کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەستاندنی پارە لە قوتابییانی روانسەر ناڕەزایەتیی بنەماڵەکانیانی لێ کەوتەوە

14:59 - 17 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: بەرپرسانی قوتابخانەکانی شاری روانسەر پارەی دابینکردنی سووتەمەنی و پێداویستییەکانی دیکەی قوتابخانەکان لە قوتابییان وەردەگرن و ئەمەش ناڕەزایەتیی بنەماڵەکانی لێکەوتووەتەوە.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بەرپرسانی دوو قوتابخانەی سەرەتایی شاری روانسەر لە پارێزگای کرماشان بەناوەکانی \'\'حەزرەتی زەینەب و ١٧ی شەهریوەر\'\'، دابیکردنی پارەی سووتەمەنی و هەندێ پێداویستیی دیکەی وەکوو تەختە رەش، پەردە، شۆفاژ و کۆمێدیان خستووەتە ئەستۆی قوتابییان.
هاووڵاتییەکی ئاگادار بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: لەو دوو قوتابخانەی سەرەتاییەدا پارەی خەڵاتی قوتابییانی نموونە و رێوڕەسمەکان و تەنانەت بۆنەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیشیان لە ئەستۆی قوتابییان داناوە\'\'.
ئەو هاووڵاتییە راشیگەیاند: لە دوایین حاڵەتدا بەرپرسانی قوتابخانەی سەرەتایی زەینەب لە شاری روانسەر بە بنەماڵەی تێکڕای قوتابییانیان راگەیاندووە، کە دەبێ هەر قوتابییەک بڕی ١٠ هەزار تمەن بۆ کڕینی کۆمێدی قوتابخانە رادەستی قوتابخانە بکەن.
بەپێی ئەم راپۆرتە، قوتابخانەی سەرەتایی زەینەب ٢٢٠ قوتابیی تێدا سەرقاڵی خوێندنە کە لە هەر قوتابییەک ١٠ هەزار تمەن لە بری کۆمێد، لەلایەن بەرپرسانی قوتابخانەکەوە وەرگیراوە. کۆی گشتیی ئەو پارەیە ٢ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەن دەکات لە حاڵێکدا بەرپرسانی قوتابخانەکە کۆمێدی قوتابخانەکەیان به بڕی ٢٠٠ هەزار تمەن کڕیوە.
گوشاری ئابووری و کەمیی داهات و دەست کورتیی زۆربەی بنەماڵەکان لەمەڕ دابینکردنی ئەو بڕە پارەیە و لە ئەنجامدا وازهێنان لە خوێندن، سیاسەتێکە کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران چەندین ساڵە لە کوردستانی ئێراندا گرتوویەتە بەر و بەو شێوەیە دەیهەوێ ئاستی خوێندەواریی نەتەوەی کورد لە کوردستان و ئێراندا کەم بکاتەوە.
بەپێی بەندی یەکی ماددەی ٢٦ی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ بۆ پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر و گشتگیر، هەموو کەسێک مافی پەروەردە و فێربوونی هەیە و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لانیکەم دەبێ پەروەردەی سەرەتایی و بنەڕەتیی بێ بەرانبەر بۆ هاووڵاتییان تەرخان بکات.
بەشی \'\'ئەلف\'\' لە بەندی ٢ی ماددەی ١٣ی جاڕنامەی جیهانیی مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و پەروەردەی بێ بەرانبەر، کە ئێران ساڵی ١٣٥٤ ناوەڕۆکی ئەو جاڕنامەیەی پەسند کردووە، دەڵێت: پەروەردە و بارهێنانی سەرەتایی دەبێ ئیجباری و بەبێ بەرانبەر بێت و تێکڕای کۆمەڵگا بە ئاسانی بتوانن لێی بەهرەمەند بن.
هەروەها له بەندی دووهەمی ئەسڵی سێیەمی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە: دەوڵەت ئەرکدارە تێکڕای ئیمکاناتی پەروەردە و بارهێنان بۆ هەموو ئاست و قۆناغەکانی خوێندن دابین بکات و هەروەها لە ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە، دەوڵەت ئەرکدارە پێداویستییەکانی پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر بۆ هەموو خەڵک هەتا کۆتایی قۆناغی دواناوەندی دابین بکات و خوێندنی باڵاش هەتا ئاستی خۆبژیویی وڵات بە شێوی بێ بەرانبەر پەرە پێ بدات.