کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڵێ بنۆک‌کۆمار هەموو شتێک "بی ‌فایده است"

15:44 - 31 خەرمانان 2722

دارسمە

سەرەتا سەردێڕی ئەم بابەتەم بە ڕستەیەکی لێکدراوی فارسی و کوردی دەست پێ کرد و مەبەستیشم تەنیا ئەمە بوو ڕستەیەکی نێو لێدوانی بەناو سەرۆک‌کۆماری ئێران لە بەرنامەی سەردانی بۆ نیۆیۆرک لە زمان خۆیەوە بڵێمەوە. "بلە ڕەئیسی" یان باشتر بڵێین "ئاخرین سەرۆک‌کۆماری" هەڵیت و پڵیت بێژی کۆماری ئیسلامی لە دوایین لێدوانیدا سەبارەت بە سەفەری بۆ نیۆیۆرک بە مەبەستی بەشداری‌کردن لە کۆڕی گشتیی ساڵانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، پێی‌وابوو لە وێندەرێ چاوپێکەوتن لەگەڵ جۆ بایدنی سەرۆک‌‌کۆماری ئەمریکا "بی‌فایده است".

بلەی‌ ڕەئیسی بە درێژایی تەمەنی خۆی و کۆماری ئیسلامی تەنیا ئەم ڕستەی "بی‌‌فایده است"ـه‌ی لێ‌ بترازێت، بە خۆی و بە سەرۆک‌ و بنۆکانی دیکەیشیانەوە، تەنانەت بۆ جارێک بەسەر ڕستەیەکی ڕاستدا کەوتوە.

ئێستا واباشە لە نێوبڕێکدا بڵێم لەم گۆشەیەی ڕۆژنامەی کوردستاندا بۆ ئەوەی باش مەبەستی دڵمان بقۆزینەوە، هێندێک جار به هۆی ناچاری بێت یان هەر بە هەوەسی خۆمان "وشە" یان ڕستەی فارسی دەخەینە نێو ئەم نووسینانە. دیارە ئەمە بۆ خۆێنەرانی ڕۆژنامەی "کوردستان" نابێتە ئاستەنگ و لەبەر ئەوەی زمانی فارسی کچەزا یان نەوەی ئەم زمانەی خۆمانە، کەسی وامان نییە لێی تێ نەگات. لەنێو ئێمەشدا ئەمە ڕاستە دایەپیره و باوەپیرە نەوەی خۆی خۆش دەوێت. ئێمەش هەرچەندە نەوەکەمان زۆر تێکەڵی ئەملاوئەولا بوبێت و خۆی لەنێو فرت‌وفێڵانەوە پێچابێت، وازی لێ ناهێنین و بەم جۆرەش بێت جاروبار یادی دەکەین.

بەڵی ئەوە نێوبڕەکەی ئەم بابەتە تەواو بوو و دەگەڕێینەوە سەر کۆبوونەوەی بەر لە ڕۆیشتنی بلەشێت بەرەو کۆڕی گشتیی ساڵانەی ڕێکخراوی نەتەوە  یەکگرتووەکان و بێ ئەوەی لەمە زیاتر درێژی دابدڕم، دەڕۆمە سەر باسە چڕەکەی ئێستام و دەچمەوە سەر ئەو ڕستەیەی بنۆک‌‌کۆماری ئێران بەر لە سەفەری نابەخێری بۆ کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردی.

ڕەئیسی بەرلە وەڕێکەوتنی بەرەو نیویۆرک ڕستەیەکی کەوتبووە سەر دەمی و دەیگوت لە نیویۆرک چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا "فایده ندارد." بەمجۆرە لە ئاخرین کۆبوونەوەی بەر لەم سەفەرەی لە کابینەکەی خۆی ڕووی کردە ئەو کۆمەڵە کۆنەپاسدار و کۆنەتێرۆریستانەی بە ناوی وەزیر و ئەندامانی کابینە ئێستاش خێرا پلەی ئەفسەربوونیان لە سوپای قودس بەرز دەبیتەوە. ڕەئیسی لەم کۆبوونەوە ڕووکردە گەلی دەوەزیران و گوتی " لەسەر فەرمایشتی ڕێبەر بە ترس ‌و لەرزەوە بەرەو نیۆیۆرک ڕێ دەکەوم. بەڵام بە گیانی ئەم ڕێبەر‌‌ەی منی ناو نا سەرۆک‌کۆمار و خۆی ئێستا لە گیانەڵڵادایە، چاو پێکەوتنم لەگەڵ جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکادا "بی‌فایدە ‌است".

