کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاکستان هۆشداریی جیددی بە حوسییەکانی یەمەن دا

14:59 - 18 خەرمانان 2726

لە دوای هێرشی گرووپی تێرۆریستیی حوسییەکان بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاسایی عەرەبستان کە بووە هۆی برینداربوونی ٧٣ کەس، پاکستان هۆشداریی جیددیی دایە ئەو گرووپە و ڕایگەیاند: هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر هەر یەک لە ئەندامانی «هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە» وەک هێرش بۆ سەر سەرجەم هەموو ئەندامان بە ئەژمار دێت.

خاجه ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان، لە لێدوانێکدا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بە تەواوی پابەندە بەو ڕێککەوتننامە بەرگرییە هاوبەشەکەی مەککە کە بە "هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە" ناسراوە و لەنێوان پاکستان، تورکیە و عەرەبستان واژۆ کراوە.

ناوبراو هۆشداریی دا کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشەکان یان تەشەنەسەندنی شەڕی یەمەن بۆ سەر خاکی عەرەبستان، ماددەکانی پەیوەندیدار بە بەرگریی هاوبەش چالاک دەبن و پاکستان وەک پابەندبوون بە ئەرکەکانی خۆی، وڵامی حوسییەکان دەداتەوە.

هەروەها وەزیری بەرگریی پاکستان لە درێژەی قسەکانیدا، حوسییەکانی وەک " ئەکتەرانی غەیرە دەوڵەتی" ناو برد.

ئەم هۆشدارییەی پاکستان دوای ئەوە هات کە حوسییەکانی یەمەن هێرشێکی مووشەکی و درۆنیی بەرفراوانیان بۆ سەر ناوچە و ژێرخانە ئابوورییەکانی باشووری عەرەبستان وەک ئەبها، خەمیس مەشیت، جازان و نەجران ئەنجام دا و بەپێی ئامارەکان، لانیکەم ۷۳ هاووڵاتیی مەدەنیی ئەو وڵاتە بریندار بوون.

شایانی باسە هێزەکانی ئەرتەشی یەمەن لە ماوەی ڕۆژرانی ڕابردوودا چەندین شار و ناوچەی ژێردەسەڵاتی حوسییەکانیان وەرگرتووەتەوە و بەرەو سەنعا پێشڕەوی دەکەن و لەوبارەوە سەرکەوتنی گەورەیان بەدەست هێناوە.

هەروەها ئەمڕۆ ئەرتەشی یەمەن لە بەرەی کەدحە لە ڕۆژاوای تەعز لە باشووری ڕۆژاوای یەمەن، دەستیان بەسەر چەند بنکەی حوسییەکاندا گرتووە.

هاوکات بنکەکانی میهال، مەکازمە، گردەکانی حەمرا، سەودا و شیکی لە بەرەی کەدحە لە دەستی ئەو گرووپە دەرهێندراون.

لەوبارەوە عەبدولعەزیز مەجیدی، فەرماندەیی سەربازیی تەعز رایگەیاند، ئەرتەشی یەمەن ئەمڕۆ چوارشەممە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ دژ بە حوسییەکان کردووە.

مەجیدی جەختی کردەوە، هێزە چەکدارەکانی بەرەی تەعز و هێزەکانی بەرگریی نیشتمانیی یەمەن لەو هێرشانەدا پێشڕەوییەکی مەیدانیی سەرکەوتووانەیان بەدەست هێناوە.

گرووپی چەکداریی حوسییەکانی یەمەن یەکێک لەو گرووپانەی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین کە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەستیان بەسەر چەندین پارێزگای یەمەن پێتەختی ئەو وڵاتەدا گرتووە و بەهۆی هەوڵە تێرۆریستییەکانیەوە، لەلایەن چەند وڵاتدا وەک ڕێکخراوەیەکی تێرۆریستیی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.