
مستەفا مەولوودی
ماوەیەک لەوە پێش و دوای ئیمزاکردنی ڕەشنووسی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان ڕێژیمی ئێران و حکوومەتی ئەمریکا، هەیئەتێکی "شوڕای کاروباری ئەقوام، ئایین و ئایینزاکان" لە تارانەوە سەردانی چەند شارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردووە. ئەم شوڕایە وەک ناوەندێکی حکوومەتی کە بە یاریدەری تایبەتیی سەرۆککۆمار ناسراوە، بەپێی ئەرکی دیاریکراویان بەرپرسن لە بەدواداچوون بۆ ویست و داخوازییەکانی بە قەولی خۆیان "ئەقوام و گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگە. ئەم هەیئەتە لە سەردانەکەیان بۆ ئەو چەند شارەی کوردستان تەمای ئەوەیان بووە چەند پرسیارێک بەرەوڕووی کۆمەڵێک لە کەسایەتییە سیاسی، ڕووناکبیری و چالاکانی مەدەنیی ناسراو بکەنەوە و ئاکامی باس و ڕاوێژەکانیان بۆ تاران بەرنەوە.
جارێ پێش هەموو شتێک بەپێی زانیارییەکان نێردراوەکانی ڕێژیم لە فەرمانداریی چەند شارێکی کوردستان دیدار و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەو کەسانە بووە کە بۆ کۆبوونەوەکان بانگهێشت کراون، بەڵام پێش هەموو شتێک زۆربەی ئەو کەسانە بە دەنگیانەوە نەچوون؛ بۆ نموونە شاری وا هەیە زیاتر لە پەنجا کەس بانگهێشت کراون، کەچی کەمتر لە پانزدە کەس بەرەوپیلی داواکەیان چوون. لە کۆبوونەوەکەشدا و دوای ئەوەی پرسیارەکان خراونە ڕوو، زۆربەی بانگهێشتکراوان ڕاشکاوانە وەڵامیان داوەتەوە و لە کۆتاییدا ساغ بوونەتەوە پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەو کەسانەی بانگهێشت کراون و قسەیان لەگەڵ کردوون، کۆبوونەوەیەکی بەرین بە بەشداریی فەرماندار، بەرپرسی ئیدارەی ئیتڵاعات و فەرماندەی سوپای پاسدارانی ڕێژیم لە هەرکام لەو شارانە پێک بێنن و بابەتەکان وردتر و زیاتر بخەنە بەرباس. بەڵام دوای باسکردنی ئەو بابەتە لەگەڵ کەسایەتییەکان و پاش ئەوە خەڵکەکە بە دەنگیانەوە نەچوون؛ کۆبوونەوە بەرینەکەش پێک نەهاتووە.
بەڵام باس چییە؟ لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا ناوەندە جۆراجۆرەکانی حکوومەت و دەوڵەت زۆر جار بە پرسیاری لەو چەشنە و ڕاپرسییەکانیان هەوڵیان داوە بە پێوەندی گرتن لەگەڵ چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێندنەوەی نوی بۆ سیاسەت و پلان و بەرنامەکانیان بکەن. ئەوە کە چەندە وڵامی پرسیارەکانیان وەرگرتۆتەوە لەجێی خۆی، بەڵام ئاکامی نەگۆڕ و هەمیشەیی ئەو هەوڵانە ئەوە بووە دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی دەبێ ڕاستەوخۆ ئەو باسانە لەگەڵ حیزبەکانی کوردستان بێننە بەر باس، چونکی ئەوە حیزبەکانن نوێنەرایەتیی سیاسیی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان و داوا و مافەکانی کورد لە ئێران دەکەن.
