کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران/ ٤ ملوێن منداڵ و مێرمنداڵ لە خوێندن جێماون

12:59 - 3 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: هەنووکە لەسەدا ٢٥ی حەشیمەتی ئێران کە لە تەمەنی خوێندواریدان ناڕۆنە قوتابخانەکان یا لە قۆناغی مێرمنداڵیدا واز لە خوێندن دێنن.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە کاتێکدا کە یاسای فێرکاریی بنەڕەتی لە وڵاتی ئێراندا نزیک بە سەد ساڵ لەمەوبەر پەسند کراوە بەڵام هەنووکە لانیکەمی ئیمکاناتی پەروەردە و فێرکردنی سەرەتایی لەو وڵاتەدا دابین نەکراوە.

لەماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا لە دەسەڵاتداریی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، حەشیمەتی قوتابییانی قۆناغە جیاوازەکانی خوێندن لە ١٩ ملوێن کەس بۆ ١٥ ملوێن کەس دابەزیوە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، تێچووی پەروەردە بەشێوەیەکی نێونجی لەسەدا ٦ هەتا ٧ی بەرهەمی ناخالسی وڵات لەخۆ دەگرێت، ئەوەش لە حاڵێكدایە ئەو رەقەمە لە ئێران کەمتر ٣/٥%ـە.

هەروەها بەپێی دوایین ئامارە بڵاوکراوەکان ژمارەی منداڵانی کاری ژێر تەمەن ١٥ ساڵ لە ئێران نزیک بە ١/٥ ملوێن کەس بەراورد کراوە.

پارێزگاکانی کوردستان، ئورمیە و خوراسانی باکوور کە لە پارێزگا کوردنشینەکانی ئێرانن زیاترین رێژەی نەخوێندەواریان لە ئێراندا هەیە.

نرخی نەخوێندەواری لە نێو کچانی ئەو پارێزگایانە، بەتایبەت ناوچە گوندنشینەکان زیاتر لەسەدا ٣٠ بەراورد کراوە.

لەو پێوەندییەدا بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانەکانی پارێزگای ئورمیە ٣ هەزار و ٤٠ ماموستای قوتابخانە لەو پارێزگایە کەمیی هەیە و کە ئەوەش راستەوخۆ لەسەر چۆنایەتی فێرکاری و ژمارەی زۆری ٤٠ هەتا ٥٠ قوتابیی لە پۆلەکانی وانە وتنەوە کاریگەری دادەنێت.

لە بەشی ئەلف بەندی دووهەمی ماددەی ١٣ی راگەێندراوی نێونەتەوەیی مافی ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و پەروەردە و فێرکردنی خۆڕایی کە ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی ئێران ئەو یاسا نێونەتەوەییەی واژۆ کردووە هاتوو: پەروەردە و فێرکردنی سەرەتایی دەبێت ئیجباریی و خۆڕایی بێت و کۆمەڵگا بە ئاسانی بتوانێت کەڵکی لێوەر بگرێت.

هەروەها لە بەندی دووهەم ئەسڵی سێیەمی یاسای بنەڕەتی رێژیمی ئێراندا هاتووە دەوڵەت ئەرکی ئەوەی لە ئەستۆیە تەواوی ئیمکاناتی پەروەردە و فێرکردن لە هەموو قۆناغ و ئاستەکانی خوێندن دابین بکات و هەروەها لە ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیدا هاتووە: دەوڵەت ئەرکی لە ئەستۆیە پێداویستیەکانی پەروەردە و فێرکردنی خۆڕایی بۆ هەموو کەس هەتا کۆتایی قۆناغی دواناوەندیی و خوێندنی باڵاش هەتا ئاستی خۆبژیوی وڵات خۆڕایی بێت.