ئەندامانی کابینەی ١٣ بەم ڕستەیەی بلەقرخن کەوتنە بیرکردنەوە و دەنێو خەیاڵاتان گەوزین و هەر کامەیان بە چەشنێک بیریان لە دەستەواژەی "بی‌فایدە است" دەکردەوە.

‌-‌  وەزیری کاروباری ئابووری هەرچەندی بیری لێ‌ دەکردەوە، زیاتر هەستی دەکرد پەلەقاژەی هەڵگرتنی گەمارۆی ئابووریی سەر ئێران "بی‌فایده است".

-‌  وەزیری تەندروستیش خەریک بوو دڵی خۆی بە هەرزانکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەواودەرمان خۆش دەکرد، بەڵام لەبنەوە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری  خێسەیان لێ‌ کرد و ئەویش لەبنەوە سەیرێکی کردن و بەتەواوی ساغ بۆوە، بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستیی خەڵک "بی‌فایده‌ است."

-‌  وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی هەرچەندی هەوڵیان دەدا سەربەخۆ و بەجیا بیر بکەنەوە، بەڵام وەک خوێندوارانی سەردەمی ئێستێ دەڵێن کۆی بیرکردنەوەیان هەر لەخۆڕا دەبوو بە یەک پاکێج و دەچوونەوە سەر هیلالی شیعە و لە دڵی خۆیاندا بە جووتە دەیانگوت ئەم هەموو پەلەقاژەیە لە دەوری حەشدی شەعبی و حیزبوڵڵا و حەماس و حووسی و مووسیان "بی‌فایدە‌ است."

-‌  وەزیری کشتوکاڵ لەم ئان‌وساتەدا هەوڵی ‌دەدا لە دڵی خۆیدا بیر لە بارانی بەڕەحمەت و پڕبوونەوەی بەنداوان بکاتەوە، بەڵام بەستێنی شەقار شەقاری زایەندەڕوودی بەر سی‌وسێ پۆلی ئیسفەهان لێی بوو بە دێوەزمە و دەخۆیەوە دەنووسا و ئەم ڕستەیەی بەرەو قوڕگی سەروبن کرد. لەکاتی قووتدانەوەیدا ڕوو بە سەرۆک‌کۆماری لە دەمی دەرپەڕی: بەڵێ گەورم "بی‌فایده است."

-‌  وەزیری پێوەندییەکان دەتگوت هەر لە کۆبوونەوەی کابینەدا نییە و مێشکی خۆی بۆ سنووردارکردنی تۆڕی ئینترنێتی بێ‌سنووری مانگیلەی دەستکرد ڕێک دەهێنا. لە ناکاو و وەک لە خەودا بە نەقیزە تێیان کوتابێت ڕووی کردە سەرۆک‌کۆمار و بەرزتر لەوانی دیکە گوتی بەڵێ گەورەم منیش دەڵێم "بی‌فایده است".

وەزیری ئیتلاعاتیش بەنێو بیرکردنەوە لە چاودێریی دزەکردنی ئیسرائیل بۆ نێو کۆبوونەوەکەی ئەمجارەدا شۆڕ ببۆوە، کەوتەوە یادی ڕاگوێزانی چەند تۆن بەڵگەنامەی ئەتۆمی لە تاران و لەسەرەخۆ بە گوێی ڕەئیسیدا چرپاندی: زۆرزۆر بەداخەوە: "بی‌فایده است."

وەزیری نێوخۆ سەرەتا خەریک بوو ژمارەی ئەو کۆڵبەرانه بیر خۆی بێنێتەوە بە تەقەی هیزی ئاسایشی نیشتمان پێکراون، بەڵام ئەوەندەی نەخایاند دەنگی دروشمی "مەرگ بەر دیکتاتۆر، بجەنگ تا بجەنگیم و ژن، ژیان، ئازادی" لەنێو کاسەسەریدا زرینگایەوە و وەک ئەوەی ئەوەی لە ناکاو دە ئاوی ساردت هەڵکێشابێت، بە پشووی هەڵماڵاوی و هەناسەی سارد و بە هانکەهانگەوە گوتی "بله قربان کاملەن بی فایده است."

بەڵی جەنابی بنۆک‌کۆمار هەموو شتێک "بی ‌فایده است"