کاتی خۆیشی لە دەیەی ٦٠ ی هەتاویدا رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە کە "کوردەکان چییان دەوێ؟"، ڕوویان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کردبوو و کاک دوکتور قاسملووش گوتبووی: "یانی ئەوان نازانن کورد چیی دەوێ؟!" پاشان بە گاڵتەوە گوتبووی: "پێیان بڵێن کورد دوو کیلۆی پیواز دەوێ!" ئەم پرسیارەی دەسەڵات خولانەوەیە لە بازنەدا، و لە ڕاستیدا مەبەستیش ئەوە نەبووە و نییە بزانن کورد چیی دەوێ وا واش نییە نەزانن کورد چیی گەرەکە و خەبات و تێکۆشانەکەی بۆ کام ئامانجە؟ تەنانەت ئەگەر بە وردی گوێ لە فایلی دەنگیێ وتووێژ و گفتوگۆی نێوان دوکتور قاسملوو لەگەڵ بەناو نێردراوانی ڕێژیمی ئێران لە ڤییەن، پێتەختی ئۆتریش بگرین، -هەر هەمان ئەو کۆبوونەوەیەی بۆ تێرۆری د. قاسملوو ڕێکخرابوو- ئەو پرسیارە جارێکی دیکە لە زاری بەناو دیپلۆمات بەڵام لە ڕاستیدا تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەکرێ و دوکتور قاسملوو، زۆر مامۆستایانە و وشیارانە وەڵامی دەداتەوە. ئەم خولانەوە لە بازنەی ئەم پرسیارەشدا نەک لەڕاستیدا بۆ وەرگرتنی وڵام بۆ چارەسەری ئەو پرسە، بەڵکوو لە ڕاستیدا بۆ دۆزینەوەی ڕێگا تاقینەکراوەکانی دیکە بۆ کوێرکردنەوەی کانیی بڕوا و مافخوازیی نەتەوەی کوردە، ئەو مافانەی ئەوان بۆ کوردی بە ڕەوا نابینن و هەتا ئێستاش هەم حاشایان لێ کردووە و هەم بە هەموو شێوازێک بەدژی وەستاونەتەوە.
جا ئێستا بۆ بەرچاوڕوونیی خوێنەرانی بەڕێز، لە زنجیرە نووسینێکدا خاڵ بە خاڵی ئەو چەند پرسیارەی نێردراوانی ڕێژیم بۆ کوردستان شەن و کەو دەکەم و وەڵامیشیان دەدەمەوە.
بۆچی حیزبەکان داوایان له خەڵکی کوردستان نەکرد بەشداریی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی (دوای ڕووداوەکانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار) بن، چەشنی ئەو ڕووداوانەی لە شارەکانی تاران، مەشهەد و... پێش هات؟
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێن: خەڵکی کوردستان، خەڵکێکی سیاسیی و بەزۆری دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و زیاتر لە چل و حەوت ساڵە لە دژی ئەو ڕێژیمە خەبات دەکەن و هەوڵ بۆ ڕووخاندنی و جێگیرکردنی نیزامێکی سیاسی و دێموکراتیک دەدەن ؛ سروشتییە نەتەوەی کورد پێشوازی و پشتیوانی لە هەر تێکۆشان و بەربەرەکانییەک بکات بە دژی ڕێژیمی ئێستای تاران، بەتایبەتی ئەگەر لەلایەن شەقام و گەلانی ئێرانەوە بێت. بە گشتی دانیشتووانی ئێرانیش باش دەزانن ڕێژیمی ئێران چ تاوانگەلێکی بەسەر خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان هێناوە. هەروەها بۆ سەرجەم گەلانی ئێران ڕوون و ئاشکرایە کاتێک بزووتنەوەی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی) لە کوردستان سەری هەڵدا و زیاتر لە سێ مانگ درێژەی کێشا، بوو بە سەردێڕی هەواڵەکانی هەواڵنێرانی جیهان. ئێرانییەکان لەسەر شەقام و لە کاتی ناڕەزایەتیدەربڕین بە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دروشمی "کوردستان چشم و چراغ ایران"یان دەگوتەوە. ئەو دروشمە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە خەڵکی کوردستان ڕێژیمی ئێرانی ناسیوە، ماهییەتی دەزانێت و ئاستی وشیاریی سیاسیی خەڵکی کوردستان و ڕەوایی خەبات و تێکۆشانیان بۆ هەمووان دەرکەوتووە. بەتایبەتی کە خەڵکی کوردستان خاوەنی هێزی ڕێکخراوەیی و سیاسیی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن و زیاتر لە هەشتا ساڵ ئەزموونی خەباتی سیاسی، بووەتە هەوێنی کارامەیی و لێهاتوویی لە ئاراستەکردنی بزاڤی سیاسی و کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان و ڕێکخستنەوەی هێز و پۆتانسێلەکان.
