کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت: دابەزینی بەرچاوی داهاتی نەوت، قەیرانی ئابووریی ڕێژیمی ئێران قووڵتر دەکاتەوە

11:48 - 18 خەرمانان 2726

دابەزینی بەرچاوی هەناردە و داهاتە نەوتییەکانی ڕێژیمی ئێران بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، سەرچاوە دراوییەکانی دەسەڵاتی تارانی زیاتر لە پێشوو خستووەتە ژێر گوشارەوە؛ ئەمەش هاوکات لەگەڵ دابەزینی بەهای ڕیاڵ و هەڵاوسانی سەرووی ٨٠ لەسەد، قەیرانی ئابووریی کۆماری ئیسلامیی قووڵتر کردووەتەوە؛ بارودۆخێک کە بە کەمبوونەوەی بەرچاوی یەدەگی نەوتی سەر ئاو و پێشبینیی پووکانەوەی ئابووری بە ڕێژەی ٥.٤ لەسەد، ئەم پرسیارەی هێناوەتە ئاراوە کە ئایا گوشارە ئابوورییەکان دەتوانن بەرپرسانی ڕێژیم ناچار بە پاشەکشە بکەن یان نا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی «واڵ‌ستریت ژورناڵ» کە ڕۆژنامەی «ئورشەلیم پۆست»یش بڵاوی کردووەتەوە، داهاتە نەوتییەکانی ڕێژیمی ئێران بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی ئەمریکاوە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و گوشارەکان بۆ سەر ئابووریی قەیران‌لێدراوی ئەو دەسەڵاتە زیادی کردووە. داتاکانی دامەزراوەی «کێپلێر» بۆ پێوەربەندی و شوێنگەپێهەڵگرتنی نەوتهەڵگرەکان دەریدەخەن کە لە کاتی دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لە نێوەڕاستی مانگی ژوئیەوە، هیچ بارێکی نەوتی خاوی سەر بە ڕێژیم نەیتوانیوە لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕێت و ئەو نەوتەی کە تا ئێستاش لە نێو کەنداوی فارسدا بار دەکرێت، دەرفەتی دەرچوونی لە ناوچەکەوە نییە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کێپلێر، قەبارەی نەوتی خاوی ڕێژیمی ئێران کە پێشتر لەسەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و لە دەرەوەی بازنەی گەمارۆکەدا بوو، لە نزیکەی ٩٠ ملیۆن بەرمیل لە نێوەڕاستی مانگی ژوئیەوە بۆ نزیکەی ٢٩ ملیۆن بەرمیل دابەزیوە و ئەگەر ئەم ڕەوتەی ئێستا بەردەوام بێت، لەوانەیە ئەو یەدەگە هەتا مانگی داهاتوو تەواو ببێت. دەسەڵاتی تاران هەروەها لە مانگی ئۆگۆستدا ڕۆژانە نزیکەی ٢٥٥ هەزار بەرمیل نەوتی لە کەنداوی فارسدا بار کردووەتە سەر نەوتهەڵگرەکان، کە ئەمەش ٨٥ لەسەد کەمترە لە تێکڕای مانگەکانی فێبریوەری هەتا ئاڤریل.

سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش جەختی کردووەتەوە کە لە کاتی دەستپێکردنەوەی گەمارۆکەوە، هیچ بارێکی نەوتی خاوی ڕێژیمی ئێران بە سەرکەوتوویی لە گەرووی هورمزەوە بە مەبەستی گەیشتن بە چین تێنەپەڕیوە. بە وتەی ناوبراو، کەڵەکەبوونی نەوت لەسەر کەشتییە گیرخواردووەکانی ناوچەکە، سنوورداربوونی توانای کۆگاکردن و کەمبوونەوەی داهاتەکانی هەناردەکردن، ڕێڕەوی سەرەکیی داهاتی دراویی دەسەڵاتی تارانی خستووەتە بەردەم گوشارێکی ڕۆژلەدوای‌ڕۆژ زیاترەوە.

هاوکات، هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکانیش لە گەرووی هورمزەوە کەمی کردووە؛ ڕۆژی سێشەممە تەنیا شەش کەشتیی بارهەڵگر لەو گەرووەوە تێپەڕیون، لە کاتێکدا تێکڕای ١٠ ڕۆژی ڕابردوو نزیکەی ١٢ کەشتی بووە. بەپێی داتاکانی سەرەتایی کێپلێر، ٢٥ کەشتیش لە گەرووی بابولمەندەبەوە تێپەڕیون کە ئەم ژمارەیەش کەمترە لە تێکڕای نزیکەی ٢٧ کەشتی لە ماوەی ١٠ ڕۆژی پێشوودا.

