سی ئێن ئێن- فریدا غیتیس/ و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
چل ڕۆژ دوای کوژرانی مەهسا ئەمینی دوای گیرانی لەلایەن گەشتی خۆتێهەڵقوتێنەری ئیرشادی ئێرانەوە، ئەو خۆپیشاندانەی مردنی ناوبراو چەخماخەکەی لێدا، بەربڵاوتر، سەرکێشانەتر و بڕوابەخۆتر بووە. ئەوان هەروەها ئەرکی ئەخلاقیی دنیایان بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی زیاتر قورستر کردووە.
لە شاری شوێنی لە دایکبوونی ئەمینی، سەقز، شوێنی ناشتنی ئەو کچە ٢٢ ساڵەیە، هەزاران کەس سەرپێچییان لە پۆلیس کرد و کۆ بوونەوە تا ڕۆژێکی گرینگ لە پرۆسەی ماتەمینەکەدا تۆمار بکەن، ئەگەرچی هێزە ئەمنییەتییەکان گولـلە و گازی فرمێسکڕێژیان پێوە دەنان. هەروەها خۆپیشاندان لە ژمارەیەک شاری دیکەش بەڕێوە چوون: لە ئیسفەهان، ژنان بە بڕوابەخۆبوونەوە لەچکەی ڕەشیان هەڵدەسووراند و هاواریان دەکرد "ئازادی، ئازادی!". لە شیراز ژنی لاو بە متمانەوە بە پیادەڕۆیەکانی شاردا بە سەری ڕووت دەگەڕان و پرچەکانیان بە شنەی با دەشەکایەوە کە ئەمە پێشێلکردنی یاسای ئێرانییە. لە ئامۆل، شوێنێک کە کاربەدەستان تەقەیان لە خۆیشاندەران کرد و لێیان کوشتن، ژن و پیاوی بەبێ چەک ڕاستەوخۆ بەرەو هێزی ئەمنیەتی چەکدار دەڕۆیشتن، چۆکیان دادەدا، دەستەکانیان بەرز دەکردەوە و ڕایاندەگەیاند ئامادەن لەپێناو مافەکانیاندا بمرن.
لە کاتێکدا کوژرانی ئەمینی بۆتە چەخماخەی ئەو سەرهەڵدانە، ئەوە لەچکەی زۆرملێ، یان حیجابە کە بۆتە سیمبۆلەکەی، چونکە تێکهەڵچوونەکەی دەگەڵ گەشتی ئیرشاد بۆ ژمارەیەکی زۆر ژن ئاشنا بوو. ئەو مانگی ڕابردوو کاتێک لە شاری خۆیەوە لە ناوچە کوردییەکانی ئێران بە سەردان چوبوو بۆ تاران، بە بیانووی دانەپۆشینی خۆی بە شێوەی گونجاو، سووکایەتییەک کە ژنانی ئێرانی بەردەوام لەبەر پێشێلکردنی بچووکی یاسای حیجاب بەرەوڕووی دەبنەوە، دەستبەسەر کرا. دواتر کاربەدەستان ئیدیعایان کرد ئەمینی، کاتێک لە "ناوەندێکی ڕاهێنانەوە" بوو لەبەر نەخۆشی مردووە. بنەماڵەکەی دەڵێن ئەو تەندروستییەکی بێخەوشی هەبوو.
لە حەوتووەکانی دوای ئەو ڕووداوەوە، ڕێژیم سەدان خۆپیشاندەری ئاشتیخوازی کوشتووە، لە نێویاندا ڕێژەیەکی زۆر منداڵ و لەپێش هەمووانەوە ژنی لاو. یەکێک لەو هەرزەکارانەی بوێرییەکەی و کوژرانەکەی بۆتە هۆی هاواری خۆپیشاندانەکان نیکا شاکەرەمی-یە، کیژێکی ١٦ ساڵە کە مانگی ڕابردوو دوای ڕاوەشاندنی لەچکەکەی لە خۆپیشاندانێکی تاران و پاشان ئاگرتێبەردانی لەچکەیەک لەبەر چاوی تاقمێکی بچووک، بێ سەرو شوێن بوو.