لە مێژووی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا خەڵکی کوردستان بە پێشەنگایەتی و دەوری فکری و مەیدانیی حیزبی دێموکرات و بە خەباتی مەدەنی و سیاسیی خۆیان ئاستێکی بەرزیان لە پێگەیشتوویی سیاسیدا دەستەبەر کردووە، بەڵام ئەگەر بەڕوونی وەڵامی ئەو پرسیارەمان دابێتەوە، دەبێ بڵێین:
یەکەم، کوردەکان لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و لوڕستان بە فراوانی بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا کرد و بە دەیان کەسمان شەهید و بریندار بوون و سەدان کەسمان دەستبەسەر کران. جیا لەوەش لە شارەکانی دیکەی ئێراندا وەک تاران و کەرەج، کەم نین ئەو کوردانەی بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکاندا کردووە و شەهید، بریندار بوون، یان دەستبەسەر کراون. واتە لە جێی خۆیدا ئەو قسەیە ڕاست نییە کە خەڵکی کوردستان لەگەڵ خەڵکی سەرانسەری ئێراندا بەشداریی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبوون.
دووهەم، خەڵک لە شارەکانی پارێزگای ورمێ و سنەش ئەگەر بە هەراوی بەشداری خۆپێشاندانەکان لەسەر شەقام نەبوون، بەڵام بە ئەکتی سیاسی و مەدەنیی لە بزووتنەوە و ناڕەزایەتییەکان دانەبڕان.
سێهەم، خەڵکی کوردستان پەیوەندیی سیاسی و ڕێکخراوەیی تۆکمەیان لەگەڵ حیزبەکاندا هەیە؛ واتە شەقامی کوردی بە پەیاموەرگرتن لە حیزب دەجووڵێت. مادام حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکیان هان نەدا بۆ بەشداری لە هاتنەسەر شەقامەکان -لە هەژدە و نۆزدەی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٤ی هەتاویدا- واتە حیزبەکان هەستیان بەو مەترسییە کردبوو کە ڕێژیمی ئێران گوشاری دەرەکی لەسەرە و بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک دەست لە هیچ تاوانێک ناپارێزێت و هێندەی دیکە تۆڵەی شکست و داماوییەکانی لە خەڵکی کوردستان دەکاتەوە. بۆیە حیزبەکان و یەک لەوان حیزبی دێموکرات، هەرچەندە لە ئازایەتی و ئیرادەی خەڵکی کوردستان دڵنیا بوون، بەڵام نەیانوویست بیانوو بدەنە دەست ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چاوسوورکردنەوە لە خەڵک و کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵک. بە باوەڕی من ئەوە سیاسەتێکی زۆر دروست و ئەقڵانی بوو.
پێوەندیی نێوان خەڵک و حیزبەکان چەند بەهێزە و کاریگەریی حیزبەکان لەسەر بیروڕای گشتیی کۆمەڵگەی کوردستان چەندە؟
بە بڕوای من ئەو پرسیارە خۆگێلکردن و خۆڵ لە چاوی خەڵککردنێکی تەواوە. لەبەر ئەوەی ئەوان دەزانن ڕەگ و ڕیشەی حیزبی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لانی کەم بۆ ساڵی ١٣٢١ی هەتاوی و دامەزراندنی کۆمەڵەی ژ.ک (ژێ کاف) دەگەڕێتەوە کە دوای سێ ساڵ ژ.ک دەبێتە چاوگە و بناغەی پتەوی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگدا کۆماری کوردستانی دامەزراندووە. ڕێژیمی ئێران پاش شۆڕشی گەلانی ئێران بۆ هەموو بابەتێک کە پەیوەندیی بە کوردستان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەبووبێت، ناچار بوون لەگەڵ نوێنەرانی حیزبە کوردییەکان و بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دانیشن یان هەوڵی دانیشتن بدەن. بۆ نموونە کاتێک پیاوانی ڕێژیم دوای شکستی نیزامیی یەکەمجاریان بەناو بۆ وتووێژ هاتنە کوردستان، بەردەنگیان حیزبەکان بوون؛ وەک دەستەی نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان کە لە حیزبی دێموکرات و مامۆستا مەلا شێخ عیزەدین و کۆمەڵە پێکهاتبوون. تەنانەت دەستەی نێردراوانی ڕێژیم بۆ ئەوەی نوێنەرانی خەڵک -کە حیزبەکان بوون- ببینن، ناچار بوون بێن بۆ گوندێکی بچووکی وەک بنووخەڵەف و لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا قسە بکەن.