ئەم گوشارانە لە کاتێکدا ڕووبەڕووی ئابووریی ئێران دەبنەوە کە هەڵاوسانی ساڵانە لە سەرووی ٨٠ لەسەد ڕاگەیەندراوە و سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) بۆ ساڵی ٢٠٢٦ دابەزین و پووکانەوەی ٥.٤ لەسەدی بۆ ئابووریی ئێران پێشبینی کردووە؛ ڕێژەیەک کە واڵ‌ستریت ژورناڵ وەک توندترین پووکانەوەی ئابووریی ئێران لە دەیەی ١٩٨٠ـەوە تا ئێستا وەسفی دەکات. نزیکەی یەک لەسێی بوودجەی حکوومەت لە داهاتی نەوت دابین دەکرێت و ئەم داهاتانە سەرچاوەی ڕاستەوخۆی تێچووە سەربازییەکانی ڕێژیمن، لەوانەش بودجەی سوپای پاسداران. وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە دەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە کۆمپانیا ساختەکان (کارتۆنییەکان) و تۆڕی ناسراو بە «کەشتیگەلی سێبەر»، نەوتی خاو دەفرۆشن و لەم ڕێگەیەوە سەرچاوە داراییەکانی خۆیان دابین دەکەن؛ ئەو تۆڕانەی کە زۆربەیان کەوتوونەتە بەر گەمارۆکانی ئەمریکا.

سەرەڕای پەرەسەندنی گوشارە ئابوورییەکان، شارەزایان سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەم دۆخە دەتوانێت تاران ناچار بە پاشەکشەی سیاسی بکات، هەڵسەنگاندنی جیاوازیان هەیە. حەمەد حوسێن، ئابووریناس، لەو بڕوایەدایە کە ئەنجامی کۆتایی بەستراوەتەوە بەو ئاستە لە گوشار کە ڕێژیمی ئێران ئامادەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەربازی و ژێئۆپۆلیتیکییەکانی خۆی بەرگەی بگرێت. عەلی گرانمایە، شارەزای پرسی ئێران لە ئەنجومەنی پێوەندییە دەرەکییەکانی ئورووپا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە گوشارەکانی ئەمریکا کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر ژیانی خێزانەکانی ئێران دادەنێت، بەڵام بەڵگە بەردەستەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ڕێژیم پێدەچێت لە بەرامبەر ئەم گوشارانەدا خۆڕاگری بکات.

لە هەمان کاتدا، واشینگتن بەردەوامە لە سەپاندنی گەمارۆ نوێیەکان بەسەر ڕێژیمی ئێراندا. سکۆت بێسێنت باسی لە خولێکی نوێی گەمارۆکان کردووە دژ بەو کۆمپانیایانەی بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی هێڵی ئاسمانیی «ماهان‌ئێر» (سەر بە سوپای پاسداران) و هۆشداریی دا ئەو کۆمپانیایانەی کە لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکانی دیکەی ئێراندا هاوکاری بکەن، ڕەنگە لە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی وەلا بنرێن و بێبەش بکرێن.

بەپێی خەمڵاندنی کێپلێر، ڕادەستکردنی نەوتی ڕێژیمی ئێران لە یەدەگەکانی پێشووی لە ئێستادا نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدایە کە بەشە سەرەکییەکەی بۆ چین دەڕوات؛ سەرباری ئەمەش، بەردەوامیی ئەم ڕەوتە دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی کە یەدەگە نەوتییە سەرئاوەکانی حکوومەت تا نێوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەر تەواو ببن. هەروەها واڵ‌ستریت ژورناڵ ڕاپۆرتی داوە کە داهاتی بەدەستهاتوو لە بارەکانی پێشوو ئەگەری زۆرە تا نێوەڕاستی مانگی دێسەمبەر دابەزێت و توندتربوونی گەمارۆکانی ئەمریکا دەتوانێت وەرگرتنی ئەو پارانە بۆ ئێران ئەستەمتر بکات.

بە گشتی، کەمبوونەوەی یەدەگی نەوتی سەر ئاو، سنوورداربوونی هەناردەکردن لە ڕێڕەوی گەرووی هورمزەوە و پەرەسەندنی گوشارە دارایی و سزاکان، سەرچاوەکانی داهاتی ڕێژیمی ئێرانی لەگەڵ سنوورداربوونێکی ڕۆژلەدوای‌ڕۆژ بەرەوڕوو کردووەتەوە؛ ڕەوتێک کە هاوکات لەگەڵ هەڵاوسانی بێ‌سەروبەرە و پووکانەوەی ئابووری، گوشارەکانی سەر کۆماری ئیسلامیی گەیاندووەتە ئاستێکی بێ‌پێشینە و ئاسۆی بەردەوامیی قەیرانی دارایی و ئابووریی لە ئێراندا زیاتر تاریک و ئاڵۆز کردووە.