دواتر نیکا بە مردوویی دۆزرایەوە. ئەگەرچی مێدیاکانی دەوڵەتی ئێران ئیدیعایان کردووە مردنەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە خۆپیشاندنەکانەوە نەبووە، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی سی ئێن ئێن، گرتەیەکی ڤیدیۆیی و شایەتیی کەسێک ئاشکرای دەکەن ئەو دوای خۆپیشاندانەکە لەلایەن بەسیجی لیباس شەخسییەوە، هێزی ئەمنیەتی کە ڕێژیم کەڵکی لێ وەردەگرێ تا خۆپیشاندانەکان سەرکوت بکات، ڕاوەدوو نراوە.
شایەتحاڵان بە سی ئێن ئێنیان گوت ئەوان ئەو شەوی دوای خۆپیشاندانەکان نیکایان لەنێو تاقمی خۆپیشاندەراندا دیتووە کە دەستبەسەر کراوە. ئەوە دوایین جار بوو کە ناوبراو دیتراوە، چەند ڕۆژ بەر لەوە جەستەی ئەشکەنجە کراوەکەی بدرێتەوە بنەماڵە تازیەبارەکەی. ئێستا دایکی نیکاش دەچێتە خۆپیشاندانەکان.
بوێریی ئێرانییان، لاو و بەساڵداچوو، کە هەموو شتێکیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ئەگەری ئازادی، بەپێچەوانەی پێشبینییەکانی چاودێرانی بیانییە. بە وەبیرهێنانەوەی سەرهەڵدانە ناسەرکەوتووەکانی پێشوو، زۆریان دەلیلیان دەهێناوە کە هێزی ئەو یەکەیان، بە هاواری "ژن، ژیان، ئازادی،" کەمێک لە تراویلکەی مەحکووم بە شکستی سۆشیال مێدیا بەهێزترە.
بەڵام ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن. دوای حەوت حەوتوو، ئەوان لە سەرجەم سەرهەڵدانەکانی دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ کە ڕێژیمی پەهلەویی ڕووخاند و بووە هۆی هاتنەسەرکاری حکوومەتی ئایینیی هەنووکەیی، بەردەوامتر بوون و ئەو ناڕەزایەتییانە لە ئەوانی پێشووتر جیاوازن. لە ٢٠٠٩، جووڵانەوەی سەوز پشتیوانیی لە کاندیدایەکی ڕێفۆرمخواز دەکرد. لە ٢٠١٩، خۆپیشاندەران باسی مەرجە دژوارەکانی ئابوورییان دەکرد. ئەمجارە، ژنان و ئەو پیاوانەی تێکەڵیان بوون هاوار دەکەن، "مردن بۆ دیکتاتۆڕ." ئەوە پرسی رێفۆرم نییە. ئەوە ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتییە.
با ڕووڕاست بین. لە یەکەم ڕۆژی خۆپیشاندانەکانەوە، ئەوە ئیلهامدەر، بەڵام هاوکات ترسێنەر بووە چاوی لێ بکەی. ئێمە نەماندەزانی کۆماری ئیسلامی توانایی ئەنجامدانی چ کارهایەکی هەیە. ئێمە بۆ سەلامەتیی ئەو خەڵکە ئازایە بەپەرۆشین و، هاندانیان نابەرپرسانە دێتە بەرچاو. هەر چۆنێک بێ شانسی سەرکەوتنیان زۆر نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان هەڵیانبژاردووە درێژە بە خەباتیان بدەن. ئەوان شایانی هاوپشتیی ئێمەن.
وەک تاقمێکی ١٢ کەسیی وەزیرانی ژنی کاروباری دەرەوە لە لێدوانێکدا لە ٢٦ی ئۆکتۆبر ڕایانگەیاند، "ئێمە ئەرکی ئەخلاقیمان هەیە" پشتیوانی لەو جووڵانەوە بە ڕێبەریی ژنان بکەین. بەڵام خەڵکی خوازیاری ئازادیی لە ئێران پێویستییان بە شتێکی زۆرتر لە پشتگیریی سیمبۆلیک هەیە، ئەگەرچی سیمبۆلیش گرینگە.
وڵاتە یەکگرتووەکان و زلهێزەکانی دیکەی ڕۆژاوایی هەمیشە لە پشتگیریی خۆپیشاندەرانی ئێرانی نیگەران بوون، چونکە ڕێژیم هەر ئێستا ئەوانەی دژایەتی دەکەن ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ ئەوانە دەسکیسی ڕۆژاوان. بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما ئیزنی دا نیگەرانییەکی ئەوتۆ پێشی بە وەڵامدانەوە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٠٩ بگرێ. بەڕێوەبەرایەتیی بایدن هەوڵ دەدا خۆ لە دووپاتکردنەوەی ئەو هەڵەیە ببوێرێ. هەر ئێستا، واشینگتۆن چەند جار پشتگیریی خۆی بۆ جووڵانەوەی ئەمجارە دەربڕیوە. ڕۆژی چوارشەممە، وەزارەتی کاروباری دەرەوە ئابلۆقەی نوێی دژی ئەو ئێرانییانەی لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانەوە تێوەگلاون ڕاگەیاند.