کاتێک خومەینی فتوای جیهادی لە دژی کوردەکان -لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاویدا- دەرکرد و ناوی حیزبەکانی هێنا، و کاتێک لە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٥٨ی هەتاویدا خومەینی باسی لەوە کرد زانیاریی هەڵەیان لەسەر خەڵکی کوردستان پێداوە، هەر لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت حیزبی دێموکرات کەوتە دیالۆگ و گفتوگۆکردن. تەنانەت کاتێک پاسدار و بەسیجی بە دەستوور و فەرمانی تازە بە دەسەڵات گەیشتووان هێرشیان کردە سەر کوردستان، خەڵکی کوردستان شانبەشانی پێشمەرگەی حیزبەکان و لە ڕیزی ئەواندا لە بەرانبەر پەلاماری لەشکری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا وەستانەوە. ئەگەر کەسێک کات و دەرفەتی بووبێت و گۆڤاری "اصحاب الانقلاب"ی خوێندبێتەوە -کە سوپای پاسداران دەری دەکرد- و تەنانەت هەر سەرپێیی چاوی پێدا خشاندبێت و بەسەرهاتی ئەو پاسدارانەی خوێندبێتەوە کە لە شەڕی کوردستاندا کوژراون، یان بە کوشتنی خەڵکی کوردستان بوون بە سەردار و پلەیان بەرز کراوەتەوە، دەزانێت ئەوانە هەر بە هۆی پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبەکانەوە چ بەڵایەکیان بەسەر هاتبوو و تووشی چ کارەساتێک ببوون.
ئەوە کە ئێستاش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەستەوەستان و دۆشداماون، هەر لەبەر بوونی حیزب و پەیوەندیی قووڵی خەڵک و حیزبە. ئەوەش بە ڕوونی دیارە کاتێک ئەوان لاوانی کوردستانیان دەستبەسەر دەکرد و دەیانڕفاندن، هەر بە تاوانی حیزبیبوون بوو. ئێستاش هەرکات تاکێکی کورد بە بیانووی لێپرسینەوە و لێپێچینەوە دەستبەسەر دەکەن و تەنانەت کاتێک حوکمی بۆ دەردەکەن (سووک یان قورس و تەنانەت ئێعدام)، هەر بە تاوانی ئەندامەتی یان هاوکاری لەگەڵ حیزبەکاندایە. چەند مانگ پێش ئێستا ڤیدیۆیەک لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی بەرپرسانی سوپای پاسدارانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بۆوە کە تێیدا قسە لەسەر سەرکوتکردنی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان و ئەندامانی حیزبەکان -بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران- لە بنکە و بارەگاکانیان و کەمپەکان کە شوێنی حەوانەوەی ژن و مناڵی پێشمەرگەکان دەکەن. یەکێک لە بەشداربووان دەڵێت: "ئەگەر ئێمە هەموو ئەوانەی لەو شوێنانەن بکوژین، دیسان دێموکراتمان تەواو نەکردووە، لەبەر ئەوەی ئەو خەڵکە هەمووی دێموکراتە." لەڕاستیدا ئەوان زۆر چاک دەزانن پەیوەندیی خەڵکی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر قووڵ و ڕیشەیی و مێژووییە. ئەوەی ئەو پرسیارە دەکەن لە ناشارەزایی و بێ زانیارییانەوە نییە، بەڵکوو یەکەم بۆ چەواشەکاری و خۆڵکردنە چاوی خەڵکی کوردستانە. دووهەمیش بۆ ئەوەیە لە ئێستادا کە گڵۆڵەیان کەوتووەتە لێژی، نیگەرانی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران و کوردستانن و بەو جۆرە دەیانهەوێت بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، جڵەوی دۆخەکەیان لەدەستدا بمێنێت.
