کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران ١٦هەمین وڵاتی بێکار لە جیهان‌دایە

23:58 - 17 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: گەمارۆ ئابوورییە پەسندکراوەکان دژی رێژیمی ئێران و ئابووری بەستراوە بە نەوت، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری لە ئێران و دابەزینی ئەو وڵاتە لە ریزبەندی وڵاتانی بێکار لە ئاستی جیهاندا.
بەپێی راپۆرتی سندووقی نێونەتەوەیی دراو کە سالانە وڵاتانی جیهان لە بواری رێژەی بێکارییەوە پلەبەندی دەکات، ئێران لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی‌دا لە بواری بێکاری، لە پلەی ١٦دا جێی گرتووە.

ئێران پاش سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکان لەلایەن یەکیەتیی ئورووپا و ئامریکاوە لەگەڵ بەرزبونەوەی رێژەی بێکاری بەرەڕوو بووەتەوە و رێژەی بێکاری لەم وڵاتەدا ساڵانە لەگەڵ داخرانی کارگە پیشەیی و بەرهەمهێنەرەکان لە حاڵی زیادبوون دایە.

بەپشت بەستن بە ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئێران، هەنووکە زیاتر لە ٢،٥ ملوێن هاووڵاتیی لە ئێران بێکارن و ئەم ریژەیش بەردەوام رووی لە بەرزبوونەوە دایە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ساڵانە زیاتر لە یەک ملوێن کەس بە ئاماری ئەو کەسانە کە خوێندنیان تەواو کردووە و بێکارن زیاد دەبێت.

بێکاری لە ئێران زیادبوونی ئاماری تەڵاق، گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و هەڵاتنی مێشکەکانی بەدواوە بووە.

کوردستانی رۆژهەڵات بەهۆی سیاسەتی هەڵاواردنی رێژیمی ئێران یەکێک لە بێکارترین ناوچەکانی ئێرانە.