
شاڕوخ حەسەنزادە
چەند ڕۆژ لەمەوبەر، بۆ جارێکی دیکە ڕێگەی سنە–هەمەدان خەڵتانی خوێن و گڕ و دووکەڵ بوو و تەمی خۆڵەمێشی پڕ لە شین و ڕۆڕۆی لێ نیشت. بەهۆی پێکدادانی چەندین ئۆتۆمبێل و تەقینەوەی تانکەرێکی سووتەمەنی، یازدە مرۆڤی بێتاوان گیانیان لەدەست دا و حەوت کەسی دیکەش بە برینداری ڕەوانەی نەخۆشخانە کران. بەم کارەساتە دڵتەزێنە، دیسانەوە کوردستان کەوتەوە نێو ماتەم و شین و سەرەخۆشییەوە. هێشتا داخی کارەساتی پێشوو سارێژ نەبووبوو کە برینێکی نوێ کولایەوە؛ وەک ئەوەی نەهێڵن گەلی کورد تاوێک بە خەمی کۆن بحەسێتەوە! نەبوونی ڕێگاوبانی شیاو و ستاندارد، ئۆتۆمبێلی بێکوالێتی و ناستاندارد و هاتووچۆی بێلێپرسینەوەی ئەو تانکەرانەی سووتەمەنی کە قازانجەکەیان دەچێتە گیرفانی چینێکی دیاریکراو و دووکەڵ و مەرگەکەشی تەنیا بۆ خەڵکی ئاسایی و چەوساوەیە، هۆکاری سەرەکیی پێکدادانەکانی ڕێگاوبانن کە کارەساتیان لێ دەکەوێتەوە.
ئیتر ئەمڕۆ دەبێت گشت لایەکمان لە خۆمان بپرسین؛ کەواتە ئەرکی ئەم بەناو نوێنەرانەی پەرلەمان، پارێزگار، فەرماندار و بەرپرسانی ڕێگاوبان و شارسازی چییە؟ بۆچی کاتێک باس دێتە سەر سێدارە، سەپاندنی سزای قورسی دادگاکان و ڕاوەدوونانی هاونیشتمانیان لەسەر پرسە نەتەوەیی و سیاسییەکان، هەموو شتێک لە چاوتروکانێکدا جێبەجێ دەکرێت و گشت لایەنە پێوەندیدار و ناپێوەندیدارەکان یەک دەگرن؛ کەچی کاتێک داخوازییەکی سادە و دەیان ساڵەی خەڵک بۆ هەبوونی ڕێگەیەکی سەلامەت و گونجاو دەخرێتە ڕوو، ساڵانێک لە بێدەنگی، خەمساردی و کەمتەرخەمی بەرهەمەکەی دەبێت؟ چەند ڕۆژێک بە ڕواڵەت هاوسۆزی نیشان دەدەن و پاشان هەموو شتێک هەتا کارەساتێکی دیکە لەبیر دەچێتەوە، کورد گوتەنی جارێکی دیکەش: «هەمان تاس و هەمان حەمام»!