ئاخۆ دەکرێ کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی و مەدەنی لە شارەکان ڕاسپێردرێن سەردانی حیزبەکان بکەن و ببنە پردی پێوەندیی نێوان دەوڵەت و حیزبەکان؟
ئەو پرسیارەی ڕێژیم ئاماژەیە بۆ ئەوەی بۆخۆیان دەزانن پەیوەندیی نێوان خەڵکی کوردستان و حیزبەکان چەندە قووڵ و تۆکمەیە و دەزانن دەستەبژێری نێو کۆمەڵگە و ڕێبەرانی حیزبەکان بە باشی لە یەکتر تێدەگەن. ئەوەش کە لە کاتی تەنگەتاویدا کاربەدەست و پیاوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هانا بۆ بژاردەی کورد دەبەن، نیشانەی ئەوەیە دەزانن خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانیان دووانەیەکی لێکدانەبڕاون، بۆیە لە تەنگانەدا پەنایان بۆ دەبەن تا بەڵکوو بۆ ماوەیەکی کورتییش بێت، خۆیان لە تووڕەبوونی کوردان دوور بخەنەوە. ئەوەش بڵێین ڕێژیمی ئێران باوەڕی بە مافی خەڵکی ئێران و بەتایبەت خەڵکی کوردستان نییە؛ هەرچییەکیش دەکات، چەواشەکاری و ئاڵۆزکردنی بابەتەکانە، دەنا حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان -بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران- لە هەر کەس و لایەنێک باشتر گوێ لە خەڵکی کوردستان دەگرن و دەزانن ئەوان پەیامهێنەری ڕاستەقینەی ویست و داخوازییەکانی خەڵکن، کە حیزبەکان بەتایبەتی حیزبی دێموکرات بەڕێوەبەریی و ئاراستەی دەکەن.
چۆن بوو حیزبەکان بەشداریی شەڕی ئەمریکا و ئیسڕائیل دژ بە ئێرانیان نەکرد؟
حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێگەیشتوون و بە هەستیارییەکی زۆرەوە سەیری ڕووداو و پێشهاتەکان دەکەن؛ ئامادە نین بەبێ خوێندنەوە و لێکدانەوەی تەواو دەستپێشخەری یان هەنگاو بنێن. کاتێک شەڕی دوازدە ڕۆژە و بەتایبەت چل ڕۆژە هاتە ئاراوە، دەرکەوت:
یەکەم، ئەو شەڕە شەڕێکی ئاسمانی بوو، حیزبی کوردییش ناتوانێت لە شەڕی وادا ڕۆڵی هەبێت. دووهەم، ئەو شەڕە بەتەنیا لە کوردستاندا نەبوو تا ئەگەر بەناچارییش بێت کوردی ڕۆژهەڵات تێوەبگلێت. سێیەم، ئەوانەی لایەنێکی شەڕەکە بوون -بەتایبەتی ئەمریکا- لەو بارەیەوە هیچ پرس و ڕایەکیان بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەکردبوو و پاشان لە هەمووی گرنگتر ئامانجی ئەو شەڕە بوو. بە بڕوای من، ئامانجی ئەو شەڕە گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو؛ هەر وەک چەندین جار بەرپرسانی پایەبەرزی ئەمریکا ئەوەیان ڕاگەیاندبوو و لە یاداشتی "لێکتێگەیشتن"ی حکومەتی ئەمریکا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئەوە بە ڕوونی دەبینرێت. بەڵام ئامانجی سیاسیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕووخانی ڕێژیمی ئێران و دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسیی دێموکراتیک و فیدراڵییە؛ ئەمەش خاڵی جەوهەریی جیاوازیی ئەو شەڕەیە لە ئامانجدا. جیا لەوەش، جیاوازی لە تاکتیکی جۆری شەڕەکەدا هەیە؛ شەڕی ئەمریکا شەڕی درۆن، مووشەک و بۆمب بوو، بۆیە لەگەڵ تاکتیکی شەڕی پێشمەرگەدا زۆر جیاوازە.
جیاواز لە سەرجەم ئەو هۆکارانە ژیان و چارەنووسی خەڵکانی ئێران لە ئێستادا بەیەکەوە بەستراوەتەوە و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دەبێ بەیەکەوە خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و جێگیرکردنی نیزامێکی سیاسیی دێموکراتیک و فیدراڵ لە وڵاتدا بکەن.