ئەوە دەستپێکێکی باشە. هەر کاربەدەستێکی ڕێژیم، میلیشیای بەسیج، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئێران، کە دەستیان لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکاندا هەبووە دەبێ پێشیان پێ بگیرێت بێنە نێو خاکی ئەمریکا. وڵاتانی دیکەش دەبێ ئەو هەڵوێستە بگرنە بەر.
بەڵام دەکرێ زۆر کاری دیکەش بکرێن. ئەو حەوتوویە ئاڵمان ڕایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخەکە، چیدیکە ناتوانن "وەک نە بای هاتبێ و نە باران" دەگەڵ ئێران هەڵسوکەوت بکەن، بۆیە وەڵامێکی بەربەرینی دیپلۆماتیک دەداتەوە کە پێداچوونەوە بە پەیوەندییە بازرگانی و دارایی دوولایەنە، پشتگیریی لە ڕێکخراوە ناحوکوومییەکانی چاودێری تاوانەکانی دژی خۆپیشاندەران و پەرەپێدان بە پارێزگاریی لە "ئەو ئێرانییانەی ئەگەری زەرەرمەندبوونیان لە سەرێیە،" لەگەڵ هەوڵی دیکە، دەگرێتە خۆ.
وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی دیکەی، دێموکراسییەکان لە سەرانسەری دنیا و هەر وڵاتێک کە دژی ئاکارەکانی ڕێژیمن دەبێ یەک بگرن تا ئێران لە ڕوانگەی دیپلۆماتیکەوە تەریک بخەنەوە. پەیوەندییە دیپلۆماتیکەکان دەبێ درێژەیان هەبێ، بەڵام تا ئەوکاتەی ئێران خۆپیشاندەران دەکووژێ، پەیوەندییەکان دەبێ لە ئاستێکی نزمدا بن. هەروەها ئێران دەبێ لە کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆخی ژنان وەدەر بنرێ، چونکی بوونی ئەو لەویدا گاڵتەجاڕییە.
ئەوسا دەگاتە پرسی وەلانانی ڕێککەوتنی ناوکی ٢٠١٥، بەرجام، کە بەرێوەبەرایەتیی بایدن لە هەوڵی زیندووکردنەوەیدا بووە. هەنووکە، دانوستانەکان بۆ ژیاندنەوەی ڕێککەوتنەکە، کە بەمەبەستی وەدوا خستنی توانایی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی داڕێژراوە، بۆیە ڕاوەستاون چونکە ئێران بەردەوام مەرجەکان زیاتر دەکات. وەزیری کاروباری دەروە، ئانتۆنی بلینکەن گوتوویەتی ئەو چاوەڕوانی گەڕانەوە بۆ بەرجام لە "داهاتوویەکی نزیکدا" ناکات. لێدوانێکی ئەوتۆ بەو مانایەیە کە هەوڵی ژیاندنەوەکەی بەتەواوی کۆتایی نەهاتووە.
وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانی دەیانهەوێ پێش بە ئێران بگرن تا دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات، ئەوە شتێکە کە ناکرێ بخرێتە ژێر پرسیار. بەڵام دەستپێکردنەوەی ڕێککەوتنەکە دەتوانێ سەدان میلیارد دۆڵار بداتە رێژیمێک کە هەنووکە خۆپیشاندەری ئاشتیخواز دەکووژێ، ڕووسیە بە درۆنی کوشندە تەیار دەکات کە بۆ کوشتنی خەڵکی بێ تاوانی ئوکراین کەڵکیان لێ وەردەگرێت و درێژە بە پشتیوانیی لە تاقمی تێرۆریست لە سەرانسەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەدا. لانی کەم، ئاقڵانەبوونی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی دەبێ دیسان هەڵسەنگێندرێتەوە.
ئازایەتیی بێوچانی ژنانی ئێرانی، خەڵکی ئێران، تاقیکارییەکی بەوەختە بۆ باقی دنیا. ئەوان شایانی شتی زۆرتر لەوەن کە تا ئێستا پێیان دراوە.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٤ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.