مەخابن لەم ڕۆژانەدا داخ و ژانی کوردستان تەنیا بە کارەساتی ڕێگاوبانەکانەوە قەتیس نەما؛ هەر لەم ڕۆژانەدا، هەواڵی ئازار، ئەشکەنجە و کوشتنی دڕندانەی کچێک، ویژدانی کۆمەڵگەی هەژاند و ڕۆحی هەمووانی بریندار کرد. لە ڕوانگەی یەکەمەوە، ڕەنگە سووتانی تانکەرێک لەسەر شەقام و کوشتنی ژنێک لەوپەڕی نامۆیی و بێدەرەتانیدا دوو بابەتی لەیەک جیاواز بن، بەڵام لە ڕاستیدا هەردووکیان لە یەک سەرچاوەوە سەرهەڵدەدەن. پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: دامودەزگە پێوەندیدارەکان پێش ڕوودانی ئەم هەموو کارەساتانە لەکوێ بوون و خەریکی چی بوون؟! کاتێک ژنێک دەبێتە قوربانیی توندوتیژی، جگە لە بکوژەکە، تاوانباری دیکەش هەن کە دەبێت ئاماژەیان پێبکەین. ئەگەر ئەو ژنە چەندین ڕۆژ بوو بێسەروشوێن کرابوو و هەڕەشەی مەرگی لەسەر بوو، ئەگەر هاواری بێدەسەڵاتیی ئەو نەبیسترا؛ ئەی دەزگای دادوەری، پۆلیس و فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی بۆچی نەیانتوانی بەهانایەوە بچن و ڕێ لەم کارەساتە بگرن؟ کاتێک کچێک لەژێر ئەشکەنجەدا دەناڵێنێت، دەبێت چ سیستەمێکی نەخۆش و چ بۆشاییەکی قووڵی یاسایی و کۆمەڵایەتی هەبێت کە وا دەستی زۆرداران و تاوانباران بۆ خوێنڕشتن ئاوەڵا دەکات و هیچ یاسایەک ناتوانێت پێش بەم دیاردەیە بگرێت؟
هەمان لۆژیک بۆ ڕێگاوبانەکانیش دروستە؛ کاتێک تانکەرێکی سووتەمەنی دەتەقێتەوە، ناکرێت هەموو تاوان و هەڵەکە بخرێتە ئەستۆی شۆفێرەکە؛ ناوەندەکانی گواستنەوە، ڕێگاوبان، ناوەندەکانی پشکنینی تەکنیکیی ئۆتۆمبێل، شارەوانی و بەڕێوەبردنی قەیران کەی بڕیارە وەهۆش بێنەوە؟ ئەرکی کام لەم دامەزراوانە بوو پێش ئەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە ببنە بۆمبێکی چێنراو، پێشوەختە مەترسییەکە بنبڕ بکات؟ بێگومان بەرپرسیارێتیی تاکەکەسیی بکوژ یان شۆفێری سەرپێچیکار لە جێی خۆیدایە و دەبێت لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا بکرێت، بەڵام نابێت ئەم بەرپرسیارێتییە ببێتە قەڵغانێک بۆ شاردنەوەی کەمتەرخەمیی دەسەڵات و دامودەزگەکان. حکوومەت تەنیا بۆ ژماردنی تەرم و دەرکردنی پەیامی سەرەخۆشی دانەمەزراوە؛ ئەرکی سەرەکیی دەسەڵات، پێشگرتنە لە کارەسات و کەمکردنەوەی مەترسییەکان بۆ نزمترین ئاست. ئەگەر ژنکوژی ببێتە دیاردە، کەواتە سیستەمی پاراستنی ژن و خێزان ئیفلیج بووە؛ ئەگەریش ڕێگاوبانەکانمان بوونەتە کوورەی مەرگ، کەواتە چەمکی چاودێری و بەرپرسیارێتی لەم وڵاتەدا بووەتە گاڵتەجاڕییەکی تاڵ.
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە؛ کۆمەڵگەیەک کە تەنیا دوای لەدەستدانی ڕۆڵەکانی ئاماری قوربانییەکان بژمێرێت و چەند ڕۆژێک شیوەن بگێڕێت و پاشان بێدەنگ بێت، بەختیارییەکەی ئەستەمە. ئێمە پێویستمان بە ڕابوون و ڕێگریی پێش کارەسات هەیە، نەک پاساوی پووچ و بەڵێنی بێبنەما لە دوای بەخاکسپاردنی قوربانییەکان کە بەردەوام لە زاری بەرپرسانی گەندەڵەوە دەبیسترێت!
ئەم ئازار و کارەساتانە لەخۆڕا ڕوو نادەن؛ داڕمانی ئابووری، ناکارامەیی دەسەڵاتداری، گەندەڵیی سیستەماتیک و خەمساردیی بەئەنقەستی بەرپرسان، کۆمەڵگەی گەیاندووەتە لێواری داڕمانێکی دەروونی و ڕۆحیی سامناک. کاتێک بەهای مرۆڤ لە سیاسەت و یاساکاندا بسڕدرێتەوە، ئاکامەکەی دەبێتە شەقامگەلی پڕ لە مەرگ و ماڵگەلی پڕ لە توندوتیژی. کاتی ئەوە هاتووە بەرپرسان لەجیاتی بێدەنگی و دروشمی بێکردەوە، وەڵامی ئەوە بدەنەوە: بۆچی گیانی شیرینی مرۆڤ لەم جوگرافیایەدا هێندە هەرزان کراوە؟!