ئەگەر بوودجەیەک بۆ بزاوتە مەدەنی و کولتوورییەکان لە کوردستان تەرخان بکرێ، چ کاریگەرییەکی لەسەر پڕکردنەوەی کەلێنەکانی نێوان خەڵکی کوردستان و دەسەڵاتدا دەبێت؟
من لام وابێت پیاوانی ڕێژیم خۆیان وەڵامی ئەو پرسیارە دەزانن کە کردوویانە. ئەوە ئەرک و وەزیفەی ڕێژیمە بۆ هەموو کار و پێویستییەکان بودجە تەرخان بکات. ئەوە هیچ باشە و چاکەیەک نییە کە لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا دەیکەن، بەڵکوو ئەرکی سەرشانی حکومەتە کە دەبووا ڕێژیم لە چل و حەوت ساڵی ڕابردوودا بەبێ هەڵاواردنی کوردستان بیکردبا. جا بۆیە خەڵکی کوردستان هیچ بایەخێک بۆ ئەو پرسیارە دانانێن و حسابی لەسەر ناکەن، بۆ؟ چونکی دەزانن ڕێژیم درۆ دەکات و لە کوردستاندا هیچ بودجەیەک بۆ کاری مەدەنی، کولتووری و کۆمەڵایەتی تەرخان ناکات. دوایەش هەمووان دەزانین لە ئێستادا ڕێژیم گیرۆدەی گەورەترین قەیرانی داراییە و پارەی ئەوەندەی نییە هەتا پێداویستییە سەرەکییەکانی پێ دابین بکات، چ بگات بەوەی بتوانێت پارە بۆ کاری مەدەنی ئەویش لە کوردستان تەرخان بکات. بۆیەشە خەڵکی کوردستان هیچ ئومێدێک بە قەول و بەڵێنی ڕێژیم نابەستن و پشتئەستوور بە هێز و توانای خۆیان هەنگاو بەرەوپێشێ دەبڕن.
پرسیاری شەشەمی نێردراوانی ڕێژیم ئەوە بووە: خەڵکی کوردستان تا چ ڕادەیەک بەشداریی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی خامنەیی دەبن؟
ئەوکات کە ئەو شاندە هاتوونەتە کوردستان، ڕێژیم پاش شەش مانگ هێشتا تەرمی خامنەیی بەسەر دەستیدا مابۆوە. بەڵام ئەوان کولتووری کورد دەناسن و دەزانن کورد ڕێزی بۆ مردوو هەیە، بەتایبەتی ئەگەر کەسێکی شەریف بێت و شەڕەگێز نەبێت، تەنانەت ئەگەر نەشیناسن.
پیاوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە پێگەی خۆیان و ڕێبەرەکەیان باش دەناسن و دەزانن چەندە بێ قەدر و قیمەتە، بۆیە لە بەشدارینەکردنی خەڵکی کوردستان زۆر زۆر نیگەران بوون. ئەوان سەرەڕای ئەو شەڕە قورسەی بەسەریاندا سەپاوە، زیاتر نیگەرانی ڕاپەڕینی خەڵکن و پێوەندیدار بە کۆبوونەوەی جەماوەری لە کوردستان بە هەستیارییەوە لەو بابەتەیان دەڕوانی.
ئەوان دەزانن کە کورد بە مەیلی خۆی لەو پرسەدا بەشداری ناکات، و ئەگەر چەند دە کەسێکیش بەشداری بکەن، تەنانەت ئەوانیش بە ئیرادەی خۆیان بەشداری ناکەن، بەڵکوو بە فشار و زۆریی پیاوانی ڕێژیم و بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆیانە. لام وابێت زۆر کەس ئەو کورتە ڤیدیۆیەی دیوە، کە لە سەردەمی پەهلەویی دووەمدا کۆمەڵێک کەسایەتیی ئێرانی دەبەن بۆ بینینی شا؛ هەموویان بە جۆرێکی تایبەت دەستی شای ئەوکات ماچ دەکەن، بەڵام کوردێکی ئازا و جوامێر بە جلوبەرگی کوردییەوە زۆر جوامێرانە لە بەرامبەر شا دەردەکەوێت و بەوپەڕی سەربەرزییەوە بێ ئەوەی بچەمێتەوە، کاتێک شا دەستی بۆ دەبات هەتا ئەو ماچی بکات، پێچەوانەی چاوەڕوانیی هەموو بەشداربووانی ئەو کۆڕە و خودی شاش، کوردەکە تەنیا تەوقەی لەگەڵدا دەکات و دەستی ماچ ناکات، هەرچەند دڵنیا بووە لەوەی بەو ڕەفتارە جوامێرانەیە مەترسی لەسەر سەر و ماڵی دروست دەبێت! ئەمن زانیاریم لەسەر چارەنووسی ئەو کوردە ئازا و بەغیرەتە نییە، بەڵام بیستوومە بەداخەوە لەسەر ئەو جوامێرییە سەری داناوە و لەسێدارەش دراوە. بەڵێ، دوژمنانی گەلی کورد، کورد باش دەناسن، بۆیە ئەو پرسیار و نیگەرانییەیان بۆ دروست ببوو.