو ئەو نابەرابەری و هەڵاواردنانەی کە بە زەبر و زەنگی سەرکوت لە دژی ژنانی کورد دەکرێت، بەڵام دیسان ژنانی ئازادیخواز و چاونەترسی کوردستان، ئامانجیان بەهێزترکردنی تواناکانیانە لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و تەسلیم نەبوون لە پێناو ویست و داخوازە رەواکانیاندا.