دەوڵەتی بریتانیا وەک گوشارێکی تازە بۆ سەر تاران، نیشتنەوەی سەرجەم فڕۆکەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە خاکی وڵاتەکەیدا قەدەغە کرد و سنووردارکردنی نوێی خستە سەر دەستڕاگەیشتنی ئێران بە سیستەمی دارایی و بازاڕەکانی بریتانیا.
لە چوارچێوەی زنجیرە ڕێنماییەکی تازەدا بۆ توندکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران، لەندەن زنجیرەیەک بڕیاری توندی دژی تاران بڵاو کردەوە.
بڕیارەکان ڕێگری لە نیشتنەوەی فڕۆکەکانی ڕێژیمی ئێران دەکەن مەگەر بە بەخشینی تایبەت، هاوكات قەدەغەکردنی بازرگانی لە کەرتەکانی تێکنۆلۆژی، کاڵا و خزمەتگوزارییەکان فراوانتر دەکەن.
جگە لە کەرتی ئاسمانی، ڕێنماییە نوێیەکان دەسەڵاتی فراوانتر دەدەنە دەوڵەتی بریتانیا تا ڕاستەوخۆ ئەو کەشتییانە بپێکێت کە پەیوەندییان بە کۆماری ئیسلامییەوە هەیە.
بەرپرسانی بریتانیا جەخت دەکەنەوە کە ئەم هەنگاوە توندانە بەشێکن لە ستراتێژیی گشتگیرتر بۆ سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی و بەرپەرچدانەوەی چالاکییە ناوچەییەکانی ڕێژیمی ئێران.